سابیر رەشید: چاپکراوی کاغەزی هەرگیز بایەخی خۆی لەدەست نادات

10-04-2025
محەممەد عزەدین
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سابیر رەشید
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سابیر رەشید
نیشانەکردن سابیر رەشید
A+ A-
 
رووداو: وەکو رۆماننووسێک ئەم پێشانگەیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 
 
سابیر رەشید: پێشەکی دەستان خۆش بێت، سوپاستان دەکەم. پێشانگایەکە وەکوو هەموو ساڵان گەرموگوڕییەکی زۆری تێدا دەبینم، بەڵام هەست دەکەم گەرموگوڕییەکە لە ساڵان زیاترە و دەزگاکانیش کتێبیان زیاتر چاپ کردووە. بێگومان ئەوەی ئەو خەڵکانەی دێن، ئەوەی لە زمانی کوردی زیاتر بزانێت، زیاتر دەتوانیت سوود لەو کتێبانە وەربگرێت کە خراونەتە روو یان لەو دەزگایانە چاپکراون. لەبەر ئەوەی تەماشا دەکەیت دەزگاکان زۆرن، فرەڕەهەندن، فرەجیاوازن. هەموو جۆرە خوێنەرێکی تێدایە، هەموو جۆرە دەزگایەکی تێدایە. ئیتر ئەو خوێنەرە حەزی لەسەر چی بێت دەچێت بۆ ئەو بوارەی خۆی. جا من پێم وایە، ئەو گەرموگوڕییە وەکوو ساڵان زیاترە، ئەوەش پێم وایە ئەوە دەسەلمێنێت کە زۆر جار دەڵێن نووسراوی کاغەز باوی نەماوە، بە پێچەوانەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە چاپکراوی کاغەزیش وەکوو جاران، ئەگەر زیاتر نەبێت، وەکوو جاران بایەخی خۆی هەیە، چونکە هەرگیز بایەخی خۆی لەدەست نادات. باشە ژمارەیەکی زۆری گەنج دەبینم.
 
رووداو: ئێوە دەمێکە لەناو نووسینن، دەمێکە کتێبتان چاپ کردووە، ئەم ژمارە زۆرەی گەنجان لێرە لە دەوروبەری ئێمە چ ئومێدێکت پێ دەبەخشێت، بەراورد بە پێشانگەکانی دیکە کە ژمارەی گەنجان کەمتر بوو؟
 
سابیر رەشید: وەڵڵاهی من هیوایەکی زۆر بەرزم هەیە، چونکە پێش ئەوەی چاوپێکەوتنەکە بکەین، تەماشای ئەو دەزگایانەم دەکرد، بەڕاستی هەستم کرد کە گەنجێکی زۆر خولیای خوێندنەوەن، خولیای کڕینن، بە تایبەتی ئافرەتان، کچ و ئافرەتم زۆر لە پێشانگەکە دەبینی، کتێبیان دەکڕی، ئەوەش موژدەیەکی ئەوەیە کە نەوەی دواڕۆژی ئێمە هەست بە خوێندنەوە دەکات، هەست دەکات کە دەبێت پاشخانی رۆشنبیریی خۆی فراوان بکات، بێگومان ئێمە میللەتی کورد پێویستیمان بە پاشخانێکی رۆشنبیریی فراوان هەیە، ئەگەر گەنجەکانمان تێر پاشخانی رۆشنبیری بن و ئەو توانایە رۆشنبیرییەیان فراوان بێت، میللەتی ئێمە قازانج دەکات یانی ئەوە راست نییە کە دەڵێن ئێستا گەنجان تەنیا روویان لە تەکنەلۆژیا و مۆبایل و ئایپادە. ئەوەتا روویان لە کتێب و پەڕاو و چاپکراوەکانیشە ئەویش ئیشی خۆی دەکات، تەکنەلۆجیا کتێبی نووسراویش ئیشی خۆی دەکات، لێرەدا ئەو گەڕم و گوڕییە و ئەو کڕینە ئەوە دەسەلمێنێت کە وەکوو گوتم نووسراوی کاغەزیش ئەو جوانییە و ئەو نرخەی خۆی لەدەست نەداوە.
 
رووداو: هەردووکیشیان ئیشی خۆیان دەکەن. کاک سابیر بەشێک لە نووسەران و وەرگێڕانم بینی لێرە تۆزێک لەبری ئەوەی ئەمڕۆ پێشانگای کتێبە زەردەخەنە لەسەر دەموچاویان هەبێت، هەستم دەکرد بێتاقەتن. قسەم لەگەڵ چەند کەسێکیان کرد دەڵێن بەڕاستی لە پرسی چاپکردندا کێشەمان هەیە، ناتوانن وەکو پێویست ئەو کتێبانەی کە نووسیومانە و وەرمانگێڕاوە چاپیان بکەین.
 
سابیر رەشید: خۆ ئێمەش ئەو دەردەمان هەیە، بەڕاستی ئێمە ئێستا ئێمەی نووسەر کە کتێبێک دەنووسین، پێشەکی بیر لەوە دەکەینەوە چۆن ئەو کتێبە چاپ بکەین؟ واتا ئێستا من بەداخەوە دەڵێم، بەداخەوە هەموو دەزگایەکان ناڵێم، بەڵام زۆربەی دەزگایەکان بیر لە قازانجی ماددی دەکەنەوە، جیا لەوەی کە مەسەلەن ئەو کتێبە چ نرخێکی هەبێت، ئینجا ئەوەش تۆزێک سەختە، بۆ نموونە بە تایبەتی بۆ گەنج کە لە بوارەکەی خۆی ناوێک نییە نەناسراوە، ئێ چونکە بەداخەوە دەزگایەکان بە دوو ناوی بەناوبانگ دەگەڕێن بەو دوو ناوەی ئەوەی دەگەڕێن کە کتێبەکانیان بۆ بفرۆشێت. بە دوای ناودا دەگەڕێن نەوەک ناوەڕۆک، زیاتر لەبەر چی لەبەر ئەوەی ئەوان مەبەستیان قازانجی مادییەکەیە، ناڵێم هەموویان دەڵێم زۆربەیان و ئەو دەزگایانەی کە ئەکادیمیشن زیاتر پڕۆفیشناڵن ئەوان ئەوان بە دوای ناوبانگیش دەگەڕێن بەدوای کتێبی باشیش دەگەڕێن، بەڵام زیاتر ئەو دەزگایانە تەماشا دەکەی زیاتر بازرگانییە زیاتر بە دوو ئەو ناوە دەگەڕێن، بۆ نموونە نووسەرێکی بەناوبانگ بێت زیاتر کتێبی چاپ دەکرێت، دەزگاکان زیاتر بایەخی پێ دەدەن، یان ئێستا بۆ نموونە، ئەوانیش بە لایەک مافی خۆیانە کەوا کتێبەکانیان زیاتر دەفرۆشێت، ئەوانیش مافی خۆیانە لەبەر ئەوەی ئەو دەزگایەش کە کتێب چاپ دەکات ماندووبوونی پێوە دەبینێت، پارەی لێ خەرج دەکات ئەگەر نەزانی کتێب نافرۆشێت چاپی ناکات، بەڵام کێشەکە چییە کێشەی ئەساسی ئەوەیە کە دەرامەتی خەڵک لاوازە، واتە بەڕاستی تەماشا دەکەی خەڵک گیرفانی پڕ بێت کتێب زیاتر دەکڕێت. واتە لایەنی ئابووریش تۆزێک کاریگەری خۆی هەیە. 
 
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم کاک سابیر رەشید نووسەر و رۆماننووس کە بە شێوەیەکی راستگۆیانە لەگەڵمان بووی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە