بەرپرسی بەشی ژینگە لە WFP بۆ رووداو: لە هەرێمی کوردستان دەستڕاگەیشتن بە ئاو گرفتە

13-11-2024
ویلیام ئۆکۆیۆ، بەرپرسی بەشی ژینگە لە رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP)
ویلیام ئۆکۆیۆ، بەرپرسی بەشی ژینگە لە رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP)
نیشانەکردن کۆپ29
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی بەشی ژینگە لە رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) دەڵێت، عێراق و هەرێمی کوردستان مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە و لە هەرێمی کوردستان دەستڕاگەیشتن بە ئاو گرفتێکە، کە دەبێت رێگە بدۆزینەوە چۆن خەڵکی ناوچە دوورەدەستەکان دەستیان بە ئاو بگات. 
 
ویلیام ئۆکۆیۆ، بەرپرسی بەشی ژینگە لە رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) لە پەراوێزی کۆنفرانسی کۆپ29 قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد. ویلیام پێیوایە، عێراق بەگشتی لەڕووی کەشوهەواوە رووبەڕووی گەلێک گۆڕانکاری بووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بژێویی زۆر کەس هەبووە، هەروەها زۆر کەس بەهۆی کەشوهەواوە لە پارێزگاکانی باشوورەوە بەرەو باکووری عێراق و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کۆچی نێوخۆیی دەکەن. 
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ویلیام ئۆکۆیۆ، بەرپرسی بەشی ژینگە لە رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP):
 
رووداو: بەڕێز ویلیام، زۆر سوپاس کە لەگەڵ ئێمەیت. چۆنە جلی کوردیت لەبەرکردووە؟ کێ بۆی کردوویت؟ 
 
ویلیام: ماوەیەکە لە عێراق کاردەکەم و جلی کوردی زۆر جوانە، بۆیە بۆ ئەمڕۆ پێموابوو جوان دەبێت لەم کۆپ 29یەدا تیشک بخەمە سەر جلی کوردی و پیشانی بدەم، کە چۆن ژیان کاری لە کۆمەڵگە نێوخۆییەکانی عێراق کردووە. ئەمە تەنیا هەوڵێکە بۆ پیشاندانی دیوە جوانەکەی عێراق بەگشتی. ئیتر ئاوا. 
 
رووداو: عێراق لە کوێی گۆڕانی کەشوهەوادایە؟ کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق چەندن؟ 
 
ویلیام: بەڵێ، عێراق بەگشتی لەڕووی کەشوهەواوە رووبەڕووی گەلێک گۆڕانکاری بووەتەوە. بەدرێژایی ساڵانێک بینیومانە کە کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر بژێویی زۆر کەس هەبووە. هەروەها دەبینین کە زۆر کەس بەهۆی کەشوهەواوە لە پارێزگاکانی باشوورەوە بەرەو باکووری عێراق و ناوچەکانی کوردستان کۆچی نێوخۆیی دەکەن. دەتوانین ببینین کە ئەمە کاریگەریی لەسەر هەندێک سەرچاوەی گرنگی سرووشتی دەبێت. کاریگەریی لەسەر دارستان و ئاوەکان دەبێت. هەروەها کاریگەریی لەسەر یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی هەیە، بۆیە بە گشتی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی گەورەی لەسەر عێراق هەبووە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمە شتێکە هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان دانیان پێدا ناوە، کە کاری لەپێشینەیانە. جا بۆ پاراستنی ئەم شێوازی ژیانە پێویستمان بەوەیە کار لەسەر ئەوە بکەین رێژەی دەردانی کاربۆن کەم بکەینەوە. هەندێک لەم کاریگەرییانە کەم بکەینەوە، بەتایبەتی لەسەر کۆمەڵگە لاوازەکان. 
 
رووداو: راستە کە عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە؟  
 
ویلیام: من ناڵێم یەکێکە لەو پێنج وڵاتە، بەڵام عێراق مەترسیی لەسەرە و کاری تێکراوە و ئەم مەترسی لەسەربوونەیش شتێکە دەتوانین لە کاروباری رۆژانەماندا بیبینین. دەتوانین ببینین کە چۆن ناوچەکان جیاوازن و چۆن بەرهەمە کشتوکاڵییە جیاوازەکان کاریان تێکراوە. هەروەها کۆمەڵگەکانمان و بەتایبەت کۆمەڵگە لاوازەکانمان کاریان تێکراوە و ناتوانن بەرهەم بهێنن کە لە پێشتردا بەرهەمیان هەبوو. ناتوانن بە شێوازی پێشوویان بژین و پشت بە سرووشت ببەستن. ئەمە شتێکە لە عێراق راستییەکە و..
 
رووداو: لە کوردستانیش؟ 
 
ویلیام: بەڵێ، لە کوردستانیش. عێراق و هەرێمی کوردستان بە هەموو پارێزگاکانیانەوە مەترسیی جیاوازیان لەسەرە. لە هەرێمی کوردستان دەستڕاگەیشتن بە ئاو گرفتێکە، کە دەبێت رێگە بدۆزینەوە کە چۆن خەڵکی ناوچە دوورەدەستەکان دەستیان بە ئاو بگات. دەبێت بزانین چۆن خەڵکی ناوچە دوورەدەستەکان و ئەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە چۆن دەتوانن پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراکیان بکەن. ئەمە شتێکە راستییە و روودەدات و دەتوانین لە ژیانی رۆژانەدا بیبینین.  
 
رووداو: دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا چی بکەن؟ 
 
ویلیام: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر رێڕەوێکی دروستە. ئەوان بەشی گۆڕانی کەشوهەوایان دامەزراندووە. هەروەها ئەنجوومەنی راوێژکاری هەیە کە هەوڵ دەدات پارەی جۆراوجۆر بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دابین بکات، بەڵام وەکو شتێکی رۆژانە، یەکەم شت ئەوە گرنگە کە چۆن شێوازی ژیانمان بگۆڕین و چۆن خۆمان لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنین. ئەوە یەکەم شتە کە زیاتر پەیوەندیی بە هۆشیارییەوە هەیە. دەبێت هەوڵ بدەین لەم بارەیەوە خەڵک هەستیار بکەین و پێیان بڵێین گۆڕانی کەشوهەوا شتێکە کە روودەدات، هەر بۆیە ئەم ئاڵنگارییانەمان لە بەردەمدان. هەروەها دەبێت بزانین چۆن خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین.  
 
دووەم شتیش ئەوەیە کە چۆن وەبەرهێنان کەشوهەوا بهێنین یان پارە بۆ کەشوهەوا بهێنین بۆ هەندێک لەم کۆمەڵگانەی مەترسییان لەسەرە کە گۆڕانی کەشوهەوا کاری تێکردوون. دەبێت بزانین کە چۆن دڵنیا دەبینەوە لەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات لەگەڵ کەشوهەوادا گونجاوە. گرنگترین شتیش ئەوەیە کە چۆن دڵنیا ببینەوە لەوەی سیستمی خۆراکیمان و ژێرخانی خۆراکیمان لەگەڵ کەشوهەوادا خۆیان دەگونجێنن. جا هەرێمی کوردستان یەکێک لەو دەستپێشخەرییانەی کردوویانە بریتییە لە هەڵمەتی بەدارستانکردن، کە پێکەوە لەگەڵ WFP و UNDPدا کاری لەسەر دەکەین و هەوڵ دەدەین دارستانەکانی عێراق یان کوردستان بپارێزین تاوەکو سیستمی خۆراکی بپارێزین، بۆیە ئەمە یەکێکە لە دەستپێشخەرییە باشەکان کە کراوە و حکومەت کاری لەسەر دەکات بۆ ئەوەی دارستانە سرووشتییەکان بپارێزێت و بهێڵێتەوە. ئەو کاتە دەزانێت کە چۆن خەڵکی ناوچە دارستانییەکان لە ژیانی رۆژانەیاندا لە لایەنی بەرهەمی خۆراکییەوە پشت بەمە دەبەستن. هەروەها دەیشزانین کە دارستانەکان بورجی ئاون، باران کێش دەکەن و هەمەچەشنیی زیندەیی باشتر دەکەن. 
 
رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی دەتوانن چی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی بەرەنگاری گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە؟ 
 
ویلیام: ئێمە وەک WFP بڕوامان وایە چارەسەرێک کە پشتی بە سرووشت بەستبێت دەرفەتێک بۆ باشترکردنی گەشەکردنێکی جێگیر و بۆ پاراستنی سیستمی خۆراکیمان دەڕەخسێنێت، بۆیە هەوڵدان بۆ وەبەرهێنان لە سرووشتدا و خزمەتکردنی سرووشت کە ئێمە پێیدەڵێین کەلەپووری سرووشت و پاراستنی ئەو سرووشتە یەکەمین و گرنگترین کارە. هەروەها دەبێت بزانن کە چۆن لەگەڵ کۆمەڵگە نێوخۆییەکاندا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئەم سرووشتە بپارێزن و بزانن چۆن لای ئەم خەڵکانە برەو بە بژێوی جێگرەوە دەدەن. جا ئەمە سیستمێکی گشتییە و سیستمێکە پێویستی بە کۆمەڵگەیە و هەر کاتێک برەومان بە وەبەرهێنانی خۆگونجاندنی کەشوهەوا دا کە کۆمەڵگەکان تێیدا بەشدار بوون لە پاراستنی هەندێک لە سەرچاوە سرووشتییەکاندا، ئەوا ئەوە رێگەکەیە بۆ خۆگونجاندن و رێگەیەکە بۆ ئەوەی وا بکەین عێراق و کوردستان ئاسایشی خۆراکیان هەبێت و شەڕی گۆڕانی کەشوهەوا بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە