رووداو دیجیتاڵ
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی کاریان کرد، نوێنەری بایکۆتکاران دەڵێت، "ئەوانەی مانیان گرتووە زیاتر لە 600 پزیشک دەبن، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت، لە بایکۆتەکەیان بەردەوامدەبن."
رۆژی یەکشەممە 01-08-2023 دکتۆر زانا عەلی، نوێنەری پزیشکانی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە رووداو ئامادەی بوو گوتی، "بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان ناچنە سەر کارەکانیان و پێنجشەممە دوایین مۆڵەتە بۆ لایەنی پەیوەندیدار."
هەموو پزیشکێک کە دادەمەزرێت بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێتە پزیشکی نیشتەجێی خولاو، کە هەر ماوەیەک لە بنکەیەکی تەندروستی دەوام دەکات، 90٪ـی کاری نەخۆشخانەکانیش لەلایەن ئەو پزیشکانەوە جێبەجێ دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 31ـی تەممووز، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پزیشکانی پلەبەند راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێدا ئاماژەیان بەوە کرد، "لەپاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 44 رۆژ بەسەر دابەشکردنی کۆتا مووچە و ناروونی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 6 و 7، دەوامی سەرجەم نەخۆشخانەکانی ناو شاری سلێمانی، دەرەوەی سلێمانی فریاکەوتنەکانی ناو شار و دەرەوەی شار، بنکە و مەڵبەندە تەندروستیەکان و سەنتەرەکان، بایکۆت دەکەین تاوەکو داواکاریەکانمان جێبەجی دەکرێت."
هەر ئەمڕۆ بەشێک لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەندی نەخۆشخانەی شار لە پێش نەخۆشخانەکە گردبوونەوە و یەکێک لە پزیشکەکان بە پێشەوا بەختیار پەیامنێری رووداوی گوت، بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی مانگی شەش و حەوت گردبوونەتەوە، چەندینجار رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە مووچە لەکاتی خۆی دابەشبکرێت و جێبەجێ نەکراوە، "گردبوونەوەی ئێمە بۆ ئەوە نییە دوای دوو رۆژ بڵێن مووچەی مانگی شەش دابەشدەکرێت، بۆ ئەوەیە لەمەولا دوای 30 رۆژ مووچەمان پێ بدرێت."
بەشێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجەش بایکۆتی دەوامیان کرد، یەکێک لە کارمەندان لە پێش نەخۆشخانەکە قسەی بۆ سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، "مووچە مافی خۆمانە ناماندەنێ، هەموومان منداڵی نەخۆش و خوێندکاری هەیە و کرێ خانووش دەدەین."
تاوەکو ئێستا پزیشکانی تایبەتمەند و کارمەندانی دیکەی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی کاریان نەکردووە، لەوبارەوە هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت، " پزیشکانی تایبەتمەند و کارمەندان بایکۆتیان نەکردووە، بەڵام داوامان کردووە دەوامیان کەمبکەنەوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، ئەگەر تا ئەو کات مووچە دابەشنەکرا ئەوە هەفتەی داهاتوو بایکۆت دەکەین."
ئەمڕۆ 1ـی ئابەوە و تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی حوزەیران لە هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە، بەهۆیەوە لە بەشێکی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی فەرمانبەران بایکۆتی کاریان کردووە و ئەمڕۆ بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێ خوڵاو و پلەبەندیشی بەدواداهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ