وەزارەتی ئەوقاف لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو مامۆستا ئایینییە دەکات گوایە هاوژینیی میسیاری لەگەڵ چەند ژنێک کردووە

01-05-2024
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو مامۆستا ئایینییە دەکات گوایە هاوژینیی میسیاری لەگەڵ چەند ژنێک کردووە. سەرچاوەیەک لە ئەوقافی هەولێریش دەڵێت، هێشتا هیچ بەڵگەیەک لەبارەی تۆمەتبارکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە نییە.
 
رۆژی 23-04-2024، تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکی بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو مامۆستایەکی ئایینی لە هەولێر لەلایەن چەند ژنێکەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت بەشێوەی "میسیار" ژیانی هاوژینی لەگەڵ پێکهێناون و دواتر لێیان جیابووەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی 30ـی نیسان وەزارەتی ئەوقاف لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەوبارەوە پێکهێناوە. 
 
ئەو مامۆستا ئایینییە پێشتر گوتارخوێن بووە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقافەوە دوورخراوەتەوە. 
 
سەرچاوەیەک لە ئەوقافی دەورووبەری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت: "هێشتا هیچ بەڵگەیەک لەبارەی تۆمەتبارکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە نییە. ئەوەی هەیە تەنیا قسەیە. چاوەڕوانین ئەو لیژنەیەی پێکهێندراوە دەست بە کارەکانی بکات". 
 
ئەو بەرپرسەی ئەوقافی دەورووبەری هەولێر گوتی، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی رووداو، پەیوەندیی بەو مامۆستا ئایینییەوە کردووە و پێی گوتووە، ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵی دروست نین. 
 
یەکێک لەو ژنانە بۆ رووداو قسەی کرد، دەڵێت، تەنیا بۆ پرسیارێکی شەرعی لە "سناپ چات" نامەی بۆ مامۆستا ئایینییەکە ناردووە و پرسیاری لەبارەی فرۆشتنی خانوویەک لێکردووە و کاتێک مامۆستا ئایینییەکە زانیویەتی دۆخی دارایی خراپە، پێی گوتووە، هاوکاری دەکات و دواتریش لە رێگەی نامە گۆڕینەوەوە پێشنیازی هاوژینیی "میسیار"ی بۆ کردووە.
 
ئەو مامۆستا ئایینییەی ئەو ژنە باسی دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەر و گوێگرێکی زۆری هەیە، تەمەنی 45 ساڵە و هاوژین و سێ منداڵیشی هەیە؛ دوای ئەوەی ئەو ژنەی بلۆک کردووە، بە هاوڕێیەکی پەیامی بۆ دەنێرێت کە لێی جیابووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد.

لە دهۆک بەڵگەفیلمی 'هەڵۆی بادینان' نمایش دەکرێت

تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.