بابەکر زێباری: شەڕی سووریا مەترسیی بۆ سەر عێراق نابێت

04-12-2024
ژیڤان بەکر
هەڤپەیڤین لەگەڵ بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
هەڤپەیڤین لەگەڵ بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
هەولێر دیجیتاڵ

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەدووری دەزانێت ئەوەی لە سووریا روویدا، لە عێراقیش رووبدات. دەشڵێت، هێزەکانی عێراق ئەزموونی شەڕکردنیان لەو گرووپە چەکدارانەی سووریا زیاترە و دەتوانن رووبەڕوویان ببنەوە.
 
چوارشەممە 4ـی 12ـی 2024، بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە میوانی بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی رووداو بوو، رایگەیاند ئەو چەکدارانەی هێرشیان کردە سەر حەلەب و ئیدلب، ژمارەیان نزیکەی 60 هەزار چەکدار دەبێت و لە دەرەوەی سووریا راهێنیان پێکراوە.
 
گرووپە چەکدارەکانی سووریا 25ـی کانوونی یەکەمی 2024 هێرشیان کردە سوپای سووریا لە چەند ناوچەیەکی ئیدلب و حەلەب، توانیان لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵی بکەن. بابەکر زێباری دەڵێت، زەحمەتە سوپای سووریا بتوانێت ئەو شوێنانە بگرێتەوە، چونکە هیلاکە، ئێران و رووسیاش وەکو جاران ناتوانن پاڵپشتی بکەن.

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: 

رووداو: ئەوەی لە سووریا روودەدات لە رووی سەربازییەوە، چ خوێندنەوەیەکتان بۆی هەیە؟
 
بابەکر زێباری: خۆی شتێکی زۆر گەورەیە و زۆریش مەترسیدارە. چونکە ئەو هێزە ئێستا لە تورکیاوە هاتووەتە سووریا، راهێنانیان پێکراوە و چەکی نوێیان پێدراوە. هەروەها هێزێکی زۆریشە. نزیکەی 60 هەزار چەکدار دەبن. رەنگە ئەگەر پێویست بێت چەکداری دیکەش بێن. لە لایەکی دیکەوە، دۆخی ئێران لە رووی ئابوورییەوە باش نییە؛ وەک سەرۆککۆماریان گوتی ناتوانن گازی شل و بەنزین دابین بکەن. گەمارۆیان لەسەرە. دۆخیان زۆر خراپە و ناتوانن هاوکاریی ئەسەد بکەن. رووسیا تووشی بەڵای ئۆکراینا بووە. ئەویش دۆخی سیاسی و ئابووریی تاڕادەیەک لە قاتی و قڕییەکی گەورەدایە. لە جەنگی غەززەدا ئێران زیانی ئابووریی زۆری کرد. حیزبوڵڵا هێزێکی گەورە و کاریگەر بوو، ئەویش نەما. سوپای حکومەتی سووریا ماندووە. چەکەکانی کۆنن. پێویستە بە هاوکاریی تورکیا و رۆژئاوا، هەڵبژاردنێکی پاک بکەن و سەرۆکێکی نوێ دابنێن. ئەویش نە ئێران، نە تورکیا و بەشاریش قبووڵ ناکەن.
 
رووداو: چ کاریگەری و مەترسییەک لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە؟
 
بابەکر زێباری: کوردستان و عێراق هاوسنوورن تاوەکو دەگاتە سنووری ئوردن. بە بۆچوونی من، سنوورەکانی ئێمە زۆری پارێزراون. چونکە هەسەدە ئەمریکای لەگەڵە. تاوەکو دەگاتە ئاوی فوڕات، سنوورەکان پارێزراون و لە دەست کوردن. وای بۆناچم بە هیچ شێوەیەک بتوانن ئەو ناوچەیە بگرن و بێن و بگەنە هەرێمی کوردستان. لە ئاوی فوڕات و سنووری ئوردندا دەرفەت هەیە. بەڵام حکومەتی عێراق ئەو حیسابەی کردووە. راهێنانی بە هێزەکانی کردووە و چەکی باشی لەدەستدایە. لە لایەکی دیکەوە پاسەوانی سنووری زۆر باشە. شەوبینی هەیە. دەبێ زۆر هۆشیار بێت، چونکە شوێنی سەختی بیابانی لێیە، وەک دەڵێن بیابانی حووران ئەگەر هەڵە نەبم. باوەڕ بکە وەکو چیای مەتین و گارە لەژێر زەوین. زۆر سەخت و زەحمەتە. بەڵام وەک گوتم، بە بۆچوونی من مەترسی زۆر لەسەر عێراق نییە.
 
رووداو: باشە، عێراق لە رووی لەشکرییەوە ئامادەیە؟ واتا بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک، دەڵێت ئامادەن و سنووریان کۆنترۆڵ کردووە و لەشکرێکی زیاتریان هێناوە. ئایا وەک پێویست حیساب بۆ بابەتەکە کراوە؟ مەترسی لەسەر عێراق زیاد دەکات؟
 
بابەکر زێباری: ئەو چەکدارانە شارەزایی زۆریان نییە؛ بەڵام سوپای عێراق شەڕی زۆریان لە دژی داعش و قاعیدە کردووە. وەکو گوتم چەک و ئامێری باشی هەیە. هەواڵگریی ئەمریکاشی لەگەڵە؛ ئامێری کەشوهەوا و مانگی دەستکرد زانیاریی تەواوی پێدەدەن. هاوپەیمانیێتی نێوان عێراق و ئەمریکا بەردەوامە. ئینجا بۆیە باوەڕ ناکەم مەبەستیان عێراق بێت. مەبەستی ئەوان سووریا و بەشار ئەسەدە. گۆڕینی حکومەتە. گەڕاندنەوە ئەو چەند ملیۆن سوورییەیە کە لە تورکیان. هاوکات حکومەتێک کە بەدڵی خۆیان دابنێن. 
 
رووداو: بەڕێز زێباری، لە نێوخۆی عێراقدا، ترسێکی زۆر هەیە شەڕەکە بگاتە ئێرەش، ئەو ترسە لە چییەوە دێت؟
 
بابەکر زێباری: مرۆڤ ئەگەر نەترسێت، ناتوانێت شەڕیش بکات. وەک عەرەب دەڵێن پێویستە مرۆڤ بۆ هەموو گۆڕانکارییەک ئامادە بێت. یان خۆی بپارێزێت. نەوەک هێرشی بکرێتە سەر، عێراق ئەگەر دەترسێ هەقی خۆیەتی. چونکە هێزێکی زۆر هاتوونەتە نێو سووریا؛ وەک بۆچوونی من؛ من دەڵێم مەترسی لەسەر عێراق نابێت. 
 
رووداو: باشە، بەڵام هەندێکجاریش پێشبینی مەترسی دەکرێت، بۆ نموونە ئەو گرووپە چەکدارەی بەرەی مقاوەمەیەی عێراق، ئەو شەڕەی سووریا ئەوانیش هان دەدات بۆ ئەوەی ئەوانیش لێرە شتێک بکەن؟
 
بابەکر زێباری: ئەوە شتێکی کۆنە، دەمێکە گرووپی چەکدار لە عێراق هەن. ئەو گرووپانە سێ، چوار گرووپن و زۆر گوێ لە سەرکردەکانی خۆیان ناگرن. لەژێر چەتری بەرگریی عێراقدان. دەچنە سووریا و مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکەن. خۆیان تووشی کێشە دەکەن. تاوەکو ئێستاش گوێ ناگرن، بەڵام لەگەڵ جووان بیکەن، جوو وەڵامیان دەدەنەوە.
 
رووداو: باشە، لە رووی سەربازییەوە، حکومەتی سووریا دەتوانیت رووبەڕووی ئەو گرووپانە ببێتەوە؟ ئەو ناوچەیەی کە لە دەستی دەرچووە و بیگەڕێنێتەوە؟
 
بابەکر زێباری: زۆر ئەستەمە؛ ئەگەر هاوکاریی سوپای سووریا نەکرێت ناتوانێت. وەکوو گوتم سوپای سووریا ماندووە. چەکەکانی کۆن و خراپن. رانەهێنراو و رێکنەخراوە. ئەگەر هاوکاری نەکرێت، ئێران نەڵێ 'من پاڵپشتی دەکەم'؛ رووسیاش خۆی سەرقاڵە و ناتوانێت هاوکاری بکات و بە فڕۆکە هاوکاری دەکات. 
 
رووداو: پێتوایە ئەمریکا پشتیوانیی هەسەدە بکات، ئەگەر رووبەڕووی شەڕێکی راستوخۆی ئەو گرووپانە یان حکومەتی سووریا بووەوە؟ 
 
بابەکر زێباری: دوێنێ سەلماندی کە هاوکاریی دەکات. ئەو 7 گوندەی گرت کە دەکەونە رۆژهەڵاتی فوڕات. لە سەرەتاوە هەسەدە هێزی بۆ بردن تاوەکو ئەو گوندانە بپارێزن و ئەمریکا بە فڕۆکە بۆردوومانی کرد؛ سووریا گوتی 4 سەربازی ئێمەش کوژراون.
 
رووداو: بەڕێز بابەکر زێباری، ئێستا چەکدارەکان روویان لە منبج کردووە. چاوەڕێ دەکرێت رۆژهەڵاتی فوڕات هەموو بکەوێتە دەستی ئەوان؟ 
 
بابەکر زێباری: ئەوان ئامانجیان حەمایە؛ ئەگەر حەمایان گرت، ئەوە هێڵە سەرەکییەکانی سووریا هەموو لەنێو دەچن. بۆ نموونە سنووری لازقییە، هەموو رێگەکان لەگەڵ شام دادەخرێن. هەموو ئامانجیان حەمایە؛ ئەگەر حەمایان گرت، سووریا دەکەوێتە کێشەیەکی گەورە. چونکە پاشان تەنیا حمس و شام دەمێننەوە.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە