رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو سەردان (مواجهة) لە چاکسازیی گەورانی هەولێر دەستپێدەکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، 01-01-2024، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "12ـی مانگی رابردوو بە مەبەستی خۆپارێزی لە پەتای وەرزی سەردان (مواجهة)ـمان لە چاکسازیی گەورانی هەولێر راگرت، ئەوەش کارێکی باش بوو چونکە بەهۆی ئەو بڕیارەوە توانیومانە رێگری لەوە بکەین پەتای وەرزی لە دەرەوەی چاکسازییەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ نێو چاکسازییەکان."
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، "ئاگاداری بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێرم کردووەتە ئەگەر بارودۆخ باشە لەنێو چاکسازییەکان، هەفتەی داهاتوو سەردان دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە بڕیاربوو 15ـی ئەم مانگە دەستپێبکات، بەڵام بە گوێرەی ئاگاداریمان لە نێو چاکسازییەکان هیچ حاڵەتێک نییە و ئێستا بارودۆخەکە باشە بۆیە یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو 07ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات."
ئەوە یەکەمجار نییە لە چاکسازیی گەوران سەردان رادەگیرێت، 2022 هەر بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی، زیاتر لە مانگێک لە سلێمانی سەردان راگیرا.
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن.
تاوەکو 11-12-2023 لە نێو هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، پێنج هەزار و 418 سزادراو هەبوون کە هەزار و 180 سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر و 520ـیان بازرگان و 660ـیان بەکارهێنەرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ