رەیان کلدانی: نێچیرڤان بارزانی زۆر هەوڵی دا و بە دەستپێشخەرییەوە هات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

31-08-2022
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون رایگەیاند، سوپاس "بۆ دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ئەو پیاوە زۆر هەوڵیدا و هات؛ ئێمە ئەو پەیامە بە نیازێکی پاکەوە وەردەگرین و وەکو پەیامی خۆشەویستی و رێز وەریدەگرین".
 
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون لە بەرنامەی 'رووداوی ئەمڕۆ'ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و رۆژی 28-08-2022 تۆمارکرا، باسی لە دۆخی سیاسیی عێراق، پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بوونی بارەگای ئیسرائیل لە بەغدا و هەولێر و بوونی دەستوەردانی ئێران لە عێراق کرد. 
 
رەیان کلدانی باسی لە بوونی بارەگای ئیسرائیل لە بەغدا و هەولێر دەکات و گوتی: "ئەگەر بێیتە بەغداش، نەک هەولێر، هەندێک رێکخراو و شتی واهەن پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بۆیە شتێکی نامۆ نییە هەندێک بارەگای سەر بە ئیسرائیل لە هەولێریش هەبن، رەنگە لە شێوەی رێکخراوێک بێت تەنانەت حکومەتی هەرێمیش پێی نەزانێت."  
 
باس لە پەیوەندییەکانی ئێران دەکات لە سەردەمی قاسم سولەیمانیدا لەگەڵ بەغدا و هەولێر و دەڵێت، "حاجی قاسم لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەستاوە پێش ئەوەی لەگەڵ بەغدا بوەستێت." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون: 
 
رووداو: بەڕێز رەیان، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. دەمەوێت لە ناوەڕۆکەکەوە دەستپێبکەم؛ رەوشی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟ هەڵبژاردنێکی نوێ و سیستمێکی نوێ یان شەڕی نێوخۆ؟
 
رەیان کلدانی: سڵاو بۆ تۆ و بۆ کەناڵی ئاسمانیی رووداو و بۆ هەموو برایانمان و خۆشەویستانمان لە هەموو عێراق، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان. لە راستیدا لە هەموو وڵاتێکی دیموکراسی لێکتێنگەیشتن لەنێوان سەرکردایەتیی وڵاتەکە و حیزبەکانی دیکە روودەدات، هەروەکو لە سەردەمی ترەمپدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەنێوان کۆمارییەکان و ئەوانی دیکە روویدا؛ تەنانەت لە عێراقیش؛ ئەمڕۆ عێراق وڵاتێکی فرەچەشنە و برایانی شیعە و سوننە و کورد و کریستیان و ئێزدی و سابیئە و کاکەیی و هەموو تائیفەکانی تێدایە؛ ئێمەش لە کریستیانەکان 14 تائیفەمان هەیە، پێچەوانەی ئەوانی دیکە. 
 
ئەمڕۆ لێکتێنەگەیشتن روودەدات، بەڵام کەسانی عاقڵیش لە پڕۆسەی سیاسییدا هەن؛ هەروەها مەرجەعیەتیی ئایینی لە نەجەف هەیە؛ خەڵکێکی ژیریش هەیە کە قۆناخەکە ناگەییێنە شەڕ لەنێوان برایان. ئەمڕۆ رەنگە ئێمە و برایانی دیکە لە پڕۆسەی سیاسی ناکۆک بین؛ ناکۆک دەبین لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا، بەڵام ناکۆک نابین لە ململانێیەکدا؛ دەزانیت عێراق خوێن و قوربانی زۆری دا لەپێناو رزگارکردنی عێراق بەرامبەر دوژمنێکی تووند کە داعش بوو، خوێنێ برایانی کوردیش لەگەڵ برایانی سوننە و شیعە و کریستیانەکان و هەموو ئەوانی دیکە تێکەڵ بوو لەپێناو رزگارکردنی عێراق. بە راشکاوی ئەمڕۆ گەل ماندوو بووە و بەرگەی ئاڵۆزی ناگرێت، بەڵام پێتان دەڵێم هیچ ململانێیەک روونادات؛ ئەوانەشی گرەو لەسەر شەڕ لەنێوان شیعە و شیعە دەکەن بە خەیاڵدا چوون، هەروەها هەندێ لایەنی دەرەکیش هەوڵ دەدەن شەڕ هەبێ، بەڵام دڵنیابن شەڕ روونادات.
 
رووداو: کەواتە ئەو زەمینە و ئاڵۆزییە بە دوور دەگریت کە رەنگە گرووپە چەکدارەکان بەرەو شەڕی نێوخۆ ببات؟
 
رەیان کلدانی: هەرگیز، هەرگیز شەڕ روونادات و ئەوانەشی گرەو لەسەر ئەم شتە دەکەن و ئەوانەشی دەیچێنن؛ هەندێک هەوڵیاندا، یان یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان لە عێراق لە راستیدا لەپێناو گواستنەوەی پەیامی نەرێنی لەنێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەڵام دەڵێم، ئەگەر ئەو رووبدات..
 
رووداو: کێ؟ کەسێک لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسییەوە؟
 
رەیان کلدانی: ئەگەر خوانەخواستە هەر کێشەیەک رووبدات، ئەوا خۆی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت، بەڵام کەسانی ژیر، برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و برایان لە رەوتی سەدر، گوێ لەو دەنگانە ناگرن بۆ ئەوەی رێگە نەدەن شەڕ لەنێوان براکان رووبدات و هەربۆیە شەڕ روونادات.
 
رووداو: کەسێک لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسییەوە یان لەنێو پڕۆسەی سیاسی؟
 
رەیان کلدانی: پیاوی رێککەوت. 
 
رووداو: کێ؟
 
رەیان کلدانی: پیاوی رێککەوت؛ لە راستیدا زۆرینەی برایانی هێزە سیاسییەکان دەزانن ئەو کەسە کێیە؛ ئەمە تێپەڕێ، بەڵام دەیڵێمەوە کە برایان لە رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەم شتە گەورەترن و ژیرترن و رووبەڕووبوونەوە نابێت؛ خوانەخواستە ئەگەر ئەوانەی هەوڵ دەدەن ئەوە هەبێت، ئەوا کورد بێ دەنگ دانانیشن؛ سوننە و کریستیان و ئەوانەی دیکەش هەروەها بێ دەنگ دانانیشن.
 
رووداو: وای دەبینیت کە سیستمی ئێستا لە عێراق شکستهێنانی خۆی سەلماند؟
 
رەیان کلدانی: ناتوانم ئەوە بڵێم، چونکە ئەوەی ئەم سیستمەی دروستکرد ئێستا ئەوانەن کە ئامادەن لە حکومەتدا، لەوانە برایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەو برایانەی ئێستا لە بەغدان، هەمووان بەشداربوون لەم سیستمەدا. ئێمە وەکو بابلیون لە 2003وە تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتی لەئەستۆ ناگرین. ئێمە بەرپرسیارێتی دوایین ساڵەکان لەئەستۆ دەگرین، واتا ئەوانەی کە بەشداربووین تێیاندا، هەم سەرکەوتنەکان لەئەستۆ دەگرین و هەم شکستەکانیش لە ئەستۆ دەگرین، ئەگەر لە شتێکی دیاریکراودا شکستمان هێنابێت، بەڵام ئێمە کە هاتینە نێو پڕۆسەی سیاسییەوە ئەم سیستمە هەبوو و دەستووریش نووسرابوو و هەمووان بەشداربوون تێیدا؛ کەس نییە لە بەرپرسیارییەتی دەربچێت.
 
رووداو: لە تێڕوانینی تۆوە، کاتێک ئەم سیستمە دامەزرێندرا، زیاتر لە ملیۆنێک کریستیان لە عێراقدا هەبوون، ئەمڕۆ رەنگە کەمتر لە 250 هەزار کەس هەبن.
 
رەیان کلدانی: نەخێر، نەخێر، زیاترە، نەخێر، نەخێر، بەم رادەیە نا.. چییە دەتەوێت لێمان کەمبکەیتەوە یان چی؟ 
 
رووداو: نەخێر، نەخێر. من باسی ئەو راپۆرتانە دەکەم کە هەن
 
رەیان کلدانی: لە راستیدا ئێمە داوامان لە برایان لە وەزارەتی پلاندانان کرد..
 
رووداو: شکست چییە؟ پێناسەی شکست لە تێڕوانینی تۆوە چییە؟
 
رەیان کلدانی: لە راستیدا کۆچی کریستیانەکان لە 90کانەوە دەستیپێکرد؛ ئێستا زۆرمان هەن؛ ناوچەیەکمان هەیە لە ئەمریکا کە دیترۆیتە و پێی دەڵێن نیو تلکێف؛ لە 90کانەوە کۆچی کریستیانەکان دەستیپێکرد؛ لە 2003 لە سەردەمی داگیرکارییدا کریستیانەکان دووبارە دەرچوون و لە سەردەمی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و رێکخراوی قاعیدەش کۆچ هەبوو.
 
ئەمڕۆ کریستیانەکان دەیانەوێت ئاشتی و ئارامی هەبێت و نایانەوێت جەنگ و شەڕ هەبێ؛ تەنانەت لە چەمکی کریستیانیدا مەسیح دەڵێت، ئەگەر کەسێک لە روومەتی راستی دای، چەپیشی پێبدە.. بەڵام ئەگەر تۆ ئازا و بەهێز بیت ئەوا جیاوازیمان لەنێوان بەرگری و هێرش هەیە؛ ئێمە بەرگریمان دەکرد، نەوەک هێرش؛ بەرگریمان لە ناوچەکانمان و کەسوکارمان دەکرد؛ بەڵێ کۆچی زۆرەملێ روویدا، هەروەها تۆقاندن و رفاندن و کوشتن بەرامبەر کریستیانەکان روویدا؛ کریستیانەکان و ئێزدییەکان بەشێوەیەکی گشتی؛ وشەیەک هەیە کە من لێی نیگەرانم و هەندێک لە برایانمان پێیان دەڵێن کەمینە؛ ئەوان ئەوانەن کە هەندێک لە برایان ناویان دەنێن.
 
رووداو: لە سێبەری ئەم سیستمەدا
 
رەیان کلدانی: هەندێک لە برایان ناویان دەنێن کەمینەکان؛ ئەوان ئەم عێراقەیان دامەزراند؛ ئەوان ئەم عێراقەیان بونیادنا، پێش ئەوەی برایانی دیکە بێن.
 
رووداو: تۆ لەگەڵ سیستمی کۆنفیدراڵیت وەکو چارەسەرێک بۆ قەیرانەکانی عێراق؟
 
رەیان کلدانی: لە راستیدا ئێمە بڕوامان بەوەیە کە عێراق یەکێکە لە باکوورەوە بۆ باشوور؛ باوەڕمان بە یەکپارچەیی عێراق هەیە؛ دەزانیت کاتێک مەترسی گەیشتە سەر هەرێمی کوردستان، عێراقییەکانیش راپەڕین بۆ پاراستی هەرێم، چونکە پێمانوایە جیاوازی لەنێوان هەرێم و بەغدا نییە، چونکە یەک گەلە. زۆر بڕوام بە پارچەکردن نییە؛ بڕوام بە یەکپارچەیی وڵاتە.
 
رووداو: کۆنفیدراڵی واتای پارچەکردن نییە. 
 
رەیان کلدانی: هەندێک لە برایان... هەندێک وڵاتێش هەوڵیاندا کۆنفیدراڵی هەبێت؛ ئەی دوای ئەوە چی روودەدات؟ رەنگە دوای ئەوە ئێمەش وەکو کریستیانەکان داوای کۆنفیدراڵی بکەین، تەنیا بۆ خۆمان. دوای ئەوە ویستی ئەوەمان هەبێت ببین بە هەرێم و دوای ئەوەش کێشە بۆ ئەوانی دیکە دروستبکەین.
 
رووداو: ئایا ئەوە مافی خۆتان نییە؟
 
رەیان کلدانی: بەڵێ مافمانە، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ هێزەکەمان لە بەغدایە.
 
رووداو: سەدرییەکان خۆیان یەکلاکردەوە. بایکۆتی رەوتی سەدر و چوون بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت؛ ئایا سەردەکەون؟ سەرکەوتوو دەبن؟
 
رەیان کلدانی: پێم وایە برایان لە رەوتی سەدر... ئێمە لەم ماوەیەدا بێلایەن بووین لەگەڵ هەموواندا؛ نزیکیش بووین لە برایان لە رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ بەشێک نەبووین لەگەڵ بەشێک دژی بەشێکی دیکە؛ لەم ئاستەدا لەگەڵ هەمووان ماینەوە؛ پێم وایە دەبێت رێز لە دادگەی عێراق بگرین و پێمانوایە دادگەی عێراقی پیرۆزە؛ بەڵێ، چونکە ئەمڕۆ ئەگەر من و تۆ ناکۆکیمان هەبێ بۆ کوێ بچین؟ کێ دادوەر بێت؟ دادگەیە... دادگە گوتی ئەوە لە تایبەتمەندییەکانی دادگەدا نییە، پێویست بوو برایانی رەوتی سەدر کاتێک لەناو پەرلەماندا بوون واژۆیان کۆبکردایەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان؛ لە هەموو وڵاتانیشدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان روودەدات و شتێکی ئاساییە. 
 
ئێمە هیوادارین چەند خاڵێک هەبن بۆ لێکتێگەیشتن لەنێوان برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر. من زۆر بە راشکاوی قسە دەکەم و دوور لەوەی کە روودەدات، ئەمڕۆ وڵاتەکە فرەچەشنە و سوننە و کورد و هەموو تائیفەکانی تێدایە. ئەگەر برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش زویربن، ئەوانیش داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن. برایان لە رەوتی سەدر زویربن داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان دەکەن؛ هەردوولا رێزلێگیراون و بۆچوونەکانیان بەڕێزە؛ ئەرکە لەسەر هەردوولایەن کە بچن و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان بکەن. ئەمڕۆ وڵاتەکە یەک لایەنی دیاریکراو سەرکردایەتی ناکات. لەگەڵ رێز و پێزانینم بۆ برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر. ئەمڕۆ وڵاتەکە هاوبەشی تێدایە یان ئێمە هاوبەشی راستەقینەین یان ئەوەی ئێمە بەشدارنین و ئەوان بەرپرسیارییەتی ئەوەی روویدا لە ئەستۆ دەگرن و تەواو کۆتاییهات.
 
ئەمڕۆ لەم وڵاتەدا نابێت برایانی کورد لە لاوە دابنیشن و رێگە بدەن کێشە لەنێوان برایان لەبەغدا دروستبێت، هەروەها رێگەش نادەین کە کێشە هەبێت لەنێوان برایان لەنێوان حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان؛ قبووڵی ناکەین. ئەگەر خوانەخواستە هەر لێکتێنەگەیشتنێک لەنێوان برایان لە حیزبەکان لە هەرێم رووبدات ئێمە بێدەنگ نابین و دەبینە پەیامبەری ئاشتی و خۆشەویستی لەنێوان هەموو لایەنەکاندا، چونکە ئەم وڵاتە وڵاتێک نییە بۆ شیعە و نە بۆ کورد و نە بۆ سوننە و نە بۆ کریستیانەکان، بەڵام ئەم وڵاتە فرەچەشنە و پێویستە برایان رێز لە بەشدارانی دیکەیان لە پڕۆسەی سیاسی بگرن.
 
رووداو: چەندین دەستپێشخەری هەبوون؛ دەستپێشخەرییەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە؛ دەستپێشخەرییەک لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە؛ هەروەها دەستپێشخەرییەک لە سەرۆکوەزیرانەوە؛ ئەوان وەڵامی هیچ کام لەم دەستپێشخەرییانەیان نەدایەوە؛ پێتوانییە ئەوەی لە عێراق روودەدات ململانێیەکی تەواو شیعە-شیعەیە و ئەوانی دیکە تەماشاکارن بە راستی؟ 
 
رەیان کلدانی: لە راستیدا هەڵەیە ئەو بابەتانە وا لێکبدرێنەوە کە شەڕی شیعە-شیعەیە
 
رووداو: ململانێ، شەڕ نا، ململانێ؟
 
رەیان کلدانی: ململانێ نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە پێمان وایە لە تێڕوانینی خۆمانەوە لێکتێنەگەیشتنە لەسەر ئەوەی چۆن سەرکردایەتی وڵاتەکە لەم قۆناخەدا بکەن؛ بە سوپاسەوە بۆ دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ئەو پیاوە زۆر هەوڵیدا و هات؛ ئێمە ئەو پەیامە بە نیازێکی پاکەوە وەردەگرین و وەکو پەیامی خۆشەویستی و رێز وەریدەگرین، نەک تەنیا لەلایەن برایانی شیعەوە بەڵکو لەلایەن هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقەوە، بەڵام هەندێک لە برایان... دەستپێشخەرییەکی بەڕێز کازمی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەریش هەبوو و هێزە سیاسییەکانیش وەڵامیان دایەوە و ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام بە ئەنجامێکی روونەوە دەرنەچوون؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد؛ بانگهێشتەکە بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی نێردرابوو، بەڵام بە سوپاسەوە دکتۆری بەڕێز فوئاد حوسێن هات وەکو نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان؛ پێم وایە ئەم دەستپێشخەرییانە دەبێت بەردەوامبن لەپێناو چارەسەرکردنی ململانێیەکە. ئەمڕۆ ئەگەر خوانەخواستە هەر ململانێیەک لەنێوان هەر لایەن و پێکهاتەیەک رووبدات، با وا نەزانن کە هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت لێی؛ با واش نەزانن کە سوننە پارێزراو دەبێت لێی؛ با واش نەزانن کە کریستیانەکان لەو ململانێیە پارێزراو دەبن؛ ئەمە کێشەکەیە؛ ئێمە بەردەوام دەبین لەپێناو دەستپێشخەری و گواستنەوەی پەیامی ئەرێنی و باش بۆ هەمووان. بە داخەوە، هەندێک کەس هەوڵیاندا و ئاشووبیان لەنێوان یەک پێکهاتەدا چاند و پێموایە گەیشتنە قۆناخێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم قۆناخە و پێموایە بەم نزیکانە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەم ناکۆکییە دەبێت. 
 
رووداو: کرانەوەیەک؟ 
 
رەیان کلدانی: بێگومان. 
 
رووداو: سیاسی یان یاسایی؟
 
رەیان کلدانی: یەک شتە؛ یەک بە سیاسی چارەسەربێت بە یاساییش دەبێت؛ سیاسی دەبێت.
 
رووداو: ئەمە زانیارییە یان لێکدانەوەیە.
 
رەیان کلدانی: نەخێر لێکدانەوە نییە، بەڵکو پەیامی ئەرێنی هەیە، تاوەکو دوێنێ، ئەمڕۆش تویتەکەی سەید موقتەدا سەدر روونە، دەرفەتی کرانەوەی تێدایە و پێموایە خەڵکانی عاقڵمەندی زۆر هەن کە ئەم قەیرانە چارەسەر دەکەن.
 
رووداو: چارەسەرێک لە چ جۆرێک، حکومەتێکی تەوافوقی یان حکومەتێکی کاربەڕێکی نوێ؟
 
رەیان کلدانی: حکومەت خۆی ئێستا کاربەڕێکەرە و نوێش نابێتەوە
 
رووداو: کاربەڕێکەرە، مەبەستم حکومەتێکی نوێ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو؟
 
رەیان کلدانی: ئەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەو رێککەوتنە، گەیشتوونەتە ئەوەی ئەم بابەتە لە دوای 30 مانگ چارەسەر بکرێت، پێموایە هەروەها چەند دیدارێک دەبێت لەنێوان تەنانەت برایان لە هەرێمی کوردستان بۆ نەجەف و بۆ بەغدا، هەروەها برایانیش لە بەغدا دەچنە نەجەف و هەندێک بابەت چارەسەر دەکرێت.
 
رووداو: وەکو لە وێنەکان دەردەکەوێت پەیوەندییەکی زۆر باشت لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەیە، پێموایە هەر جارێک سەردانی بەغدا بکات یەکتر دەبینن، نهێنی ئەو پەیوەندییە چییە؟
 
رەیان کلدانی: ئەم پرسیارە لە نیازپاکییەوەیە یان نیازێکی خراپ
 
رووداو: نەخێر، نیازپاکییە و تەنیا پرسیارە.  
 
رەیان کلدانی: من برام بافڵ وەکو سەرکردەیەکی راستەقینە دادەنێم و هاوڕێیە. من نەک تەنیا وەکو هاوڕێ بەڵکو وەکو برا دایدەنێم، لە راستیدا لە هەموو دیدارەکان کە من و برام بافڵ کۆدەکاتەوە، هەروەها بافڵ و سەرکردەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرکردەکانی دیکە لە سوننە، وەکو ئەوەی گوێم لێ دەبێت، خەمی خستنەسەرپێی عێراق و هەرێمە، هیچ رۆژێک گوێمان لێ نەبووە کاک بافڵ تەنیا لەپێناو بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی قسە بکات، ئەمڕۆ پێویستمان بە کەسایەتی وا هەیە وەکو برام بافڵ و کاک نێچیرڤان و زۆر کەسایەتی بەڕێز لە هەرێم، پێویستمانە کە وابن، بڕوام پێبکەن رەنگە کاک بافڵ زیاتر بەرگریی لە خەڵکی هەولێر بکات پێش ئەوەی بەرگریی لە سلێمانی بکات. ئەم شتە رەنگە هەندێک لە برایان نیگەران بکات، بەڵام بڕواتان هەبێت لە زۆر لە قسەکانی کە قسە دەکات من وەکو برا داینانێم وەکو سەرکردەیەکی راستەقینە دایدەنێم، چونکە بایەخ بە خەڵکەکەی دەدات، لە هەموو دیدارەکانی دەڵێت، پێش ئەوەی لە سلێمانی بم، پشتیوانی لە برایان لە هەولێر و خەڵکی هەولێر دەکەم. تەنانەت لە زۆر رێککەوتنەکان، لە دوایین کۆبوونەوە کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر رێکیخست، بەگوێرەی ئەوەی پێم گەیشت گوتی، من نێردراوی کاک مەسعودم، ئەمە رێزە. 
 
رووداو: پەیوەندییەکەی خۆت لەگەڵ بەڕێز بافڵ؛ بەڕێز بافڵ رەنگە، ئەگەر دەربڕینەکە دروستبێت، نوێ بێت بۆ پڕۆسەی سیاسی لە عێراق. 
 
رەیان کلدانی: نهێنییەکتان پێ دەڵێم
 
رووداو: کەی ئەم پەیوەندییە دەستیپێکرد تاوەکو لەو ئاستە دەربکەون؟ 
 
رەیان کلدانی: ئێستا باسی دەکەم، پێشتر دەزانن کاک بافڵ کەسێکی سەربازیی بوو، منیش سەرباز بووم، ئەویش سەرباز بوو لەپێناو بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان نەک تەنیا لە سلێمانی، پەیوەندییەکی ئەمنیم لەگەڵ کاک بافڵ هەبوو پێشتر، کاک بافڵ نوێ نییە لە کاری سیاسی، هەڵە دەکات ئەوەی وا دەڵێت، پێموایە من نوێم لە کاری سیاسی، من پیاوێکی سەربازیم بەرگری دەکەم ئەگەر هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەم و گەلەکەم هەبێت، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش من یەکەم کەسم کە بەرگریکارم. کاک بافڵ کەسێکی ئەمنی بوو، رەنگە بیناسن، تەنانەت دکتۆر فوئاد حوسێنیش لە پڕۆسە سەربازییەکاندا خۆی شەڕی دەکرد، رەنگە حەزی نەکردبێت زۆر لە راگەیاندن دەربکەوێت، من خۆشم حەزناکەم لە راگەیاندن دەربکەوم لە رووی سەربازی و ئەمنییەوە. بەڵام لە کاری سیاسی ئێوە چەکمان لێ رادەکێشن و ئێمەش دەترسین و پێویستە لە راگەیاندن لەگەڵتان دەربکەوین. بەڵام پەیوەندییەکەم لەگەڵ کاک بافڵ پەیوەندیی برایە لەگەڵ برا، یەکێک لە کەسایەتییە هاوبەشەکان دەمانبەستێتەوە کە لە رووی رۆحییەوە پێکەوەی گرێداین لەنێوان من و ئەو، یەکێک لە شەهیدەکان.
 
رووداو: کوردە؟
 
رەیان کلدانی: ئەو مرۆڤە، ئینسانە، پەیوەندی بەوەوە نییە کورد بێت یان سوننە بێت، مرۆڤە.
 
رووداو: شەهیدبوو؟
 
رەیان کلدانی: بێگومان.
 
رووداو: ناو بدەین؟
 
رەیان کلدانی: نەخێر، ئەو مرۆڤە، وەکو مرۆڤ ئێمە پەیوەندیمان بە ئایین و بیرکردنەوەی نییە، رێز لە هەموو ئایینەکان و بیرکردنەوەکان دەگرین. 
 
رووداو: رەنگە بزانم کێیە؟.. سرووشت و ئاستی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا چۆنە؟
 
رەیان کلدانی: پەیوەندییەکی باشە، ئێمە لێرە لە بەغدا دەڵێین (زوێنە) واتا نە زۆر باشە و نە باشە. پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەگەڵ سلێمانی یان هەولێر یان چی؟ بۆ ئەوەی وەڵامەکە روون بێت.
 
رووداو: لەسەر ئاستی حکومەت؟
 
رەیان کلدانی: لە ئاستی حکومەت پەیوەندییەکە باشە، سەردان هەیە، دیدارمان هەبوو لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پێیخۆشە بانگی بکەن کاک مەسعود، کاک مەسعود جەنگاوەرە، جەنگاوەریش هەمیشە قسەکردن لەگەڵیان جیاوازە وەک لە سیاسییەکان. دیدارمان هەبوو لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی هەروەها بەڕێز مەسرور بارزانی، هەوڵماندا پێکهێنانی لیژنەیەک هەبێت لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی نزیکی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: کێشە هەڵپەسێردراوەکان چین؟
 
رەیان کلدانی: روودەدەن، دەزانیت لێکتێنەگەیشتن روودەدات و ناگاتە ئاستی سەرکردەکان، ئەوانەی دیکە، ئەندامەکان ئەگەر لە پارتی بن یان بابلیون، لە هەندێ ناوچە لێکتێنەگیشتن و کێشە لە نێوانیاندا روودەدات و ئەو لیژنەیە پێکهێندرا و پێموایە لیژنەکە بەردەوامە لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵیان، ئەگەر هەر کێشەیەک یان لێکتێنەگەیشتنێک رووبدات.
 
رووداو: کەواتە پەیوەندییەکەتان لە پێشوو باشترە؟
 
رەیان کلدانی: بەڵێ
 
رووداو: داوای کردنەوەی نووسینگەتان کرد لە سلێمانی، رەزامەندی درا؟
 
رەیان کلدانی: ئەمە گفتوگۆکە بێت باشە، کەناڵی رووداو راشکاو و ئازایە، قسە دەکات، ئەوەی لەسەریەتی و دژیەتی، ئەمە باشە.
 
رووداو: من پرسیار دەکەم، بەگوێرەی زانیارییەکانم داوای کردنەوەی نووسینگەتان کردووە لە سلێمانی.
 
رەیان کلدانی: ئێمە ماوەیەکی زۆرە نووسینگەمان لە سلێمانی هەیە و کردوومانەتەوە، لە راستیدا تەنانەت من پەیوەندیم بە کەسەوە نەکرد لە سلێمانی، گەنجەکانمان نارد و نووسراو و داواکاری فەرمیی لەگەڵ پارێزەرێک و هیچ کۆسپێکمان نەبینی. 
 
رووداو: کەواتە نووسینگەکە کراوەتەوە؟
 
رەیان کلدانی: بەڵێ، بەڵام کۆسپی گەورە هەن لە هەولێر، زۆر بە راشکاوی باسی دەکەم
 
رووداو: پرسیاری دواترم ئەوەیە 
 
رەیان کلدانی: دەستخۆش
 
رووداو: کەی نووسینگە لە هەولێر دەکەنەوە؟ هەوڵتانداوە، کێ کۆسپتان بۆ دروستدەکات؟
 
رەیان کلدانی: پارتی دیموکراتی کوردستان کۆسپ دادەنێت، زۆر بە راشکاوی قسە دەکەم.
 
رووداو: بۆچی؟
 
رەیان کلدانی: کاک مەسعود نییە، بەهیچ شێوەیەک، بەڕێز مەسرور بارزانیش نییە، بەڵکو چینێکی دیکە، بە راستی نازانم، دەزانیت کە ئێستا هەڵبژاردنمان هەیە، رەنگە شەش بۆ حەوت مانگ بێت نووسراومان کردووە و پارێزەرمان ناردووە، لە راستیدا پارێزەرەکەمان خەڵکی سلێمانییە، چووە هەولێر و نووسراوی فەرمی پێبوو، هەموو رۆژێک دەڵێن، ئەمڕۆ و سبەی و رەتیدەکەنەوە بارەگای بزووتنەوەی بابلیون بکرێتەوە، پێیانوایە بەرپرسی مەلەفەکە، ئەو برایە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، من ناو ناهێنم بۆ ئەوەی ئیحراجیتان بۆ دروستنەکەم بۆ کەناڵی رووداو.
 
رووداو: نا ئاساییە؟
 
رەیان کلدانی: یەکێک لە کەسەکان بەرپرسی مەلەفی پێ دەڵێن بە داخەوە. ئەمڕۆ ئێمە پێکهاتەیەکی رەسەنین و لە هەموو پێکهاتەکان دێرینترین. کەسێک، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەنە بەرپرسی مەلەفی پێکهاتەی کریستیان! چ مەلەفێک! ئێمە نوێنەرایەتی وڵاتێک دەکەین.
 
رووداو: کێیە؟
 
رەیان کلدانی: بەهەرحاڵ، دەیناسن، سەرکردەکان دەیناسن
 
رووداو: لانی کەم، لانی کەم، گوێی لێت دەبێت و وەڵامت دەداتەوە، مافی وەڵامدانەوە پارێزراوە. 
 
رەیان کلدانی: برامان فازڵ میرانی، پێموایە ئەوە، زۆر بە راشکاوی قسە دەکەم، ئێمە ئەسڵی ئەم وڵاتەین. هەندێک لە برایان و کەسایەتی هەن بە داخەوە هەوڵ دەدەن فیتنە بچێنن لەناو هەرێم لەنێوان ئێمە و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم ئاستەدا. دەڵێن و پێیانوایە.. هەندێک لە برایانیان هەن و ئێمە رێزیان لێدەگرین لە هەموو حیزبەکان، ئەوان رۆڵەی گەلەکەمانن، بەڵام دروست نییە قسە بکات و بڵێت ئێمە بەرپرسی مەلەفین، چ مەلەفێک! حیزبە کریستیانەکان لە هەرێم بوون بە مەلەف؟! لەگەڵ رێز و پێزانینم بۆ هەموو حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان، مەعقوول نییە لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی پلاسخارت باسی کۆتای کریستیان بکەن.
 
رووداو: باسی ئەو خاڵە دەکەم بەدیاریکراوی
 
رەیان کلدانی: ئەمە خاڵێکی گرنگە، ئێمە کەسێکمان سەرپشک کرد بە ناوی ئێمەوە قسە بکات
 
رووداو: تۆ پێش چەند رۆژێک هۆشداریت دا لەبارەی ئەوەی ناوت برد یاریکردن بە کورسییەکانی کۆتای کریستیان لە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی حیزبی دەستڕۆیشتوو، ئەم حیزبە دەستڕۆیشتووە کێیە؟ مەبەستت چی بوو؟
 
رەیان کلدانی: هەندێک لە برایان لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، نەک سەرکردەکان، ئەوان هەوڵ دەدەن بیقۆزنەوە. 
 
رووداو: چۆن دەیقۆزنەوە؟
 
رەیان کلدانی: دەزانیت، لە هەڵبژاردندا روویدا، دەنگیان ئاراستە کرد بۆ هەندێک، من دەڵێم بەڕێز نێچیرڤان بێبەرییە لەم کارە، بەڕێز مەسعود بارزانیش بێبەرییە لەم کارە، بەڵام لایەنی دیکە هەن هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی کورسییەکانی کۆتا بکەن، لە سەردەمی پێشوو. ئەمڕۆ ئێمە پەڕەیەکی نوێمان هەڵداوەتەوە، ئەگەر کەناڵی رووداو نەبووایە من بەم زمانە لە کەناڵەکانی دیکە قسە ناکەم تاوەکو ئەوانی دیکە وانەزانن. بەڵام ئەمڕۆ هەموو برایان دەزانن، تەنانەت برامان بەڕێز مەسعود بارزانی، دەزانن ئێمە راشکاوین لە قسەکردن. سەردەمی پێشوو جیاوازە لەم سەردەمە، زۆر بە راشکاوی قسە دەکەم، ئەگەر ئاستەکە لە قۆناخی داهاتوودا بگاتە کۆنترۆڵکردنی کورسییەکانی کۆتا لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و دەنگی کەسانی دیکە بۆ کورسییەکانی دیکە ئاراستە بکرێن، ئێمە چەند بژارەیەکمان دەبن. 
 
رووداو: لەوانە؟
 
رەیان کلدانی: بژارە، بژارەی بەڕێز و بژارەی یاسایی، بنمیچی یاسا تێناپەڕێنین. ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ برایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرێمی کوردستان سنوورێکی نزیک دەمانبەستێتەوە، هیوادارین ئەم پەیوەندییە باشە بەردەوام بێت، ئێمە لە راستیدا پەیوەندییان پێوەکردین و گوتیان ئامادەی کۆبوونەوەکە بن، پەیوەندییان بە یەکێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە کرد و لە راستیدا من رەتمکردەوە ئامادەبن. ئەمڕۆ روونە لەبەردەم خەڵک، ئەوانەی لەسەر دەنگی بابلیون دێن، ئێستا پێت دەڵێم بۆچی رەتمانکردەوە بە ناوی ئێمەوە قسە بکرێت.. هەڵبژاردن لە بەغدا کرا، هەندێک لایەن کەسێکی کریستیانیان هێنا، ئەوەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و دەنگیان بۆ ئاراستە کرد. با بێن و بچنە سەر گووگڵ و دەنگەکانی بابلیون لە دوایین هەڵبژاردن وەربگرن، بزانە دەنگمان لە نەجەف هەیە، دەنگمان لە کەربەلا هەیە یان پارێزگایەک؟ زۆرینەی دەنگەکانی بابلیون لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوایە، دەزانیت، من تەنانەت لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانیش قسەم کرد، ئەو لە راستیدا زۆر نیگەران بوو.
 
رووداو: بۆچی؟
 
رەیان کلدانی: رێگەیان بە یەک وێنەی بەربژێرەکانمان لە هەولێر و دهۆک نەدا، قەدەخەبوو، بڕیاردرا. کاک مەسعود لەسەر ئەم کارە زۆر نیگەران بوو.. باشە، بەربژێرەکان کە لەسەر کورسییەکانی هەولێر و دهۆک دابەزیون قەدەخەبوو وێنەیەکیان هەڵبواسرێت، لەگەڵ کۆمپانیایەکی ریکلامیشدا رێککەوتین، کۆمپانیاکەیان هێنا و مۆڵەتەکەیان لێسەندەوە، کەواتە بەکوێ گەیشت.. بە راشکاوی ئێستا، قبووڵی ناکەین.. ئێمە رێکخستمان لەناو هەولێر هەیە، رێکخستنمان لەناو دهۆک هەیە هەروەکو برایان لە پارتی کە رێکخستنیان هەیە لە موسڵ و بەغدا و هەتا دوایی.. لەم سەردەمەدا دەبێت لێکتێگەیشتن هەبێت نەک کێشە دروستبکەن و ئەم کێشانە لەسەر سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەون. من دەڵێم نووسینگە و رێکخستنەکانم ئاگادارکردووەتەوە، بەڕێز مەسعود بارزانی ئاگاداریی ئەم بابەتە نییە بەهیچ شێوەیەک، من کە قسەم لەگەڵ کرد زۆر نیگەران بوو، ئەمە رەفتاری ئەو برایانەیە کە لە هەندێک لە دەزگا ئەمنییەکان لە هەولێر کاردەکەن.
 
رووداو: پێتوایە ئەندامە کریستیانیەکانی ئێستای پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتی کریستیانەکان دەکەن؟
 
رەیان کلدانی: ئەوان کەسانی بەڕێزن، بەو پێیەی لە پەرلەمان نوێنەرایەتیمان دەکەن، ئەرکی ئێمەیە رێزیان بگرین هەر چییەک بن و تەنانەت ئەگەر ناکۆکیمان هەبێت، ئێمە پەیوەندی باشمان لەگەڵیاندا هەیە.
 
رووداو: نوێنەرایەتی کریستیانەکان دەکەن یان نا؟
 
رەیان کلدانی: ئەمانە نوێنەرایەتیی رۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێم دەکەن، رێگە بە کەس نادەین دەستدێژی بکاتە سەریان. تەنانەت لە هەرێمیش، هەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەریان ئەوە خراپەکارییە دژ بە ئێمە و هەڵوێستیشمان دەبێت. بەڵێ.. رێز لە هەمووان دەگرین، بەڵام هیواخوازین لە قۆناخی داهاتوودا، پێکهاتەی کریستیان و کورسییەکانی کۆتا نەخرێنە نێو هیچ ململانێیەکی کوردان.
 
رووداو: ئێستا بژاردەیەک هەیە بۆ ئەوەی دەنگی کریستیانەکان تەنیا بۆ کورسی کریستیانەکان بێت، واتە لیستێکی جیا، پشتگیری لەمە دەکەن؟ 
 
رەیان کلدانی: با بەوپەڕی راشکاوی قسە بکەم.. ئێمە تاوەکو ئێستا سەرژمێرییەکمان نییە. نە ژمارەی کورد نە سوننە نە تورکمان نە کریستیان دیارە.. ئەمە واقعە.. ئێمە ئەمڕۆ بەم زمانە قسە دەکەین، بەڵام کەرەستەمان نییە کاری پێ بکەین.. چۆن تۆمار دروست بکەین لە کاتێکدا ژمارەمان لەبەردەست نییە.. شتی دووەم.. چۆن رێگری لە کەسێکی کریستیان دەکەیت دەنگ بە ناکریستیانێک بدات.. دەبێت رێگە لەم کارە بگیرێت. واتا کریستیان دەبێت تەنیا دەنگ بە کریستیان بدات، نەک کریستیان دەنگ بە خەڵکی دیکە بدات.. بۆ نموونە لە سەردەمی بەڕێز ئەیاد عەللاوی ژمارەیەکی زۆری کریستیان دەنگیان پێی دا، ئەیاد عەللاوی لە دەشتی نەینەوا دووەم دەرچوو.. لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا.. دەنگەکانی لە کوێوە هاتن؟ لە ئەلقوش، باتنایا، قەرەقۆش.. لەم ناوچە کریستیانانە دەنگیان بە لیستی، وا بزانم ئەو کاتە ویفاق وەتەنی بوو، بەڕێز ئەیاد عەللاوییان هەڵبژارد.. ئەمڕۆ وڵاتەکە دیموکراتە و دەستوور رێگە نادات ئێمە دەستنیشانی بکەین کێ دەنگ بە کێ دەدات، ئەگەرنا چۆن ئەم دەنگانە دەردەکەون هی کێن و هی چ لایەنێکن. 
 
رووداو: کەواتە دژی ئەو پێشنیازەی؟
 
رەیان کلدانی: ئێمە دژی ناوەستین، بەڵام ئامرازمان بە دەستەوە نییە ئەمە بکەین.. من لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هاوڕام لەم ڕووەوە هەروەها لەگەڵ حیزبەکانی دیکەیش وەک یەکێتیی نیشتمانی و هەموو برایانی دیکە.. ئەمە لۆژیکە.. ئێمە چۆن بەم زمانە قسە بکەین و ئامرازمان نییە.. ئەمەیە کێشەکە.. من ئەمڕۆ بە تۆ دەڵێم، کە جەنابت هاتیت گوتت دەمانەوێت هەڤپەیڤینێک بکەین، ئەگەر کامێرات نەبێت چۆن هەڤپەیڤین بکەین؟ ناکۆکییەکە لێرەیە.. ئەمڕۆ ئەگەر رێگریمان کرد، پێموایە لە رووی دەستوور و یاساوە ئەم کارە ناکرێت.. بەڵام چۆن دەردەکەوێت؟ لە هەڵبژاردنەکان، کاتێک ئەنجامەکان دەردەکەون، دیسکێکی کۆمیسیۆن بەردەست دەبێت لە هەموو سۆشیاڵمیدیا بڵاودەبێتەوە و دەردەکەوێت ئەم دەنگانە لە کوێوە هاتوون و ئەوانە لە کوێوە.. رۆژێکیان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، بەربژێرێکی کریستیانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە حیزبێکی نزیکی پارتی، لە لایەن پێشمەرگەوە دەنگی پێ درا.. دەزانین ژمارەیان چەندە و لە چ ناوچەیەک بووە و لە چ وێستگەیەک بووە، چونکە هیچ شتێک ناشاردرێتەوە و دیسکی کۆمیسیۆن هەیە، دیسک و دەنگەکانی لە لایە. ئێمە هیواخوازین هەڵەی پێشوو لە قۆناخی داهاتوودا نەبن.
 
رووداو: ئایا مافی کریستیان نییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بێت؟
 
رەیان کلدانی: ئێمە هیوای ئەوە دەخوازین، بەڵام..
 
رووداو: کریستیانەکان بەشێکی سەرەکی مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستانن، لە حەفتاکان و شەستەکانەوە
 
رەیان کلدانی: باشە.. ئەمە دەزانم و رێزی لێ دەگرم.. رەنگە تۆ لە مەبەستی من نەگەیشتبیت، مەبەستی من ئەوەیە.. بە پێچەوانەوە ئەمە زۆر باشە، بۆ نموونە سەرکیس ئاغاجان یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام لەبەر هۆکاری نادیار پەراوێز خرا.. ئەمە یەک.. بابەتی دووەم و گرنگی ئەمڕۆ ئەوەیە با لەگەڵ پارتی دیموکرات دابەزێت بەڵام با کورسیی کۆتا بەکارنەهێنێت و دەنگ ببات. کورسییەکانی کۆتا پێنجن، با لەگەڵ پارتی خۆی بەربژێر بکات با لەگەڵ یەکێتی خۆی بەربژێر بکات و لەگەڵ حیزبەکانی دیکە خۆی بەربژێر بکات، بەڵام کە لەگەڵ پارتی بێت و بۆ کورسیی کۆتا خۆی بەربژێر بکات ئەمەیان هۆکاری ناکۆکییەکەی نێوان ئێمە و ئەو برایانەیە.
 
رووداو: پێشنیازێکتان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەمە؟
 
رەیان کلدانی: پێموایە پێشنیازەکە بابەتێکی ئەخلاقییە زیاتر لەوەی یاسایی بێت، یاسا رێگە بەمە دەدات و هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام بابەتەکە ئەخلاقییە. ئێمە ئەو کاتە برایانمان ئاگادار کردەوە کە ئەگەر لە داهاتوودا ئەمە روو بداتەوە، نا، ئێمە زیاتر لە هەشت ساڵە خۆمان گرتووە. 
 
رووداو: هەستتان بە بەدەنگەوەهاتن کرد؟
 
رەیان کلدانی: لەلایەن بەڕێز مەسعود بارزانییەوە، بەڵێ.
 
رووداو: لەوانی دیکە، بەڵێ یان نەخێر؟
 
رەیان کلدانی: نەخێر. ئەوە نەبێت ئەوان بە ئێمەیان گوتبێت نا.
 
رووداو: وەڵام نەبوو؟ 
 
رەیان کلدانی: قسەمان نەکردووە. من قسەم لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی کرد، کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
رووداو: بەڕێز رەیان، من تویتەکانت دەبینم، لانی کەم دەتوانم باسی دوو ساڵی و نیوی رابردوو بکەم، سەرکۆنەی هەموو هێرشێک دەکەیت لەهەر شوێنێکی عێراق رووبدات، دەشزانم ئاگاداری هەواڵەکانیت، بەڵام سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانت بۆسەر هەولێر و هەرێمی کوردستان نەکرد، هەروەها سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانت بۆسەر هەرێمی کوردستان نەکرد، بۆچی؟
 
رەیان کلدانی: ستەمت لە من کرد!
 
رووداو: یەک تویتیشم نەبینی 
 
رەیان کلدانی: بگەڕێوە پێشووتر. 
 
رووداو: یەک تویتیشم نەبینی
 
رەیان کلدانی: خۆت گوتت دوو ساڵ و شتێکە
 
رووداو: دوو ساڵ و نیو یەک تویتم نەبینی.  
 
رەیان کلدانی: ئەمڕۆ هەموو ئەو قسانەی دەیانکەین پێویست ناکات میللەت لێی ئاگادار بێت چونکە خراپ تێگەیشتن روودەدات. من چەند جارێک سەرکۆنەی هێرشەکانم کردووە، بەڵام سەرکۆنەی بێدەنگبوونی هەرێمی کوردستانیش دەکەم بەرامبەر بۆردوومانەکانی داگیرکەری تورکیا بۆ هەندێک لە گوندە کریستیانەکانمان، کە زۆر لە گوندە کریستیانەکانمان لە دهۆک چۆڵ کران هەروەها سەرکۆنەی قەرەبوونەکردنەوەی خاکێکی زۆری کریستیانەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکەم و بۆردوومان و دەستدرێژیی هەموو لایەنێک سەرکۆنە دەکەم، چ رۆژهەڵاتی بێت یان رۆژئاوایی بێت و دەستدرێژی بکاتە سەر هەرێم، لەبەر ئەوەی عێراق یەک عێراقە. بەڵام بابەتی درۆنەکان لەم رووەوە قسەم لەگەڵ برایانی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. بە راشکاوی لەوەی رووی دا خراپ تێگەیشتنێک هەبوو، تۆ مەبەستت مووشەکبارانەکەی ئێرانە، وا نییە؟
 
رووداو: نەخێر، مەبەستم ئەو هێرشە نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆ گرت، هێرشی لایەنی نەناسراو؟
 
رەیان کلدانی: قسە دەکەم و سەرکۆنەی دەکەم. بگەڕێوە بۆ ئەو تویتانەی دوایی و ببینە. بۆردوومانی تورکیایش سەرکۆنە دەکەم. هەروەها سەرکۆنەی بۆردومانەکەی تورکیام کرد کە حەسەکەی بەئامانج گرت و لە کەنیسەیەکی دا.
 
رووداو: سەرکۆنەی هێرشی تورکیات کرد راستە، هەرێمی کوردستانیش سەرکۆنەی کرد. 
 
رەیان کلدانی: لە بۆردوومانی تورکیا و ئێران زیاترمان نییە، جگە لەمانەمان نییە. 
 
رووداو: نەخێر، هێرشی دیکە هەن، مووشەکی کاتیۆشا لە هەولێر کەوتن نە لە تورکیاوە بوو نە ئێران، لە راستیدا لە ناوچەکانی دەشتی نەینەواوە هاتن.  
 
رەیان کلدانی: ئێمە بە راشکاوی ئەگەر هەر دەستدرێژییەک هەبێت دەبێت لە ناوچەکانی ئێمە دوور بێت. ئێمە رێگەی بەمە نادەین، هەرگیز. بەوپەڕی راشکاوییەوە قسە دەکەم.
 
رووداو: من ناڵێم تۆ بەرپرسی، سەرکۆنەت نەکرد. 
 
رەیان کلدانی: نا نا، سەرکۆنەم کرد. یەکەم هێرش کە لە ناوچەیەکی هاوسنووری بەرتەڵڵەوە کرا، پێموایە سەرکۆنەی ئەو بۆردومانەم کرد.. ئەمە روونە، بگەڕێوە بۆ تویتەکان رەنگە لە فەیسبووک یان لە تویتەر بڵاوم کردبێتەوە. 
 
رووداو: تەماشای هەردووکیان دەکەم. 
 
رەیان کلدانی: بڕوانە ئێستا بۆتی دەنێرم، کە تەواو بووین. یەکەم لێدان لە ناوچەی بەرتەڵڵەوە بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان، وابزانم گوتیان بارەگایەکی سەر بە ئیسرائیل یان کوێیان بە ئامانج گرتووە، بە دەستنیشانکراوی نایزانم، ئێمە سەرکۆنەی لێدانی ئیسرائیل ناکەین با لە ئیسرائیل بدەن، بەڵام لێدانی هەرێم رەتدەکەینەوە لەبەر ئەوەی هەرێم بەشێکە لە عێراق و لێدانی هەرێم لاوازییە بۆ بەغداش.
 
رووداو: بارەگای ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان هەن؟
 
رەیان کلدانی: بە پێی ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە و راپۆرتە نوێیەکان کە لیژنەی ئەمنی باسیان کرد ئەوەی چووە ئەوێ، من لە راستیدا زۆر گوێم بەم بابەتە نەدا، دەڵێن بارەگا لەوێ هەن. 
 
رووداو: نەخێر، راپۆرتەکە دەڵێت خانووی هاووڵاتییەکی سڤیلی عێراقییە.  
 
رەیان کلدانی: بۆ یەکەم جار قسە دەکەم، بۆ یەکەم جار قسە دەکەم، تەنانەت مووشەکبارانەکەی ئێران، مووشەکبارانی هەولێر، پێموایە هەندێک فەرماندەیی ئەمنی و سەربازی لە هەرێم و بەغدا لێی ئاگاداربوون. برایانی کۆماری ئێران پێیان وابوو درۆنێک هەیە لە هەولێرەوە بەرەو سنوورەکانی ئێران فڕیوە، ئەمە تا چەند راستە نازانم، بەڵام ئەوان بڕوایان وابوو، کاتێک ئێران بە فەرمی رایدەگەیێنێت ئەوە ئێمە بووین هەولێرمان مووشەکباران کرد و بارەگایەکمان بەئامانج گرت کە سەر بە ئیسرائیلە.
 
رووداو: کەواتە بڕوا بەوە دەکەیت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیڵێت و بڕوا بە دەوڵەتی عێراق ناکەیت؟
 
رەیان کلدانی: هەرگیز. من چیم گوت پێش ئەوەی قسە بکەم؟ چیم گوت؟ گوتم نازانم ئەمە تا چەند راستە. ئایا راستە یان هەڵەیە. ئەوە زانیاری بوو.
 
رووداو: تۆ چوویت بۆ هەولێر، هیچ بارەگایەکی ئیسرائیلیت بینی؟
 
رەیان کلدانی: وا بزانم لە ژیانمدا تەنیا دوو جاران چوومەتە هەولێر، لە ژیانمدا دوو یان سێ جار.
 
رووداو: دهۆک؟
 
رەیان کلدانی: هەرگیز
 
رووداو: نەچووی بۆ دهۆک؟
 
رەیان کلدانی: نەچوومە
 
رووداو: لەو جارانەی کە دەڕۆیت؟
 
رەیان کلدانی: ئەدی بۆ پرسیاری سلێمانیت نەکرد؟
 
رووداو: نا سلێمانی دەزانم دەڕۆیت، دەزانم دەڕۆیتە سلێمانی.. بارەگای ئیسرائیلیت بینی؟ 
 
رەیان کلدانی: مەگەر بارەگای ئیسرائیل لەسەر شەقامی گشتی دەبێت و گڵۆپی بۆ دادەنێن و دەنووسن ئەمە بارەگایەکی ئیسرائیلە؟ خۆ ئەگەر ئەمڕۆ بێیتە سەر باسی بارەگاکان، تەنانەت ئەگەر بێیتە بەغداش، نەک هەولێر، هەندێک رێکخراو و شتی واهەن پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بۆیە شتێکی نامۆ نییە هەندێک بارەگای سەر بە ئیسرائیل لە هەولێریش هەبن، رەنگە لە شێوەی رێکخراوێک بێت تەنانەت حکومەتی هەرێمیش پێی نەزانێت، لە بەغدا ئەمە هەیە، هەروەها لە بەسڕاش هەیە. خۆت دەزانیت ئەم رێکخراوانە ئێستا و بە تایبەتیش پاش 2003 عێراق بە داخەوە بە رووی هەموواندا کراوەتەوە. ئەرکی ئەمڕۆ چییە؟ ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان، چ لە هەرێم بن یان لە بەغدا، بە راشکاوی، پێشتر هەندێ لە سەرکردەکانی پارتی دیموکرات پێیان وابوو لاوازیی بەغدا بەهێزییە بۆ هەرێم، ئەمەش هەڵەیەکی ستراتیژییە. من دەزانم بەڕێز مەسعود بارزانی و هێڵی یەکەمی سەرکردایەتی ئەمەیان قبووڵ نییە. بڕوام پێ بکە ئەگەر بەغدا لاواز بێت هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت و ئەگەر هەرێمی کوردستان لاواز بێت بەغدا لاواز دەبێت. پێویستە ئەم گیانە لە نێو برایاندا بچێنیت.
 
رووداو: زۆر لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر لە دەشتی نەینەواوە بوون، لەو ناوچانەی لە ناوچەکانی ئێوەوە نزیکن لە رووی سەربازییەوە، کێ لە پشتی ئەم هێرشانەوەن؟
 
رەیان کلدانی: پێویستە پرسیار بکەیت. بە راشکاوی و رەنگە برایان لە هەرێم بزانن. ئێمە سەرەتا رەتمان کردەوە، لە هەموو ئەو کەرتانەی لیوای پەنجایان لێیە و لە ناوچەکانی خۆمان، بە یەکجاری بەکارهێنانی خاکی ئێمە بۆ هەر هێرشێک بە تەواوی قەدەخەیە. ئەگەر ئەمڕۆ کێشەیەکمان لەگەڵ هەرێم هەبێت ئەوە خۆمانین کە هەڵوێست وەردەگرین، رێگە بە کەس نادەین لە ناوچەکانی ئێمەوە دەستدرێژی بکاتە سەر ئەوەی دیکە. دەزانی گرووپەکان، هەندێک یان هەندێک لایەن گرووپی چەکداریان هەیە. بڕوام پێ بکە لە هەندێ شوێنی دیاریکراودا، من دۆسیەیەکی ئەمنیم گرتە دەست، لە کاتی خۆی، ویستم لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکەم، وەک حەزێک بۆ زانینیش، دەرکەوت هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت ململانێ لە نێوان گرووپەکانی بەرەنگاربوونەوە و هەرێمدا هەبێت، یان لەنێوان گرووپەکان و باڵیۆزخانەی ئەمریکا. 
 
رووداو: لایەنی نێوخۆیی؟
 
رەیان کلدانی: بێگومان لە نێوخۆ
 
رووداو: سەر بە گرووپە چەکدارەکان نین؟
 
رەیان کلدانی: هەندێ لایەن نە گرووپەکان و نە ئەوانی دی سەر بە ئەوێ نین.. شتێکت پێ دەڵێم یەکەم جارە باسی بکەم و، رەنگە هەندی لە برایان بڵێن قسە ناکەین، هەندێک لە برایان لە گرووپە چەکدارەکان سێ کەسیان دەستگیرکرد کە لایەنێکیان بە ئامانج دەگرت و دەیانگوت هەرێمی کوردستان ئێمەی ناردووە. ئەمە زانیارییەکی مەترسیدارە.
 
رووداو: هێرشکردن لە بەغدا؟  
 
رەیان کلدانی: بەڵێ هەندێک کەسیان بەئامانج دەگرت و دەستگیرکران لەلایەن گرووپێکەوە لە حەشد یان لایەنی دیکە دەیانویست تۆوی فیتنەیەک لەنێوان ئەو گرووپانە و هەرێم بچێنن. دواییش دەرکەوت سەر بە هەرێم نین.
 
رووداو: گوتیان کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نێردراون؟ 
 
رەیان کلدانی: بێگومان. بەڵام درۆ دەرچوو. تەنانەت من بە برایانی فەرماندەم گوت، بۆ لەم رووەوە لەگەڵ هەرێم قسە ناکەن و پێیان ناڵێن، گوتیان نا ئەمە بابەتێکە دەیزانین و دەیبیستین. هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت فیتنە بچێنن. بۆ؟ لەبەر ئەوەی پەیوەندی لەنێوان هەموواندا نییە. تاوەکو ئەمڕۆش، کە دەبێت ئەم وڵاتە... چەندین هێزی سیاسیی تێدا هەبێت، پێویستە هەر دوو سێ رۆژ جارێک پەیوەندی هەبێت لە نێوان هەموو حیزبەکان. ئێمە بە داخەوە ئەم شتەمان نییە، هەر کەسێک دانیشتووە و بێدەنگە و پەیوەندیی بەوانی دیکەوە نییە. دەبێت پەیوەندی هەبێت. ئێستا رەنگە پەیوەندیی کاک بافڵ لەگەڵ هەندێ لایەنی شیعە بەهێزتر بێت لەوەی لەگەڵ هەندێ لایەنی کورد هەیەتی. ئەمە جیاوازییەکەیە. پەیوەندیگرتن. هەروەها نیازپاکی.
 
رووداو: لە نۆڤەمبەری 2021 باسی زەحمەتیت کرد کە رووبەڕووی چالاکڤانانی کریستیان دەبنەوە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە ئەلقوش، چ جۆرە زەحمەتییەک؟
 
رەیان کلدانی: لە راستیدا ئەمانە سەرکردەکان نین، کەسانی خۆجێین و سەر بە حیزبن.
 
رووداو: جۆری زەحمەتییەکان؟
 
رەیان کلدانی: دەستگیرکردن
 
رووداو: لەسەر چ بنەمایەک؟
 
رەیان کلدانی: هەروا.. بۆ قسە بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێیت؟ تەنانەت ئەگەر لەسەر پڕۆژەیەک یان ئاو یان موەلیدەیەک یان کارەبا یان هەر شتێک رەخنە لە حیزب بگرێت دەستگیر دەکرێت. هەروەها ئەو قەشانەی لەوێ هەن داوایان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزکردەوە، هەروەها بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە سوپاسەوە هاتە دەنگ و بابەتەکەی چارەسەرکرد... دەستگیرکردنەکە رووی دا.
 
رووداو: لەلایەن کێوە؟ 
 
رەیان کلدانی: وابزانم لەلایەن یەکێک لەو کەسانەی دایانناون. بڕیارێکی دادگە لە بەغداوە دەرچوو کە قایمقام بگەڕێتەوە ئەلقۆش، پێغەمبەر ناحۆمیش گۆڕەکەی لە ئەلقۆشە، بڕیارێک دەرچوو و دەستگیریان کرد، لەنێو ناحییەکە دەستگیریان کرد و دوو رۆژ بەندیان کرد. کێ بوون، هێزێکن پێیان دەڵێن هێزی زێرەڤانی و یەکێکیان هێنا هەر رەزامەندیشی نییە و بڕیاری دادگەی نییە ئەویان دانا.
 
رووداو: هێشتا نییەتی؟
 
رەیان کلدانی: هێشتا هەر ماوە. خۆت دەزانی برایانی هەرێم پەیوەندییان نییە و تەنانەت دانیش بە ناوەنددا نانێن. ئەمە واقیعێکە.
 
رووداو: سەرکردەکانتان ئاگادارنەکردنەوە؟ 
 
رەیان کلدانی: برایانمان ئاگادارکردەوە و بەڕێز نێچیرڤانیش هاتە سەر خەت، بەڵام دەزانی هەندێ شت هەن و رەنگە...
 
رووداو: کێ زۆرترین لێکتێگەیشتنی لەگەڵتان هەیە لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان؟
 
رەیان کلدانی: هەموویان برای بەڕێزن. هەموویان.
 
رووداو: کێ زۆرترین لێکتێگەیشتنی هەیە؟ 
 
رەیان کلدانی: من بەڕێز مەسعود بارزانیم بینی، تێگەیشتنی زۆر باشی هەبوو، ئەوە یەکەم جار بوو بیبینم. بەڵام هەندێ کەس هەیە لە ئاستی سەرکردەی بچووک، ئەوانە کێشە لەنێوان هەمووان دەنێنەوە.
 
رووداو: لە 23ی ئاب، شتێکت نووسی با وەکو خۆی بیخوێنمەوە: "لەبەردەم چەمکی خۆپێشاندان سەر دادەنەوێنین و مافی خۆپێشاندان و مافی گەل بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی"، پشتگیری لە مافی بڕیاری چارەنووس بۆ کورد دەکەیت؟
 
رەیان کلدانی: بێگومان. کێشەکە ئەوەیە پەیوەندیی نێوان کریستیان و کورد پەیوەندییەکی زۆر کۆنە، رەنگە لە سەردەمی تۆما تۆماس کە ئێمە شانازیی پێوە دەکەین و خۆشمان دەوێت و خەڵکی ناوچەکەی منە و کەسی منە، لە هۆزی ئێمەیە.. یەکێک بوو لە شەڕڤانانی حیزبی شیوعی و لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نزیک بوو. ئێمە پێشتر گوتمان، خوێنی کورد و کریستیان تێکەڵ بە یەکتر بوون، لەپێناو رزگارکردنی وڵاتەکە. پێشتر و ئێستاش. ئەمڕۆ ئێمە رێز لە برایانی کورد دەگرین، بەڵام پێویستە برایانی کوردیش رێز لە هاوبەشەکانیان بگرن، کریستیان بە پاشکۆی خۆیان نەزانن، هەرگیز ئەوەمان قبووڵ نییە.
 
رووداو: من باسی ئەمە ناکەم، باسی مافی بڕیاردان لە چارەنووس دەکەم؟ بڕوات بەو مافە بۆ کوردیش هەیە؟
 
رەیان کلدانی: بێگومان، هەر وەک چۆن باوەڕم بە مافی چارەنووسی برایانی سوننە و شیعە و کریستیان و ئەوانی دیکە هەیە. بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە، وەک چۆن من ئەمڕۆ رێز لەوان دەگرم پێویستە برایانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش رێز لە تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەی کریستیان بگرن، نەک کریستیان بە پاشکۆی خۆیان بزانن، ئەمەمان قبووڵ نییە، وەک چۆن ئەمڕۆ قبووڵ ناکەین کریستیان پاشکۆی هیچ لایەنێک بێت، سوننە بێت یان شیعە یان کورد یان هەر شتێک. سەردەمی پێشوو جیا بوو، ئێستا دۆخەکە لەگەڵ جاران جیاوازی هەیە، جاران کریستیانێک ئەوپەڕی تفەنگێکی هەبوو، ئێستا کریستیان لە خوا بەزیاد بێت خۆیان دروستی دەکەن. ئێستا دۆخەکە لەگەڵ پێشوو جیاوازیی هەیە.
 
رووداو: بۆچی پێتوایە پارتی دیموکراتی کوردستان کریستیانەکان وەک پاشکۆ دەبینێت، دەچمە ناوچە کریستیانییەکان، عەنکاوە بۆ نموونە، هەست بە جیاوازییەکان دەکەم، لەوێ تەنانەت ناتوانم کوردی قسە بکەم، دەبێت عەرەبی قسە بکەم، لە رووی ئیداریشەوە پێشتر ناحییە بوو و کرا بە قەزا، وەزیرێکی کریستیان لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەنێو سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کریستیان هەن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کریستیانە. 
 
رەیان کلدانی: رۆڵیان هەیە، بەڵێ سەرۆکی دیوان لەگەڵ کاک نێچیرڤانە. کاک نێچیرڤان رۆڵ دەدات.
 
رووداو: بۆچی پێتوایە کریستیانەکان رۆڵیان نییە؟ یەکەم شوێن کە کریستیانەکان روویان لێکرد لە 2014 هەرێمی کوردستان بوو؟
 
رەیان کلدانی: ئەمە پەیوەندیی نییە. رۆڵگێڕان پەیوەندیی بە لەئامێزگرتنی ئاوارەکانەوە نییە. ئەمە شتێکە و ئەوە شتێکی دیکەیە. من باسی رۆڵی سیاسی دەکەم. ئەمەی ئێرەش پێشوازیکردنی خەڵکە لەئامێزگرتنی ئاوارەکانە. بەڵێ هەرێم
 
رووداو: من باسی دەکەم وەکو.. 
 
رەیان کلدانی: تۆ دەڵێیت ئاوارە بوون.
 
رووداو: راستە، بەڵام خەڵکەکە راستەوخۆ هاتن بۆ هەرێمی کوردستان و نەچوون بۆ بەغدا. 
 
رەیان کلدانی: لەبەر ئەوەی لەوێوە نزیکین و هیچ رێگەی دیکەمان نییە
 
رووداو: کاتێک هەست دەکەیت شتێکت بەسەردێت، دەچیتە ئەو شوێنەی کە دڵت پێت دەڵێت لەوێ پارێزراوی؟
 
رەیان کلدانی: یەکەم شت بەوپەڕی راشکاوی و راستگۆییەوە قسە دەکەین، برایان لە هەرێم بە سوپاسەوە، کە ئەمڕۆ بەشێکن لە عێراق، پێشوازییان لە خەڵکەکە کرد، لە کریستیان و ئێزدی و ئەوانیان پاراست. ئەمە شتێکە کەس ناتوانێت نکۆڵیی لێ بکات. بەڵام کریستیانەکان بژارەی دیکەیان نەبوو یان دەبوو بچنە لای داعش یان بچن بۆ هەرێم، یان بمێنن و بکوژرێن، هەرێم باوەشی بۆیان کردەوە. ئەمە شتێکە هەرگیز نکۆڵیی لێ ناکرێت. بەڵام ئەوەی من مەبەستمە رۆڵ و بەشدارییە لە بڕیاردان. 
 
کێ لە برایانی کریستیان لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاربەدەستە؟ با راشکاوانە قسە بکەین بۆ ئەوەی بە ئەنجامێک بگەین. ئەمڕۆ، ئەم دروشمانە، نەک تەنیا لە هەرێم، تەنانەت لە بەغدایش. هەر کریستیانێک ئێستا لەگەڵ هەر حیزبێک بێت چ شیعە یان سوننە یان.. بڕیاربەدەست نییە. بڕیار نادات، ئەو بڕیارەی ئەوان دەیدەن ئەوە جێبەجێ دەکرێت. تەنانەت لە پێشووشدا کاتێک هاوپەیمانیی فەتح بووین لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، بڕیاریان نەبوو. بۆچوونێکیان هەبێت؟ نا هەرگیز. با باسی هەمووان بکەین بە شێوەیەکی گشتی. ئەمڕۆ ئەرکی کریستیان ئەوەیە کریستیان بێت، حیزبی کریستیانی هەبێت، هۆکاری فیتنەیش نەبێت لەنێوان ئەوانی دیکەدا.
 
رووداو: یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی پاپا راگرتنی کۆچی کریستیانەکان بوو، هێشتا کۆچ دەکەن؟
 
رەیان کلدانی: کەمن، بەڵام هێشتا کۆچی کریستیانەکان هەیە، لەبەر ئەوەی ئەوروپا دەروازەکانی لەسەریان داخستن.
 
رووداو: گلەییتان لە وڵاتانی رۆژئاوا هەیە لە هاندانی کریستیانەکان بۆ کۆچکردن لە عێراق؟
 
رەیان کلدانی: پێشتر بەڵێ، تەنانەت قسەم لەسەر کرد، پێشتر وابوو، ئەمڕۆ ئێمە رێز لە هەموو کەسێک دەگرین کە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات بە مانەوە لە عێراق یان دەرەوەی عێراق، چونکە ئەمە مرۆڤە و ناتوانین رێگری لە بیرکردنەوەی بکەین، ئێمە دیکتاتۆر نین هەڵیبگرین و بەهێز بیرکردنەوەی بگۆڕین، هەرگیز، با شتێکی باشتری لە کۆچ پێشکێش بکەین تاوەکو بتوانین بیهێڵینەوە، ئەگەر ئێمە خزمەتگوزارییان پێشکێش نەکەین، حکومەتی بەغداش جێیانبهێڵێت و حکومەتی هەرێمیش وەکو پاشکۆ تەماشایان بکەن و هەندێک لێرەش لە بەغدا وا دایانبنێن وەکو پلەی پێنجەم، تەنانەت هەندێک لە کەسە سیاسییەکان یان خاوەن بڕیارەکان کریستیانەکان بە هیچ دانانێن، کەسێک کریستیان بێت بەڕێوەبەری گشتی بێت دەریدەکەن و کەسێکی دیکە دەهێنن لە پارێزگایەکەوە و وەکو بەڕێوەبەری گشتی دایدەنێن و پلەی کریستیانەکە وەردەگیرێتەوە، بەڵێ من دەڵێم، پشتگوێخستنی کریستیانەکان هەیە لەلایەن هەمووانەوە. 
 
رووداو: لە پێوەری یەک بۆ 10، چەند دەدەیت بە ئاستی پەیوەندییەکەت لەگەڵ کەنیسە؟
 
رەیان کلدانی: ئەمڕۆ رەنگە پەیوەندییەکم لەگەڵ زۆربەی پیاوانی ئایینی، 14 تائیفە، هەمووی باشە، یەک تائیفەش هەیە کە ئێمە کەسێکمان هەیە کە پاتریارکە، بەڵام مەترانەکان پەیوەندیم لەگەڵ هەموویان باشە و هەندێکیان خزمی خۆمن.
 
رووداو: چ رێژەکی دەدەیتێ؟
 
رەیان کلدانی: چ رێژەیەک
 
رووداو: لە یەکەوە بۆ 10؟
 
رەیان کلدانی: پەیوەندیم لەگەڵ کێ؟ لەگەڵ کەنیسە بەشێوەیەکی گشتی؟
 
رووداو: لەگەڵ کەنیسە. 
 
رەیان کلدانی: 10 لە 10، لەگەڵ یەک کەس نەبێت، یەک کەس
 
رووداو: لە 2016 لە راگەیێندراوێکدا پەتریارکی خۆی لە تۆ بێ بەری کرد و گوتی، پەیوەندیتان بە کریستیانەکانەوە نییە و رەیان کلدانی نوێنەراتی کریستیانەکان ناکات؟ 
 
رەیان کلدانی: ئێستا باسی دەکەم، ئێستا باسی دەکەم، نەخێر ببوورە.
 
رووداو: دەپرسم، من لە پشتی تۆوە قسە ناکەم، رووبەڕووی خۆت قسە دەکەم.
 
رەیان کلدانی: مەبەستی حەشدە، کە لە دەشتی نەینەوا هەیە، گوتی ئێمە سەرکۆنەی لێدوانێکی دیاریکراو دەکەین و گوتیشی، ئێمە لەگەڵ ئەوەین لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق بن، حەشدیشی نازانم بە چی دانا، بەو زمانە قسەی کرد، ئەو خۆی کێشەیەکی تاکەکەسی هەیە و باسی ناکەم، ئەو سێ مانگی ماوە کورسی پەتریکی جێدەهێڵێت و کەسێکی دیکەی دێتە شوێنی، ئەو بابەتە کۆتاییهات و ئەو خانەنشین دەبێت و تەواو، دەزانیت ئێمە...
 
رووداو: خۆشحاڵیت بەوە؟ 
 
رەیان کلدانی: نەخێر هەرگیز، بەپێچەوانەوە من نزای بۆ دەکەم و لێی خۆش دەبم و من لێی بوراوم، دەزانێت لێکتێنەگەیشتنمان هەیە، هۆکاری لێکتێنەگەیشتنەکەمان کێشەیەکە لەسەر هەندێ رەفتار، ئێمە بۆ نموونە ئەمڕۆ کەنیسەیەکمان هەیە، دەزانیت ئێمە وەقفمان نییە و پاتریارکیمان هەیە و موڵکەکان بە ناوی پاتریارکییەوەیە، لای ئێمە هەموو فرۆشتنێک قەدەخەیە، هەندێک لە برایان بەداخەوە زۆر لەو زەوییانەیان فرۆشت و ئێمە بە رووی ئەم پڕۆژەیە وەستاین و هەوڵماندا کەلەپوور و مێژووی کریستیانیمان بپارێزێن، من ناڵێم هەڵەی زۆری هەیە، بەڵام مادام دوای دوو سێ مانگ ئەو دەردەچێت من وەکو رەیان لێی خۆشبوومە لەسەر هەموو ئەو قسانەی کردوونی.
 
رووداو: لە 2019 حکومەتی ئەمریکا تۆی خستە لیستی سزاکانەوە، با بیخەمە نێو کۆتەیشنەوە، بەهۆی پێشێلکاری گەورە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ.
 
رەیان کلدانی: پێموایە بۆ یەکەمجارە قسە لەسەر ئەوە دەکەم، من چاوم بە بەڕێز مستەفا کازمی کاربەڕێکەر نەکەوتبوو، تێڕوانینی خۆم هەیە، نێوەندگیری کرا هەم لەنێوخۆ و هەمیش لە دەرەوە، پێموابێت جارێک یان دووجار چاوم پێکەوت، قسەیەکی پێگوتم و گوتی ئەمریکییەکان، پێموابێت منیش گوتم کامەیان داگیرکەر یان کامەیان؟ پێموابێت گوتم کامانە، داگیرکەر، یان کێ؟.. دەزانێت تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش، دەڵێت هەر وڵاتێک داگیرکاربێت دەبێت رووبەڕووی ببیتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان وا دەڵێت نەک من. تەنانەت پێی گوتم ئەوان پێیانوایە پەرداخێکی خوێن دەخۆیتەوە، گوتم ئەگەر داگیرکەران وا دەڵێن بڵێ بوتڵێک خوێن دەخۆمەوە نەک پەرداخێک. 
 
ئەمڕۆ ئێمە رێز لە رۆڵەی وڵاتەکەمان دەگرین، بەڵام ئەمریکییەک بێت و بمانخاتە نێو لیستی سزاکان، پێموایە ئەمە شانازی و مەدالیایەکە دەیخەمە سەر سنگم. چونکە ئێمە شەڕی کێمان کردووە؟ زۆر بە راشکاوی قسە دەکەم، شەڕی کێمان کرد؟ ئێمە شەڕی داعشی تیرۆریستمان کرد. 
 
مافی مرۆڤی چی، ڤیدیۆیەکیان هێناوە، یەزەن مەشعان جبووری ماوە، هەموو برایان ئەمە دەزانن کە من نیم لە ڤیدۆیەکە، ئەو کەسە گوێی کەسێک دەبڕێت، یەکێک لە پیاوانی ئایینی کریستیانەکان، من بە راشکاوی قسە دەکەم، یەکێک لە پیاوانی ئایینی کریستیانەکان، راپۆرتێکی لەسەرم نووسی و دەڵێت ئەو ڤیدیۆیە هی رەیانە، ئێمەیان خستە لیستی سزادانی ئابووری. شانازی دەکەم کە یەکەم کریستیان بم لە جیهان بخرێمە نێو لیستی سزاکان، دووەم کەسیش لەگەڵ من خرایە ئەو لیستە جوبران باسیل بوو، وەزیری دەرەوەی لوبنان.
 
رووداو: ڤیدیۆکە تۆ نیت
 
رەیان کلدانی: نەخێر هەرگیز، ڤیدیۆکە هەیە لە یوتیوب
 
رووداو: من ڤیدیۆکەم بینی، کەسێکی هەیە گوێ دەبڕێت؟
 
رەیان کلدانی: نەخێر ئێمە شتی دیکە دەبڕین
 
رووداو: کێیە لە ڤیدیۆکە؟
 
رەیان کلدانی: بەڵێ؟
 
رووداو: کێیە لە ڤیدیۆکە؟
 
رەیان کلدانی: من نیم، ئەو کەسە دیارە کێیە، لە یەکێک لە گرووپەکان بوو و پاشان لە حەشدیش دوورخرایەوە.
 
رووداو: ناوت لە لیستی سزاکان دەرکەوت، تۆش بەڵگەت هەیە، هەوڵت نەدا پەیوەندی بە ئەمریکییەکانەوە بکەیت؟
 
رەیان کلدانی: ئەوان ڤیدۆکەیان بۆ ئەمریکییەکان ناردبوو، لە دادگەوە نووسراو بۆ حکومەتی عێراقی کرابوو بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، دادگاییەکەیان کرد و ڤیدیۆکەیان هێناو سەیریان کرد، تەنانەت مافی مرۆڤیش گوتیان ڤیدۆکە تۆ نیت. دواتر نامەیەکم لە یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکەوە بۆ هات، کە ئەمریکییەکان گوتوویانە، هۆکاری ئەو کێشەیە یەکێک لە پیاوانی ئایینی کریستیان بووە.
 
رووداو: پەیوەندیدار نییە بە پەیوەندییەکانت لەگەڵ حەشد؟ 
 
رەیان کلدانی: هەرگیز، حەشد ئەمڕۆ بەشێکە لە سیستمی ئەمنی و سەربازی لە وڵات و لێی جیا نابێتەوە، شانازی بەوەوە دەکەم ئەگەر پەیوەندی بە حەشدەوە بێت. شانازی بەوەوە دەکەم. 
 
رووداو: بەڕێز رەیان، هەندیک ڤیدیۆ هەن من بینیومن باسی ئازادکردنی قودس دەکەیت؟
 
رەیان کلدانی: نەخێر، کێشەکە ئەوەیە هەندێک قسە لەبەریەک هەڵدەوەشێنن، ئێوە ناڵێن بسم اللە هێشتا نەتانگوتووە الرحمن الرحیم، ئارام بگرن تاوکو بڵێن. 
 
رووداو: نا، دەڵێت، لا تقربوا الصلاة، ئینجا تەواوی ناکا. 
 
رەیان کلدانی: وانتم سکاری. 
 
رووداو: وانتم سکاری. 
 
رەیان کلدانی: نا ئاساییە. 
 
رووداو: هەندێ نیوەی دەڵێن، بەڵام دەبێت هەمووی بڵێیت. 
 
رەیان کلدانی: پێویستە ئێستا تۆ چی بکەیت، دەبێ لە کەس لە هەولێر نزیک نەبیتەوە... من دەمەوێت بەوپەڕی راشکاوییەوە قسە بکەم، پێمانوایە قیبلەی موسڵمانان کەعبەیە ئێمە رێزی لێدەگرین، ئێمەش بێت لەحممان هەیە، بێت لەحم لای ئێمە هەر لە منداڵییەوە هەر پیرۆزە بووە، لای هەر کریستیانێک، چونکە ئەو شوێنە شوێنی لەدایکبوون و دابەزینی یەسوعی مەسیحە، ئێمە شانازیی پێوە دەکەین. ئێستا لە هەر کوردێک بپرسی نایانەوێت فەلەستین لەژێر دەستی ئیسرائیل ئازاد بکەن؟ تۆش بەهەمان شێوە ئەو هەستەت نییە؟ ئەگەر تۆ کێشەت نەبێت رەنگە ئێمە کێشەمان هەبێت! بۆچی چونکە ئێمە وا گەورەبووین کە بێت لەحم لای ئێمە شتێکی پیرۆزە، ئەمڕۆ موسڵمانان کە مزگەوتی ئەقسا یان کەعبە پیرۆزە لایان و هەستیان چی دەبێت ئەگەر کەسانی غەریب لێی نزیکببنەوە. دەزانیت کە قەشەکان کاتێک لە شوێنێک تێدەپەڕن لە بەیت مەهد، ببوورە کە وا دەڵێم، ئیسرائیلییەکان سووکایەتییان پێدەکەن و لێیان دەدەن، چونکە بڕوایان بە خاچ نییە. 
 
رووداو: کەواتە بڕوات بە ئازادکردنە؟
 
رەیان کلدانی: بەڵێ، بڕوامان بە ئازادکردنی بەیت لەحم هەیە، بە راشکاوی دەڵێم، جا لای هەر داگیرکەرێکەوە بێت، ئیسرائیلی بێت یان هەر یەکێکی دیکە بێت، قسەکە روونە. من کە قسە لەسەر ئەوە دەکەم ئەو رۆژەیە کە تێیدا لەدایک بووم، ئەمڕۆ لای هەر موسڵمانێک کەعبە شوێنێکی پیرۆزە، ئێمە رێز لەوە دەگرین و ئێمەش پێمانوایە شوێنێکی پیرۆزە، بەڵام دەبێت ئەوانی دیکەش ئەوە بزانن کە بێت لەحم شوێنێکی پیرۆزە هەر لە منداڵییەوە لەسەر ئەوە فێربووین، لە کەنیسە و ماڵەوە و پەروەرەدەی کریستیانەوە فێری بووینە.
 
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، سرووشتی پەیوەندییەکانت لەگەڵ ئێران چۆنە؟
 
رەیان کلدانی: حاڵی وەکو حاڵی هەر وڵاتێکی دیکەیە، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ رووسیا هەیە، لەگەڵ ئێران پەیوەندیمان باشە، لەگەڵ زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە یارمەتی عێراقیان داوە، پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەمیان باشە. بەڵام لەگەڵ داگیرکەران هیچ پەیوەندییەکمان نییە.
 
رووداو: بڕوات بەوە هەیە کە ئێران دەستێوەردانی لە رادەبەدەری لە کاروباری عێراق هەیە؟
 
رەیان کلدانی: لە قۆناخی رابردوودا.. جۆرێک لە دەستێوەردان هەبوو، بەڵام ئێستا رێگە نادرێت بە هیچ دەستێوەردانێک. لە رابردوودا دەزانن ئێران لە زۆر بارودۆخدا هاوشانی عێراق وەستاوە، شەهید حاجی قاسم رەنگە زیاتر لەگەڵ عێراق وەستابێت تاوەکو ئێران، حاجی قاسم لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەستاوە پێش ئەوەی لەگەڵ بەغدا بوەستێت، من شاهێدی لەسەر ئەو دەدەم، شتێک نییە کەسێک پێمی گوتبێت. من شایەدحاڵم، ئەمە شتێکە نابێت نکۆڵی لێبکرێت. هەر دەوڵەتێک ئاشتی و خۆشەویستی پێ بەخشیبم و پاڵپشتم بووبێت و منیش لە مەترسیدابووبم، رێز و پێزانینی خۆمی پێشکێش دەکەم، ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایین و مەزهەبەوە نییە، بە بیرکردنەوەی مەبەستم.
 
رووداو: شتێکم بۆ ئاشکرا بکە لەم بەرنامەیە. 
 
رەیان کلدانی: ئامادەم.
 
رووداو: کێ بەڕێز بافڵی پێ ناساندی؟
 
رەیان کلدانی: بەڕێز بافڵ پەیوەندییەکی رۆحی دەمانبەستێتەوە.
 
رووداو: کێ پێی ناساندی؟ ئەو شەهیدەی باست کرد کێیە؟
 
رەیان کلدانی: من و ئەو پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ ئەو شەهیدە دەمانبەستێتەوە، کە ئەویش شەهیدی فەرماندەی ئازیز و خۆشەویست حاجی قاسم سولەیمانییە. 
 
رووداو: بەڕێز رەیان کلدانی زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە، گفتوگۆکردن لەگەڵت خۆش بوو
 
رەیان کلدانی: بەخێربێن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە