رووداو دیجیتاڵ
جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەڵێت، تاوەکو ئێستا نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران پارەی بۆ پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان خەرج نەکردووە و ئەگەر پارەیان بۆ خەرج نەکرێت، کارەکانیان رادەگرن. قایمقامی دەربەندیخانیش دەڵێت، تاوەکو رۆژی یەکشەممە بڕی یەک ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرج دەکرێت.
بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە 01-05-2024 نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای ئۆهیتان، جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان خەرج بکات.
هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە رووداوی گوت، لە 18ی نیسانەوە ستافیان لە پڕۆژەکەدا کار دەکەن، بەڵام پێویستیان بە هەندێک ئامێر هەیە کە دەبێت هاوردەیان بکەن؛ بۆ ئەوەش پێویستیان بە پارەیە، بەڵام بۆیان خەرج ناکرێت.
بە گوتەی هێمن سلێمان، دەبێت نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران پارەیان بۆ خەرج بکەن، بۆئەوەی ئەوانیش بتوانن ئامێرەکان هاوردە بکەن، بەڵام تائێستا دیار نییە کەی پارەیان بۆ خەرج دەکەن.
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەڵێت، بڕیار بووە پڕۆژەکە بە هەشت مانگ تەواو بکەن، بەڵام بەهۆی خەرج نەکردنی پارەوە رۆژ دوای رۆژ دوادەکەوێت.
هێمن سلێمان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پارەیان بۆ خەرج نەکرێت، ئەوە کارەکانیان رادەگرن.
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخانیش دەڵێت، ئەمڕۆ پەیوەندیی بە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانەوە کردووە و بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە. دەشڵێت، "ئاگاداریان کردینەوە تاوەکو یەکشەممە لیژنەیەک وەکو چاودێری کاروباری دارایی پێکدەهێندرێت و لە رێگەی ئەو لیژنەیەوە پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە خەرج دەکەن."
رۆژی 13-04-2024 کۆمپانیای ئارکیتێکت لەژێر چاودێریی قایمقامیەت و نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران گرێبەستی خەرجکردنی پارەی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان واژۆ کرد.
بەگوێرەی گرێبەستەکە، بڕیارە پێنج ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجبکرێت؛ لە 1ی ئایارەوە مانگانە یەک ملیۆن دۆلار دەدرێتە کۆمپانیاکە.
پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان لە 14-02-2014ـەوە بەردی بناخەی دانراوە و دەبوو لە ماوەی 365 رۆژ کارەکانی تەواو بووایە، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە کارکردن تێیدا وەستا. ئێستا نزیکەی 60٪ـی کارەکانی تەواو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ