رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 50 کۆمپانیای چینی لە هەرێمی کوردستان دا کار دەکەن، دەشڵێ ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆ و قوتابخانە ئامادەییەکانی هەرێمی کوردستان، ئامادەییان بۆ کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی چینی نیشانداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2024، لیو جیون، کۆنسووڵی گشتیی چین بەشداری لە نوورۆژی رووداو کرد، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد کە رۆڵی لە "پێشخستنی تێگەیشتنێکی وردتر، گشتگیرتر و بابەتییانەتر بۆ چین" گێڕاوە.
لیو جیون، پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و چینی بە "زۆر باش" ناوبرد و گوتی، "پەیوەندیی بارزگانی و ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و چین، زۆر بەخێرایی گەشەی کردووە، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا."
ئەمڕۆ، پێنجەم ساڵڕۆژی دامەزرانی بەشی زمانی چینییە لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەڵاحەدین، کۆنسووڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە گوتی "پێنج ساڵ لەمەوبەر، ئێمە تۆوێکمان لە هەرێمی کوردستان چاند، ئێستا دوای پێنج ساڵ، ئەو تۆوە بووەتە درەختێکی بچووک."
هەروەها کۆنسووڵی گشتی چین ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا نزیکەی 40 قوتابی لە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین دەخوێنن، بۆ ئەم ساڵی خوێندنیش، تاوەکو ئێستا نزیکەی 70 کەس داواکارییان بۆ خوێندن لەو بەشە پێشکێش کردووە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆنسووڵی گشتیی چین:
رووداو: ئامانجی ئێوە لە کردنەوەی بەشی زمانی چینی چییە و لە ساڵرۆژی کردنەوەی ئەو بەشە، دەتانەوێت چی بڵێن؟
کۆنسووڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان: بەیانیتان باش. هەروەک دەزانن، بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین پێنج ساڵ پێش ئێستا کرایەوە، پێموایە هۆکاری کردنەوەی ئەو بەشە ئەوە بوو، حەزێکی زۆر لەنێو گەنجانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردیدا بۆ زمانی چینی هەبوو، بۆیە ئێمە ویستمان پلاتفۆرمێکی زۆر باش بۆ ئەو کەسانە دابین بکەین کە دەیانەوێت فێری زمانی چینی ببن. پێنج ساڵ پێش ئێستا، ئێمە تۆوێکمان لە هەرێمی کوردستان چاند، ئێستا دوای پێنج ساڵ، ئەو تۆوە بووەتە درەختێکی بچووک، ئەمڕۆش ئێمە ئاهەنگێک بەبۆنەی پێنجەم ساڵیادی دامەزراندنی بەشی زمانی چینی رێکدەخەین.
رووداو: ئێوە چ هاوکارییەک و چەند هاوکاری ئەو بەشە [بەشی زمانی چینی] لە زانکۆی سەڵاحەدین دەکەن؟
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: بەشی زمانی چینی بە پاڵپشتیی حکومەتی چین و پاڵپشتیی زانکۆکانی کرایەوە. ئێستا، ئێمە سێ مامۆستای چینیمان لەو بەشەدا هەیە کە لە چینەوە هاتوون، ئەوان مامۆستای پیشەیین و لە کۆلێژ و زانکۆکانی چین هاتوون، بڕوانامەی زۆرباشیان لە گوتنەوەی زمانی چینیدا هەیە و زۆر بە باشی کار دەکەن. پێنج ساڵ پێش ئێستا، کاتێک بەشی زمانی چینی کرایەوە، دوای ماوەیەکی کەم، پەتای کۆرۆنا بڵاوبووەوە، بەڵام لەوکاتەدا، هەر سێ مامۆستاکە لێرە مانەوە و لەگەڵ خوێندکارەکان لە خوێندنی زمانی چینی بەردەوام بوون، ئەوان بەسەر چەندین ئاڵنگاریدا سەرکەوتن، پێموایە ئەوان کاری زۆرباشییان کردووە بۆ ئەوەی قوتابییان فێری زمانی چینی بکەن. هەروەها لە پێنج ساڵی رابردوو دا، ئێمە بە دابینکردنی پێداویستییەکانی وانەگوتنەوە و رێکخستنی ئیڤێنتی کولتووری، یارمەتیی ئەو بەشەمان داوە، هەروەها لە هەموو هاوینەکاندا گرووپێک قوتابیمان رەوانەی چین کردووە، ئەمساڵیش گرووپێک لە قوتابییانی بەشی زمانی چینی بۆ ماوەی چوار هەفتە رەوانەی شەنگهای دەکەین، قوتابییان سوودێکی زۆر لەو پرۆگرامانەدا دەبینن، ئێمە بە چەندین شێوە هەوڵمان داوە یارمەتیی ئەو بەشە بدەین.
رووداو: چ پلانێکتان بۆ زیادکردنی ژمارەی قوتابییان لەو بەشەدا هەیە؟
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: من، ناتوانم بڵێم پلانێکی تایبەتمان هەیە، پێموایە ژمارەی قوتابییانی بەشی زمانی چینی بەردەوام بەرز بووەتەوە، بۆ نموونە لە ساڵی یەکەم تەنیا 20 قوتابی لەو بەشەدا هەبوون و ئێستا زانکۆیان تەواو کردووە. ئێستا لە قۆناخی دووەم 28 قوتابیمان هەن، هەروەها لە قۆناخی سێیەم 15 قوتابی هەن و بەیەکەوە زیاتر لە 40 قوتابی لەو بەشەدا هەن، بۆ ساڵی نوێش، تاوەکو ئێستا 70 قوتابی داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ خوێندن لە بەشەکەدا، کە ئەوەش زیادبوونێکی زۆرە، نازانم ژمارەی تەواوی ئەو خوێندکارانەی ئەمساڵ لەو بەشە دا دەخوێنن چەند کەس دەبن، بەڵام پێموایە ژمارەی قوتابییان زیاد دەبێت، هەروەها ئەو سێ مامۆستا چینییەش بۆ ساڵی داهاتوو کاری زۆرباش دەکەن، ئێستا ئێمە سێ قۆناخمان لە بەشی زمانی چینی هەیە، ژمارەی قوتابییانی هەموو قۆناخەکانیش نزیکەی 100 کەسە، ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەرەوپێشچوونێکی گەورەیە.
رووداو: هیچ پلانێکتان هەیە بەشی زمانی چینی لە زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەنەوە؟
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە، هەروەک باسم کرد، ئێمە پێش پێنج ساڵ لە زانکۆی سەڵاحەدین تۆوێکمان چاند، ئێستا دوای پێنج ساڵ، ئەو تۆوە بووەتە درەختێکی بچووک. من سەردانی دهۆک و سلێمانی و شوێنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانم کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆ و قوتابخانە ئامادەییەکان حەز بە کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی چینی دەکەن، ئێمە هەوڵدەدەین یارمەتییان بدەین، بۆ نموونە، ساڵی رابردوو لە زانکۆی سلێمانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی چین کرایەوە، هەروەها پێمان راگەیێندرا، ئەوان دەیانەوێت خولی فێربوونی زمانی چینی نەک تەنیا بۆ قوتابییان، بەڵکو بۆ خەڵکی دیکەش بکەنەوە، ئێستا ئێمە یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی ناوەندێکی فێربوونی و تاقیکردنەوەی چینی بکەنەوە، بە هەبوونی ئەم ناوەندەش، نەک تەنیا خولی فێربوونی چینی دەکرێتەوە، بەڵکو دەتواندرێت تاقیکردنەوەی زمانی چینی وەکو تاقیکردنەوەی ئێچ ئێس کەی بکرێت. بەهیوام وەک چۆن تۆوێکمان لە زانکۆی سەڵاحەدین چاند، ئەم ساڵیش مامۆستا بۆ زانکۆی سلێمانی دابین بکەین، بەوەش ئێمە تۆوێکی دیکە لە زانکۆی سلێمانی دەچێنین، لە داهاتووشدا تۆوی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دەچێنین، بەهیواین ئەو تۆوانە ببن بە دار و لە داهاتووشدا هەموویان بەیەکەوە دارستانێک دروست دەکەن، لەبەرئەوەی من ئاگادارم گەنجان حەزێکی زۆریان بۆ فێربوونی زمانی چینی هەیە.
رووداو: پێشبڕکێیەکی ناساندنی زمانی چینیتان رێکخستووە، ئامانجی پێشبڕکێکە چییە و چەند کەس تێیدا بەشدارن؟
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: مەبەستت پێشبڕکێی گرتەڤیدیۆی تۆمارکراوە، ئەم ساڵ ئێمە بۆ ئەوەی ئاهەنگێکی گەورە لە رۆژی نیشتیمانی چین رێکبخەین، زنجیرەیەک ئاهەنگمان رێکخستووە، پێشبڕکێی گرتەڤیدیۆی تۆمارکراو یەکێکە لەو ئاهەنگانە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 کەس داواکارییان بۆ بەشداریکردن لەو پێشبڕکێیە پێشكێش کردووە، ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە پێشبڕکێکە دا بکەن ئەو قوتابییانەن کە بۆ خوێندن چوونەتە چین و ئەو بازرگانانەن کە لە چین کار دەکەن، هەروەها بەشێک لەوانەشی کە لە پێشبڕکێکە بەشداری دەکەن، هەرگیز سەردانی چینیان نەکردووە. دەتوانم بڵێم کە حەزێکی زۆر بۆ بەشداریکردن لەو پێشبڕکێیەدا هەیە، هەروەها ئەم بەیانییە لە پێشبڕکێکەدا ئێمە خەڵاتێکی گەورە بە براوەکان دەدەین، دەمەوێت پیرۆزبایی لە براوەکانیش بکەم. من نامەوێت خەڵاتەکان ئاشکرا بکەم، بەڵام سوپڕایزێکی زۆر خۆشمان دەبێت.
رووداو: خەڵاتەکان چین و چۆن دابەش دەکرێت؟
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: دەتەوێت نهێنییەکە ئاشکرا بکەم؟ بۆ ئەوەی دڵی بەشداربووان خۆش بکەین، ئێمە خەڵاتێکی زۆر باشمان ئامادە کردووە، خەڵاکانیش چەند ئامێرێکی ئەلیکترۆنی چینین، کە لەلایەن کۆمپانیای شیاومییەوە دابین کراون، ئێمە خەڵاتمان بۆ براوەی یەکەم، دووەم و سێیەم دابین کردووە، هەموو ئەوانەی دەبنە براوەی خەڵاتەکە، ژمارەیان دەگاتە 30 کەس. هەروەها ئێمە سوپڕایزێکی دیکەی گەورەمان بۆ بەشداربووان دەبێت، ئێستا ئاشکرای ناکەم، بەڵام سوپڕایزێکی زۆر گەورە دەبێت.
رووداو: ئامانجی ئێوە لەو پێشبڕکێیەدا چییە؟
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: هەروەک باسم کرد، ئەو پێشبڕکێیە بەشێکە لە ساڵڕۆژی نیشتیمانیمان، ئێمە پێمانوایە حەزێکی زۆر و داواکارییەکی زۆر بۆ زمان و کولتووری چینی هەیە، بۆیە ئێمە پێمانوایە بە هەبوونی ئەو جۆرە پێشبڕکێیانە، دەتوانین هانی گەنجان بدەین بەردەوام بن لە خوێندنی زمانی چینی، بە فێربوونی زمانی چینی، گەنجەکان کلیلی ناسینی کولتووری چینییان دەستدەکەوێت، چین شارستانیێکی زۆر کۆنە و ئێستاش گەشتێکی بەرەو بەمۆدێرنکردن دەستپێکردووە، ئەگەر گەنجان لێرە بتوانن بە چینی قسە بکەن، دەتوانن بزانن لە چین چی روودەدات، بە فێربوونی زمانێکی بیانی وەکو زمانی چینی، گەنجان دەتوانن زیرەکییان زیاتر بکەن و لە بواری پیشەیی قۆناخێکی نوێ دەستپێبکەن. بە فێربوونی زمانی چینی، گەنجان سوودێکی زۆریان پێدەگات.
رووداو: چەند کۆمپانیای چینی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؟
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای چینی لە هەرێمی کوردستان هەن، ئێستا لە هەولێر ژووری بازرگانیی چینی هەیە، زیاتر لە 20 کۆمپانیای چینیش لەو ژوورە بازرگانییە دا ئەندامن، هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ئەندامی ئەو ژوورە بازرگانییەن، کۆمپانیای وەکو هواوی و پاوەر چایناـن، کە کۆمپانیای گەورەن، هەروەها چەندین کۆمپانیای بچووکی دیکەی تایبەتیش کە کار دەکەن، دڵنیا نیم، بەڵام هەموو کۆمپانیا چینییەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 50 کۆمپانیا، ئەوان کۆمپانیای زۆر چالاکن و بەشدارییان لە دروستکردنی چەندین پرۆژەدا کردووە. کۆمپانیا چینییەکان لە بوارەکانی بیناسازی، پێداویستییەکانی دروستکردنی خانووبەرە و پیشەسازی نەوت و گازیش کار دەکەن، بەڵام بەمدواییانەدا کۆمپانیایەکی چینی لەبواری دروستکردنی مۆبایلی زیرەک وەبەرهێنانی زۆری لە هەولێردا کرد، ئەو کۆمپانیا نوێیە، پێموایە سوودی هاوبەشی زۆری دەبێت و یارمەتی بەهێزبوونی ئابووری دەدات. لە رابردوودا ئابووری (ـی هەرێمی کوردستان) زۆر پشتی بە بواری نەوت و گاز بەستابوو، بەڵام پیشەسازیی بەرهەمهێنانی چینی یارمەتیدەر دەبێت کە پێکهاتەی ئابووریی هەمەچەشن بێت. هەروەها من پێشموایە هاوئاهەنگیی ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوولامان زیاتر دەبێت.
رووداو: پەیوەندی ئابووریی ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: پێموایە پەیوەندییەکە لە ئاستێکی زۆر باش دایە، پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و چین زۆر بەخێرایی گەشەی کردووە، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا. من بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکی دیکە لێرە دەمێنمەوە، دەتوانم بڵێم تاوەکو ئەو کاتە، کۆمپانیای زیاتری چینی بۆ وەبەرهێنان دێنە ئەو هەرێمە و بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن. هەروەک باسم کرد، ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە چووە، ئەوەش سوودی زۆری بۆ هەردوولا دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندیی بازرگانیمان زیاتر بکەین. لەماوەی رابردوودا، بەرهەمی زۆری چینی لەم هەرێمەدا هەبووە، بەشێوەیەکی گشتی پێشتر کەلوپەلەکانی نێوماڵ دروستکراوی چین بوون، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆری براندی چینی مۆبایلی زیرەک هەن، ئۆتۆمبێلی دروستکراوی چین هەن و پێشموایە لە داهاتوودا، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و وزەی نوێبووەی وەکو ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر و پێداویستییەکانی کشتوکاڵیش دەگرێتەوە، هەروەها پێموایە زۆر گرنگە بۆ هەردوولا هاوئاهەنگییەکان زیاتر بکەین، کە سوودی هاوبەشی بۆ هەردوولا دەبێت.
رووداو: تۆڕی میدیایی رووداو چۆن دەتوانێت رۆڵ لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا بگێڕێت؟
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە، لە ساڵانی رابردوودا، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و چین زۆر بەخێرایی گەشەی کردووە، هەروەها بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییەش سوودی هاوبەشی بۆ هەردوولا دەبێت. لەسەر ئاستی ئابووری، بازرگانی، فێربوونی زمان، کولتوور و پەروەردە و چەندین بواری دیکە، دەتوانین هاوئاهەنگییەکانمان زیاتر بکەین. پێموایە زۆر گرنگە لە لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان بەردەوام بین، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەمان بەردەوام دەبێت؟ پێموایە میدیایەکی وەکو رووداو، کە یەکێکە لە کاریگەریترین میدیاکان لەم هەرێمە، دەتوانێت رۆڵێکی زۆر چالاک لەو پرۆسەیەدا بگێڕێت، دەتوانێت رۆڵ لە پێشخستنێکی تێگەیشتنێکی وردتر، گشتگیرتر و بابەتییانەتر لە چین بگێڕێت. ئێستا ئێوە پەیامنێرێکتان لە پەککین هەیە، بەڕێز مەهدی [مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە چین]، کە هاوڕێیەکی باشی ئێمەیە، کاری زۆر باش لە پەککین دەکات و هەواڵی رۆژانەی چین و چەندین هەواڵی دیکە بۆ ئەم هەرێمە دەنێرێت، وادەکات بینەران و بیسەران تێگەیشتنێکی باشتر و وردتریان لەسەر چین هەبێت، ئەوەش کارێکی زۆر باشە، هەر بۆیە دەمەوێت دەستخۆشی لێبکەم و دەمەوێت دەستخۆشی لە رووداو بکەم لەو پرۆسەیەدا، هەروەها دەمەوێت هانی رووداو بدەم بەردەوام بێت لە کارکردن لەسەر پیشانداندانی چینی [کۆماری میللی چین] راستەقینە بە خەڵکی ئەو هەرێمە. هەروەها بەهیوام کە لەسەر ئەو پرسە هاوئاهەنگی زیاترمان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ