رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی ئەم مانگەدا یەکەم کاروانی حاجییان لە شاری هەولێرەوە بەرەو سعودیە لە رێگەی هێڵی ئاسمانییەوە بەڕێدەکەوێت. خاوەنی کۆمپانیایەکی حەج و عەمرەش دەڵێت، گەشتی وشکانی پێش ئاسمانی دەبێت و دوای 10ی مانگ دەستپێدەکات.
ئامادەکارییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە دابینکردنی هۆتێل بۆ حاجییان، خواردن، هاتووچۆ و تەندروستی تەواو بوون. بڕیارە یەکەم کاروانی حاجییان لە شاری هەولێرەوە بەڕێبکەوێت و لە ماوەی حەوت بۆ هەشت رۆژدا هەموویان بگەنە سعودیە.
هەر بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە 18ی ئەم مانگەوە گەشتی عەمرە تاوەکو دوای حەج رادەگیرێت.
نایف ئاسوودە، خاوەنی کۆمپانیای گەشتی ئاسودە، کە ئەم ساڵ لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە حاجییان دەبەنە سعودیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامادەکارییەکان تەواو بوون و لەنێوان 20 بۆ 25ی ئەم مانگە یەکەم گەشتی حاجییان لە شاری هەولێرەوە دەستپێدەکات.
بە گوتەی نایف ئاسوودە، هەر کۆمپانیایەک مافی هەیە 47 بۆ 48 هاونیشتمانی بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بباتە سعودیە؛ دەشڵێت، گەشتی وشکانی پێش ئاسمانی دەبێت و لەدوای 10ی ئەم مانگە دەستپێدەکات.
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعودیە؛ پشکی هەرێمی کوردستان 4174 کەسە.
بۆ ساڵی 2024 نرخی حەج بە رێگەی ئاسمانی، 4800 هەزار دۆلار و بە وشکایی 4000 دۆلارە.
لە حەجی ساڵی 2023دا 4685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە، کە 720ـیان بە رێگەی وشکایی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ