دژەتیرۆری عێراق بۆ رووداو: هاوئاهەنگی باڵامان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

12-11-2024
هێمن عەساف
سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق
سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەڵێت، هاوئاهەنگییەکی زۆر باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و هەر کاتێکیش پێویستی کردبێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان بۆ سەر پاشماوەکانی رێکخراوی داعش ئەنجام داوە. 
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کەریم تەمیمی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر پێداگرە لە باشترکردنی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هاوئاهەنگییەکانیان لە "بابەتی راوەدوونانی تیرۆریستانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەنجامی زۆر ناوازەی هەبووە". 
 
سەباح نوعمان گوتی، خواستی راستەقینەی دوولایەنەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ "ریشەکێشکردنی پاشماوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە (داعش) هەیە؛ هەروەها دەرفەت و تواناش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگییەکان بۆ قۆناخی داهاتوو هەیە". 
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق 
 
رووداو: سڵاوت لێ بێت بەڕێز نوعمان و سوپاس بۆ پێدانی ئەم دەرفەتە. هەڵسەنگاندنتان چییە بۆ شانە نوستووەکانی داعش لە عێراق؟
 
سەباح نوعمان: سوپاستان دەکەم؛ سڵاو بۆ بەڕێزتان و بۆ تەواوی کارمەندان و بینەرانی کەناڵی رووداو؛ هەروەها سوپاسی میوانداریکردنتان دەکەم. لە راستیدا، لەسەر بنچینەی فەرمان و رێنماییەکانی بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەردەوام لە هاوئاهەنگیداین لەگەڵ سەرجەم دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان، بەتایبەتی لە هەردوو بواری ئۆپەراسیۆن و هەواڵگری بۆ بەدواداچوون بۆ پاشماوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش. 
 
دژەتیرۆر پێشتر و ئێستاش رۆڵی باڵای لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ برایان لە هەرێمی کوردستان هەبووە. لەو کاتەوەی بەڕێز فەریق روکن کەریم تەمیمی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر ئەو ئەرکەی پێ سپێردراوە، پێداگرە لە باشترکردنی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئەم ساڵ هاوئاهەنگییەکانمان لە بابەتی راوەدوونانی تیرۆریستانی پاشماوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەنجامی زۆر ناوازەی هەبوو. لە ئەنجامی هاوئاهەنگی نێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ 22 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان دژی رێکخراوی تیرۆریستی ئەنجامداوە؛ 10 ئۆپەراسیۆن بە هاوبەشی کراون؛ دوو ئۆپەراسیۆن لە هێڵی بۆشایی ناوچەکانی نێوان ناوەند و هەرێم کراون؛ لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 26 تیرۆریست لەسەر ئاستی جیاواز دەستگیرکران. 
هاوئاهەنگییەکان لە هەردوو بواری ئۆپەراسیۆن و هەواڵگریدا لە بەرزترین ئاستدا بەردەوامن و ئەنجامەکانیشیان سەلماندوویەتی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانمان هیچ جۆرە مەترسییەکی تیرۆریستانی داعش لە تەواوی ناوچەکە بە گشتی و لە ناوچەی بۆشایی ئەمنیی نێوان ناوەند و هەرێم نەماوە. 
 
رووداو: گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم هاوئاهەنگییەکانتان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان چین؟ 
 
سەباح نوعمان: سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکان و هاوئاهەنگیی نێوان دەزگای دژەتیرۆر و هەرێمی کوردستان، کاتێک دەڵێم هەرێمی کوردستان، مەبەستم دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانە، هەر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دژەتیرۆر، بەتایبەتی لە هەولێر و سلێمانی، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان و ئەو ئەنجامە ئەرێنییەی ئەم ساڵ دەستمان کەوتووە، هیچ کێشە و ئاستەنگییەک رووبەڕوومان نەبووەتەوە. 
خواستی راستەقینەی دوولایەنە بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە هەیە؛ هەروەها دەرفەت و تواناش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگییەکان بۆ قۆناخی داهاتوو هەیە. وەک دەزگای دژەتیرۆر، تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە کێشەیەک و ئاستەنگییەکمان بۆ دروستنەبووە و پێشبینی هیچ کێشە و ئاستەنگیش ناکەین. هیچ بەربەستێک نییە رێگر بێت لە درێژەدان بەم هاوئاهەنگییە. 
 
رووداو: بەم دواییە تێبینی ئەوە کراوە لە ناوچەکانی حەمرین، دەوروبەری کەرکووک و مەخموور جموجووڵی رێکخراوی داعش زیادی کردبێت؟ 
 
سەباح نوعمان: پاشماوەی رێکخراوی تیرۆریستی هەوڵ دەدات لەو شوێنانەدا خۆی حەشار بدات کە دوورن لە هێزە ئەمنییەکات. ئێستا لەگەڵ هاوشانەکانمان زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەین سەبارەت بەو حەشارگانەی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی هاموشۆیان دەکەن. دەزانین ئەو ناوچانە لە کوێن. بۆ نموونە، باس لە حەمرین، دۆڵی شایل، دۆڵی زغەیتوون دەکەم. ئەو ناوچانە رێکخراوی تیرۆریستی هەوڵ دەدات خۆی تێیاندا حەشار بدات، بەڵام دەستی دەزگای دژەتیرۆر درێژە و پێیان دەگات. دەزگاکەمان زۆر شارەزایە لە چۆنێتی شەڕکردن و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە ناوچە سەختەکاندا.
 
دەزگاکەمان بەردەوام ئۆپەراسیۆنی زۆر تایبەت لەو ناوچانەدا دەکات و تاکتیکی نوێی شەڕ لەو ناوچانەدا بەکاردەهێنێت. لەپاڵ ئەوەشدا هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەو سنوورانەی تێیاندا بەرپرسیارن، ئۆپەراسیۆنی تایبەت ئەنجام دەدەب پێش ئەوەی تیرۆریستان پێگەی خۆیان بەهێز بکەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی بۆشایی لەنێوان ناوەند و هەرێمدایە. ئیدی لە هەردوولاوە پاشماوەی رێکخراوی تیرۆریستی گەمارۆ دەدرێت. توانیومانە بەو هەنگاوە بیانخنکێنین و دەرفەتی هەناسە وەرگرتنیان پێنەدراوە. دەتوانم بڵێم، رۆژانە ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت بۆ لەنێوبردنیان. 
 
رووداو: ئایا پلانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشتان بۆ داهاتوویەکی نزیک هەیە؟
 
سەباح نوعمان: بەدڵنیاییەوە لە ئەنجامی ئەو هاوئاهەنگییە هەواڵگرییەی نێوانمان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی بەردەوام لەنێوان هەواڵگری دەزگای دژەتیرۆر و برایان لە هەرێمی کوردستان، ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە رێگەخۆشکەر دەبن بۆ داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە داهاتووی نزیکدا. کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییە بەردەوامەکان رێگەخۆش دەکات بۆ دانانی پلان و ئیدی بڕیار دەدرێت ئایا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بکرێت یان نا و ئۆپەراسیۆنەکان بۆ کوێ بن. لەسەرەتاش ئاماژەم بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەنێوان دەزگای دژەتیرۆر و هەرێمی کوردستان کرد. 
 
رووداو: هاوئاهەنگیتان لە بواری راهێنان هەیە؟
 
سەباح نوعمان: دەزگاکەمان، ئەکادیمیای دژەتیرۆری هەیە. ئەو ئەکادیمیایە لە ئاستێکی زۆر باڵادایە و لەنێو ئەکادیمیاکانی دژەتیرۆردا بە یەکێک لە باشترینەکان پۆلین کراوە. ئێستا ئەکادیمیییەکە تیمی راهێنانکاری هەیە و توانایەکی زۆر بەرزی هەیە؛ هەروەها سەرچاوەی مرۆیی بەهێز و میکانیزمی کاری جیاواز و تایبەت بەخۆی هەیە. بەدڵنیاییەوە دەرگاکان کراوەن بۆ هەر لایەنێک داوای راوێژکاری و مەشق و راهێنان بکات.
 
پێشتر لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ برایان لە هەرێمی کوردستان هەبوو بۆ ناردنی کارمەند لەپێناو راهێنانپێکردنیان لە ئەکادیمییەکەماندا بەو بەرنامانەی ئەکادیمیای دژەتیرۆر کاریان لەسەر دەکات. بەڵێ ئەمە هەیە و هیوادارین لە قۆناخی داهاتوودا خوێندکار لە هەرێمی کوردستان وەربگرین، ئینجا لە دامەزراوەکانی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان بێت یان لە دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە بۆ مەشق و راهێنانپێکردنیان؛ هەروەها هاوئاهەنگییەکانمان لە بواری ئۆپەراسیۆنەکانیش بە سەرپەرشتیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەردەوامن. 
 
رووداو: ئایا لە داهاتوودا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هاوئاهەنگی دەبێت؟
 
سەباح نوعمان: بەپێی ئەو ئەرکەی بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سپێردراوە بە پشتبەستن بە یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە هاوئاهەنگیکردن بۆ مەشق و راهێنان و هاوئاهەنگی هەواڵگری و هاوئاهەنگیی پاڵپشتیی ئاسمانی، بەم دواییانە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن لە حەمرین و بیابانی ئەنبار ئەنجامدران. بەدڵنیاییەوە هاوئاهەنگییەکانمان لە چوارچێوەی دید و بۆچوونی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەکرێن. دەزگاکەشمان لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی و ئەمنی عێراقە و درێژە بە هاوئاهەنگییەکانی دەدات بەپشتبەستن بە رێنماییەکانی حکومەتی عێراق و فەرماندە ئەمنییەکانمان. 
 
رووداو: هیچ هاوئاهەنگییەک لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان هەیە؟
 
سەباح نوعمان: بەڵێ، دەزگای دژە تیرۆر بەم دواییە ئاراستەی کردین بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە پسپۆڕن لە بواری مادە هۆشبەرەکان. هاوئاهەنگی بۆ دەستگیرکردنی بازرگانە گەورەکانی مادە هۆشبەرەکان دەکرێت. ئەم ساڵ دەزگای دژەتیرۆر رۆڵی زۆر باڵای گێڕا لە دەستگیرکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان لە عێراق؛ هەروەها بۆ هەرێمی کوردستانیش هەمان شت رەوایە، لە ئەگەری داوای هاوئاهەنگیکردنی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکان، دەزگاکەمان ئامادەیی هەیە. ئیدی بەپێی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و پێویستی کارەکان و لەسەر بنچینەی ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەمانە، دەکرێ کاری هاوبەش بکەین، ئینجا لە بارەی بازرگانی مادەی هۆشبەر کە تیرۆریستان دەیکەن یان گەورە بازرگانەکان. ئیدی ئەم بابەتە پەیوەندیی بە جۆری جموجووڵ و قەبارەی کارەکانیانەوە هەیە. لەو چوارچێوەیەدا جۆر و شێوازی هاوئاهەنگییەکە دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە