وەزیری ناوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلا لە پارێزگای وان رادەگەیێنێت

01-09-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر 

لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پەکەکەی لە پارێزگای وان راگەیاند. 
 
سلێمان سۆیڵو لە تویتەکەیدا کە رۆژی پێنجشەممە 1-9-2022 نوسیوویەتی، دەڵێت، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە ئابڵوقە-35 کە لە پارێزگای وان بەڕێوەدەچێت، سێ گەریلا کرانە ئامانج کە یەکێکیان فەرماندەی ناوچەکە بوو و، لە لیستی رەنگی پرتەقاڵی داواکراواندا بوو.  
 
رۆژی 24ی ئابی 2022، ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا بڵاویکردەوە، لە سنووری شارۆچکەی ئێلباک لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان بە بەشداریی 622 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان، فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە و هێزی گوندپارێزان، ئۆپەراسیۆنی ئابڵوقە-35 دەستیپێکرد. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ساڵانە "ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دادەڕێژێت و بە ئۆپەراسیۆنە وەرزییەکان ناوی دەبات. 
دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی زستانە بە ناوی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرەن کە بە 34 قۆناخدا تێپەڕی، زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی بەهار و هاوینە دەستیانپێکرد. رۆژی 17ی نیسانی 2022 قۆناخی یەکەمی زنجیرە ئۆپەراسیۆنی بەهار و هاوینە بەناوی ئابڵوقە لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو.  
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکان کە لە باکووری کوردستان ئەنجام دراون، 48 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەست بەسەر 54 حەشارگە و ئەشکەوت و کۆگەی چەکدا گیراوە و 11 سەربازیش گیانیان لەدەستداوە. هەپەگەش لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 14 سەرباز و گیانلەدەستدانی هەشت گەریلای راگەیاندووە. 
 
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەگەڵ گەریلا لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو نیسانی 2016ی خایاند. 
 
لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا پێنج جۆر زنجیرە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە باکووری کوردستان بە ناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان ئەنجامداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە