پارتی یەکێتیی سریانی: دەمانەوێت سیستمی داهاتووی سووریا فیدراڵی بێت

14-12-2024
سۆران حوسێن
هەڤپەیڤین لەگەڵ سەنحاریب بەرسووم، سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی لە سووریا
هەڤپەیڤین لەگەڵ سەنحاریب بەرسووم، سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی لە سووریا
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی لە سووریا دەڵێت، دەیانەوێت لە حکومەتی داهاتووی سووریادا رۆڵی کاریگەریان هەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، کریستیانەکان داوای سیستمی فیدراڵی دەکەن و ئەو داوایەشیان گەیاندووەتە بەرپرسانی ئەمریکا.
 
سەنحاریب بەرسووم، سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی کە لەنێو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردان، لە قامشلۆوە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا، شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە ئەندامیێتی کریستیانەکان بۆ گفتوگۆ دەچێتە دیمەشق." 
 
بەرسووم دەڵێت، تاوەکو ئێستا گفتوگۆیان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) نەبووە. دەشڵێت، لە داهاتووی سووریادا دەیانەوێت مافی زمان و ئایین و کلتووریان لە دەستووردا بچەسپێندرێت.
 
سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی لە سووریا هەروەها باسی تێڕوانینی ئەمریکا بۆ کریستیانەکانی سووریا دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانی سووریا یەکبخرێن هێزی تایبەتی کریستیانەکان بە ناوی (ستۆرۆ) ئامادەیە بچێتە نێو هێزە یەکخراوەکەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەنحاریب بەرسووم:

رووداو: لە ئێستای سووریا، دۆخی کریستیانەکان لە دیمەشق، حەلەب و حومس چۆنە؟
 
سەنحاریب بەرسووم: ئەوەی لە سووریا روودەدات گۆڕانکارییەکی گەورە دروست دەکات دوای رووخانی رژێمی ئەسەد. سەرەتا کریستیانەکان دەترسان و ئێستاش ئەو ترسە لای کریستیانەکان لە دیمەشقەوە تاوەکو حەلەب هەر هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) هەڵسوکەوتێکی باش لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکان و لەنێویاندا بەتایبەت کریستیانەکان دەکات. هیوامان ئەوەیە لە قۆناخی راگوزەردا رۆڵی زیاترمان هەبێت، چونکە قۆناخی بنیاتنانەوەی سووریایە.
 
رووداو: هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام دا هەیە؟
 
سەنحاریب بەرسووم: تاوەکو ئێستا هیچ کەناڵێکی گفتوگۆی راستەوخۆمان لەگەڵ هەتەشەدا نییە. بەڵام هەوڵدەدەین لەگەڵیاندا کۆببینەوە و گفتوگۆ لەسەر قۆناخی راگوزەر و نوێنەرایەتیی گەلی ئێمە و داواکانمان لەو گواستنەوەیەدا و وەکو گەلێک لە سووریا بکەین. دۆسیەی زۆر هەن و دەبێت لەگەڵ حکومەتی دیمەشق گفتوگۆی بنیادنەری لەسەر بکەین. هەموو لایەنەکانی سووریا لە چاوەڕوانیی ئەوەدان، حکومەتی نوێی هەتەشە چی پێشکێش دەکات. دەبێ هەتەشە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کراوە بێت و دەسەڵات بە تەنیا لای خۆی نەهێڵێتەوە، چونکە ئەوە قبووڵ ناکرێت و دەبێت نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی تێدابێت، لەبەرئەوەی سووریا بۆ هەموو سووریاییەکانە.
 
رووداو: داواکانی ئێوە چین؟
 
سەنحاریب بەرسووم: ژمارەیەک داواکاری هەن لەسەر ئاستی نەتەوەیی وەکو گەلی سریانی ئاشووری، کە بەهۆی دەسەڵاتی رژێمە دەسەڵاتدارەکانەوە هیچ مافێکیان لە دەستووردا نییە. ماف، کولتوور و زمانی سریانییەکان پشتگوێخراوە. دەبێت ئەو مافە نەتەوەییانە لە دەستووردا بچەسپێندرێن و سریانییەکان لەگەڵ گەلانی دیکەدا لە وڵاتەکەیاندا رۆڵیان هەبێت. هەروەها دەبێ مافە ئایینییەکانیشمان پارێزراو بێ، رێورەسمە ئاینییەکانیش بەشێکی دیکەی داخوازییە نەتەوەییەکانمانە وەکو سریانی ئاشووریی لە سووریا.
 
رووداو: بۆ جێبەجێکردنی داواکانتان داوای چ سیستمێک بۆ دەسەڵات لە سووریا دەکەن؟
 
سەنحاریب بەرسووم: ئێمە بەشێکین لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئێمە داوای سووریایەکی فیدراڵیی ناناوەندی دەکەین کە دانبنێت بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا، ئەوە خاڵی سەرەکیی داواکانمانە بۆ دەسەڵاتی سووریا. فیدراڵییەکی ناناوەندی بۆ سووریا زۆر گرنگە و رێگە بە مانەوەی سووریا بە یەکبوویی و بەهێزی دەدات. دەبێت تایبەتمەندیی هەموو ناوچەکان لە فیدراڵییەکەدا لەبەرچاو بگیرێت و سیستمەکە دیموکرات و فیدراڵ بێت، وەکو پێشتر نەبێت، یەک حیزب دەسەڵاتدار بێت. نامانەوێت ئەزموونی رژێمی پێشوو دووبارە ببێتەوە.
 
رووداو: چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئێوە و رێکخستنە ئاشوورییەکان بە دەستپێشخەریی ئەمریکا گفتوگۆیەکی سەرکەوتووتان هەبوو و نوێنەرەکانتان کرانە یەک. لەم رۆژانەدا هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەتان لەگەڵ شاندی ئەمریکادا هەبووە؟
 
سەنحاریب بەرسووم: لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، هیچ پەیوەندییەکمان نەبووە. پێشتر بەردەوام دیدارمان هەبوو و لێکتێگەیشتنمان لەسەر چەند پرسێک هەبووە، ئەوان تێڕوانین و داواکانی ئێمە لە سووریای نوێدا دەزانن. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەتایبەت، لەبارەی مافی پێکهاتەکانەوە تێڕوانین و بۆچوونیان نزیکی ئێمەیە. بۆ مافی پێکهاتەکان گرنگە راسپاردەیەک راستەوخۆ بۆ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بنێرن. ئەوە هاوکار دەبێت بۆ هەڵوێستی ئێمە وەکو سریان ئاشووری، هەروەها بۆ گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریاش، بۆ ئەوەی بەڕاستی ئێمە هاوبەشی یەکبین.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکانی پێشووتان لەگەڵ ئەمریکا لەنێو داواکاندا داوای فیدراڵیتان بۆ سووریا کردووە؟ ئایا ئەمریکا پشتیوانی سیستمی فیدراڵی لە سووریا دەکات؟
 
سەنحاریب بەرسووم: پێموایە پشتیوانی سیستمێکی وەها دەکەن و دژی ناوەستنەوە و وەکو باشترین سیستمیش بۆ سووریا دەیبینن. ئەو سیستمە رێگە دەدات گەلان خۆیان خۆبەڕێوەببەن؛ سیستمێکی دیموکراتە و دژی هەموو جۆرە سیستمێکی ناوەندی دەبێت لە سووریا.
 
رووداو: وەکو کریستیان هیچ نوێنەرێکتان لە دیمەشق هەیە؟
 
سەنحاریب بەرسووم: حکومەتی ئێستا هەمووی لە دەستەی تەحریر شام پێکهاتووە و هیچ نوێنەرێکی کریستیانی تێدا نییە. بەڵام بڕیارە لە سێ مانگی داهاتوودا ئەنجوومەنی راگوەزر دابمەزرێت و هەموو سووریاییەکان لەخۆبگرێت، ئێمەش لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیوەندی و کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دەکەین بۆ قۆناخی داهاتوو.
 
رووداو: ئێستا هیچ شاندێکی کریستیانەکان لە دیمەشق هەن؟
 
سەنحاریب بەرسووم: نا. تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک نەبووە. هیچ شاندێکیشیمان لە دیمەشق نییە، دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندمان بچێتە دیمەشق.
 
رووداو: شاندتان بچێتە دیمەشق بە جیا دەچێت یان لەنێو شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا دەبێت؟
 
سەنحاریب بەرسووم: ئێمە بەشێکین لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و شاندەکەمان لەنێو شاندی ئەواندا دەبێت. هەروەها شاندێکی جیای کریستیانەکانیش بۆ داواکردنی مافی کریستیانەکان بە جیا دەبێت.
 
رووداو: شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کەی دەچنە دیمەشق؟
 
سەنحاریب بەرسووم: تاوەکو ئێستا کات دیارینەکراوە، بەڵام بڕیاری لەسەر دراوە، کە شاند لە کاتێکی زۆر نزیکدا بچێتە دیمەشق.
 
رووداو: کەی، ئەمڕۆ، سبەی یان کەی؟
 
سەنحاریب بەرسووم: کات دیاری نەکراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیاریداوە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێک بچێتە دیمەشق.
 
رووداو: ئێوە بەشێکن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەو ئاستەنگییە چییە کە تاوەکو ئێستا رۆژێک بۆ سەردانی شاندێک بۆ دیمەشق دیاری نەکراوە؟
 
سەنحاریب بەرسووم: نا. پێموانییە ئێستا هیچ ئاستەنگییەک هەبێت، بەڵام ئەوە دەکەوێتە سەر هەڵوێستی حکومەتی راگوزەر لە دیمەشق. هیواخوازم ئەرێنی بێت.
 
رووداو: هێزێکتان بەناوی سۆتۆرۆ هەیە، داهاتووی ئەو هێزە چی دەبێت؟
 
سەنحاریب بەرسووم: هێزی سۆتۆرۆ ئەوە قبووڵ دەکات، کە دامەزراندنەوەیەکی نوێ لە سووریا هەیە، حکومەتی راگوزەر هەیە و کار لەسەر نووسینەوەی دەستووری نوێ دەکرێت. بێگومان دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەکان یەک بن و لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتێکدا لە دیمەشق رێکبخرێنەوە، ئەوە تێڕوانینێکی گشتییە بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، هێزی سۆتۆرۆ و ئەنجوومەنی سەربازیی سریانی هەر چارەسەرییەک کە هەموو سووریا لەسەری رێکبکەون بۆ یەکخستنی هێزەکان ئەوانیش لەگەڵیدا دەبن.
 
رووداو: باسی هێزێکی یەکگرتوو دەکەن، ئایا هێزی سۆتۆرۆ وەکو ناو دەمێنێتەوە، یان ئاساییە ئەندامەکانی بچنە نێو سوپای سووریاوە؟
 
سەنحاریب بەرسووم: دەمێنێتەوە سەر گفتوگۆکان، یاسا و پەیڕەوی نێوخۆ، کە لە داهاتوودا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. ناوی سۆتۆرۆ تایبەتمەندیی خۆی هەیە و گوتنێکی سریانییە بە واتای ئاسایش دێت. لەکاتێکدا لە سووریای نوێدا دان بە زمانی سریانیدا بنرێت، ئەوکاتە هیچ رێگرییەک نابێت کە ناوی (سۆتۆرۆ)ـش بمێنێتەوە.
 
رووداو: ژمارەی کریستیانەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا چەندن؟
 
سەنحاریب بەرسووم: بەگشتی ئامارێکی نوێ بەردەست نییە، بەڵام پێش ساڵی 2011 ژمارەی کریستیانەکان دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس بوو. پێدەچێت نیوەیان کۆچیان کردبێت. لە رۆژهەڵات و باکووری سووریا ژمارەی کریستیان لەنێوان 40 بۆ 50 هەزار کەسە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە