رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەردەشت لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە بە تەقەی هێزەکانی سەربازییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا. بەوەش کۆی ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا لە سنووری بانە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 7 کەس.
ئێوارەی رۆژی 31-08-2022 هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت، تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی ساڵح رەشیدزادە کردووە و کوشتوویانە.
ساڵح رەشیدزادە، خەڵکی گوندی قەلەڕەشەی سەر بە شاری سەردەشت بووە و زستانی ساڵی 2019 برایەکیشی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری کانی سێو لە ناوچەی سەردەشت، گیانی لە دەستداوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی 40 رۆژی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەدا لانیکەم 7 کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژراون.
شەوی سێشەممەش کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی کانی زەرد، سەر بە شاری سەردەشت، لە سنووری نۆکان تەقەی لێکراوە و بریندار بووە. ئەو کۆڵبەرەش خێزاندارە و منداڵێکی چوار ساڵانی هەیە.
کۆڵبەرەکان لە دەروازە نیمچەفەرمییە سنوورییەکانەوە کاڵا و کەلوپەلیان دەگواستەوە. بەڵام حکومەتی ئێران ساڵی 2017 رایگەیاند، بۆ رێکخستنی سنوورەکان بازاڕچە و دەروازە نیمچە فەرمییەکان دادەخات.
لەو کاتەوە ساڵانەدا زۆرجار بەرپرسان گوتوویانە سنوورەکان رێکدەخەنەوە و بە پلانی نوێ رێڕەوە کۆڵبەرییەکان دەکەنەوە، بەڵام هیچیان سەری نەگرتووە.
کۆڵبەرەکان دەڵێن، پشتگوێخستنی ناوچە سنوورییەکان و دۆخی خراپیی ئابووری، جگە لە کۆڵبەری رێگەی دیکەی بۆ خەڵک نەهێشتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ