رووداو دیجیتاڵ
دەزگای گشتیی کاروباری مین/سلێمانی رایگەیاند، شەوی رابردوو لەنێو ماڵێک مین تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە پیاوێکی ئەو ماڵە گیانی لەدەستداوە کە لەدایکبووی ساڵی 1983یە و سێ منداڵی لە دوای خۆیدا بەجێهێشت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-02-2023، ئارام جەلال، بەڕێوبەری راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین/سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو لەنێو ماڵی هاونیشتیمانییەکدا بە ناوی ستار ئەحمەد مەمەند، لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی مین تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئەو پیاوە کە تەمەنی 40 ساڵ بووە، گیانی لەدەستداوە".
بەڕێوبەرەی راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین/سلێمانی باسی لەوەش کرد: "ئێمە نازانین ئەو پیاوە چۆن ئەو مینەی لەنێو ماڵی خۆیاندا هەبووە و بۆچی بووە، بەڵام کارمەندی دەزگای ئێمە نەبووە و لە هیچ رێکخراو و، دەزگایەکی تایبەتمەند بە مین کاری نەکردووە و ئێمەش بە رووداوەکە نیگەرانین".
مستەفا ئەحمەد، برای ستار، ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە، بە رووداوی گوت: "رووداوەکە شەوی رابردوو نزیکەی کاژێر 11:20 بووە، براکەم لەنێو ژوورێکی ماڵەکەی خۆیدا بووە و تەنیا بووە، بۆیە کەسی دیکە بریندار نەبووە، تاوەکو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و دراوسێکانیان بردوویانە بۆ نەخۆشخانە و پێیان گوتم: نەیدەتوانی هیچ قسەش بکات".
مستەفا ئەحمەد دەڵێت، "ستاری برام زیاتر لە حەوت ساڵ بوو شۆفێری تاکسی بوو، بەڵام پێشتر لە رێکخراوی ئێم ئەی جی کارمەند بووە بۆ ماوەی 5 ساڵ و تاوەکو 2015 لەوێ کاری کردووە، بەڵام لەوکاتەوە وازی هێناوە لەبەر سەلامەتیی گیانی خۆی، لەوکاتەشەوە قەت نەمبیستووە مینی هەبێت و مینی هەڵگرتبێت، ئەمڕۆش کە تیمەکانی ئاسایس هاتن هەرچەندە پشکنینیان کرد لە ماڵەکەی، جگە لەو مینە تەقیوە هیچی دیکەیان نەدۆزییەوە".
ئەو هاونیشتمانییەی کە گیانی لەدەستداوە سێ منداڵی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ