شارەوانیی سلێمانی: ئەمڕۆ نزیکەی 2 هەزار تۆن زبڵ و خاشاکمان کۆکردووەتەوە

01-01-2023
ئەکرەم فەرەج
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە نزیکەی 2000 تۆن زبڵیان کۆکردووەتەوە، ئەو بڕەش زۆر زیاترە لە رۆژانی رابردوو.
 
بەپێی ئامارەکان، شەوی رابردوو نزیکەی 200 هەزار کەس لە شاری سلێمانی، بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا کردووە، ئاهەنگگێڕەکان لە دوای خۆیان زبڵ و خاشاکێکی زۆریان جهێشت و تیمەکانی شارەوانی و کۆمپانیاکانی زبڵ و خاشاک دەستیان بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکەکە کرد. 
 
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "رۆژانی ئاسایی، نزیکەی هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاک لە سلێمانی کۆدەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی هاتنی گەشتیاران و بەڕێوەچوونی ئاهەنگی سەری ساڵ لە شەقامی سالم، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، نزیکەی 2000 تۆن زبڵ و خاشاک لە سلێمانی کۆکراوەتەوە."
 
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی گوتی، دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، لە کاژێر 5ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە تاوەکو کاژێر 9ـی پێش نیوەڕۆ، سەرجەم تیمەکانی شارەوانی و کۆمپانیاکانی پاککەرەوەی شار، دەستیان بە پاککردنەوەی شار و شەقامی سالم، سەرچنار، شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە کردووە.

 

 
هەر ئەمڕۆ، ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، بۆ شەوی سەری ساڵی 2023، زیاتر لە 57 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی، لە کاتێکدا لە شەوی سەری ساڵی 2022دا 30 هەزار گەشتیار هاتبوونە سلێمانی.
 
سەبارەت بە رووداوەکانی سەری ساڵیش، عیرفان عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە رووداوی گوت، لە کاژێر 3ـی دوای نیوەڕۆی دوێنێ تاوەکو کاژێر 3ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، 114 رووداو روویانداوە.
 
بەگوتەی عیرفان عەلی، لەو ژمارەیە 41ـیان بەهۆی بەرکەوتنی یاریی ئاگرینەوە بووە و 31 دیکەیان برین بووە بەهۆی شەڕەوە، 9 کەسیش بەهۆی قەرەباڵخییەوە گوشاری خوێنیان دابەزیوە. هەروەها دوو برینداربوون بە چەقۆ هەبووە و تەنیا یەک کەس لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، کە زیان بە چاوی گەیشتووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە