رووداو دیجیتاڵ
مێلانی ئامان، جێگری سەرنووسەری رۆژنامەی دێر شبیگڵ و شارەزایەکی دیاری سیاسەتی ئەڵمانی باس لە کتێبە نوێیەکەی ئەنگێلا مێرکڵ دەکات و دەڵێت، مێرکڵ گوتوویەتی، "سیاسەتی پەنابەران- 2015، هۆکارێک بووە کە ئەم کتێبەم نووسیوە".
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو، مێلانی ئامان، جێگری سەرنووسەری رۆژنامەی دێر شبیگڵ و شارەزایەکی دیاری سیاسەتی ئەڵمانی ئاماژەی بەوە کرد مێرکڵ لەبارەی یاسای پەنابەران کە رێگەی پێدان هەزاران پەنابەر بچنە ئەڵمانیاوە نووسیویەتی، "من نەمهێشتایە بێنە ژوورەوە کەواتە چەندین ساڵە درۆم کردووە. پاشان ئەگەر نەمکردبا دووڕوو دەبووم، خیانەتم لە بەهاکانی خۆم دەکرد".
ئەو هەروەها باس لەوە دەکات، مێرکڵ لە کتێبەکەیدا باسی لە دیداری کەسانی وەکو دۆناڵد ترەمپ و ڤلادمیر پووتین کردووە، بەتایبەت ئەوکاتەی لە سەگەکەی پووتین ترساوە و بەزۆر دانی بەخۆیدا گرتووە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مێلانی ئامان، جێگری سەرنووسەری رۆژنامەی دێر شبیگڵ و شارەزایەکی دیاری سیاسەتی ئەڵمانی
ئاڵا شاڵی: خاتوو ئامان سوپاس بۆ ئێوە، سوپاستان دەکەم کە ئەم دەرفەتەتان پێداین بۆ ئەوەی دەربارەی کتێبە نوێکەی راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا لەگەڵتان گفتوگۆ بکەین. یەکەم شت کە دەمەوێت بپرسم ئەوەیە کە ناوەڕۆکی کتێبەکە زۆر بە نهێنی هێڵدرایەوە، بۆچی وایکرد؟
مێلانی ئامان: پێموایە ئەنگێلا مێرکڵ کتێبەکەی بە نهێنی هێشتەوە، چونکە ویستی پەیامەکەی بپارێزێت تاوەکو لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەوە پەیامەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات.
کتێبەکەی لەسەر کۆمپیوتەرێک نووسیوە کە بەبێ هێڵی ئینتەرنێتە. زۆر بە نهێنی لەگەڵ کەم کەسدا باسی دەکرد و تەنیا لەگەڵ یەک کەسدا کاریان دەکرد، ئەویش کارمەندێکی خۆی کە ماوەیەکی زۆر درێژ کاری لەگەڵ کردووە. کەواتە ئەوە پەیوەندی بە ئەنگێلا مێرکڵەوە هەیە کە تاوەکو ئێستا دەیەوێت چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە. نەیدەویست پێشتر کەس بزانێت ترسی هەبوو، دزەیپێبکرێت یان ڕەنگە پەیامەکەی دەستکاری بکرێت.
ئاڵا شاڵی: باشە لە 736 لاپەڕەدا خاتوو مێرکڵ باسی ژیانی خۆی لە ساڵی 1954 تاوەکو 2021 دەکات بەوردیی باس لە 16 ساڵی ئەزموونی وەک راوێژکاری ئەڵمانیا دەکات. پەیامی چییە لەم کتێبەدا؟
مێلانی ئامان: پەیامەکەی ئەوەیە کە دوو ژیانی لە یەک ژیانیدا هەبوون. واتا ژیانی خۆی لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەبینی، ئەو کاتەی ئەڵمانیا دابەش بوو بوو.
ئەنگێلا مێرکڵ لە سەردەمی دیکتاتۆری سۆسیالیستیدا ژیاوە تا نزیکی تەمەنی 35 ساڵی. کاتێک ئەو هات لە سیاسەتی ئەڵمانیای رۆژئاواوە دەستیپێکرد، هەر لەوێشەوە کاری سیاسی کرد. ویستوویەتی ئەم دوو ژیانە پێکەوە بلکێنێتەوە. ئەو لە لایەک باسی ژیانی خۆی وەک سیاسەتمەدارێک دەکات، بەڵام بەو چیرۆکە تایبەتەی کە هەیەتی، بە گەنجی و منداڵی لەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرەدا چۆن بووە. هەر بۆیە کتێبەکە ناوی ئازادییە، چونکە دەیەوێت لە کتێبەکەدا روونی بکاتەوە، رێگاکەی چۆن بووە بۆ ئازادی و ئازادی لە سیاسەتکردن.
ئاڵا شاڵی: بەڕێزتان بۆ ماوەی دوو کاژێر هەڤپەیڤینتان لەگەڵدا کردووە. چی لە کتێبەکەیدا باس دەکات سەبارەت بە 16 ساڵی حوکمڕانی وەک راوێژکارێکی ژن؟ من چەندین ساڵ کە لە نزیکەوە بینیومە و سەرسام بووم کە 16 ساڵ توانی خۆی لە جیهانی پیاودا بسەلمێنێت، کاتێک خاتوو مێرکڵ دەردەکەوت هێز و توانای هەبوو. چۆن باسی ژنبوون لەو پۆستەدا دەکات؟
مێلانی ئامان: کاتێک توانیمان ئەنگێلا مێرکڵ ببینین، من و هاوکارم کلاوس ڤیگرێف بۆمان دەرکەوت کە ئەو زۆر هەست بە ئازادی و دڵخۆشی دەکات و شانازی بە نووسینی ئەو کتێبەوە دەکات. ئەوەی جێگای سەرنجە، زۆربەی هەڤپەیڤینەکان یان هەمووو رووداوە رۆژنامەوانییەکانی لەگەڵ ژنان ئەنجامداوە. ئەو هەڤپەیڤینەشی لەگەڵ من کرد نەک رۆژنامەوانێکی پیاو. ئەو یەکەم نمایشی کتێبەکەی لەگەڵ پێشکەشکارێکی ناسراوی تەلەڤزیۆنی ئەڵمانی بەناوی ئان ویل ئەنجام دەدات. دوای ئێمە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەوانی تری لەگەڵ دوو ژن ئەنجامدا. لەگەڵ ژنێک لە پۆدکاستێکی ڤیدیۆیی بەناوبانگدا بوو. پاشان هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ ژنێک دەکات. بۆیە پێموایە بۆ ئەو گرنگە کە ریکلامی ئەم کتێبە لەگەڵ ژناندا بکات. بۆ ئەو ناسنامەی مێینەی گرنگە.
لە هەڤپەیڤینەکەماندا گوتی، ئەوەندەی ناسنامەی ژنبوونی لە لا گرنگ بووە ئەوەندە لای گرنگ نەبووە کە ئەڵمانی رۆژهەڵاتییە. کەواتە ئەو راستییەی کە لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتەوە هاتووە هەمیشە بۆی گرنگتر نەبووە لەوەی کە ژن بووە. بەڵام بێگومان هەمیشە تاکە ژن بووە لە نێوان زۆرێک لە پیاوان کاریکردووە و ئەوەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەبووە. لە کتێبەکەدا باس لەوە دەکات کە چۆن پیاوان هەوڵیان داوە رێگری لێبکەن، چۆن لە پارتەکەی خۆیدا رێگری لێکراوە. باس لەوە دەکات کە ئەو پیاوانەی هەوڵیان داوە لەنێویببەن دانوستان لەگەڵیان زۆر قورس بووە، بەڵام ئەو ئەمە باس دەکات بەبێ ئەوەی تێکەڵی بابەتی فێمینیزمی بکات. کەواتە ئەم بابەتەی ژن و پیاو بۆ ئەو بابەتێکی شەڕانگێزی نییە، بەڵام ئەو دەڵێت، من هەمیشە وەک ژنێک لەنێو پیاواندا زۆر بە سروشتی جوڵەم کردووە. وەک زانایەک لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات تاکە ژن بووە لە پەیمانگاکەیدا خوێندوویەتی. من راهاتبووم لە دەوری پیاوان و پێموایە ئەویش حەزی لە کارکردنە لەگەڵ پیاوان تاوەکو لەگەڵ ژنان کار بکات.
ئاڵا شاڵی: باش، چۆن باسی پووتین و ترەمپ و پیاوە سەرکردەکانی کردووە، کە هەمیشە بۆ ئەو مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ئاسان نەبووە؟
مێلانی ئامان: ئەو باسی سەردانەکەی بۆ لای پووتین دەکات، وێنەیەکی بەنێوبانگی ئەو لەگەڵ سەگەکەیدا هەیە. سەگەکە لەبەردەم مێرکڵ رادەکات، مێرکڵ لە سەگ دەترسێت، چونکە لە منداڵیدا سەگ پەلاماری داوە. مێرکڵ باسی ئەو دانیشتنە دەکات و باسی ئەو ترسە دەکات و دەڵێت، چۆن لە دڵی خۆیدا بە خۆی گوتووە دانبگرە ئەم ساتە تێدەپەڕێت. بەخۆی گوتووە، هەوڵ دەدەم لە بیری بکەم. لە کتێبەکەشدا دووبارە و سێبارە باسی دەکاتەوە، کە لە دڵی خۆیدا دەڵێت، ناچار بووم بە خۆم بڵێم ئارام بگرە.
مێرکڵ کەسێکە کە توانیویەتی زۆر خۆی کۆنترۆڵ بکات. لەبارەی دۆناڵد ترەمپەوە نووسیویەتی، کاتێک بۆ یەکەمجار لە کۆشکی سپی چاوی بە دۆناڵد ترەمپ کەوتووە، تاڕادەیەک شۆک بووە، چونکە نەیویستووە لەبەردەم کامێراکان تەوقە لەگەڵ ترەمپ بکات. ئەویش داوای لێکردووە، تکایە دەستم پێبدە، مێرکڵیش بە هێمنی دەستی بردووە. چونکە بیری لەوە نەکردووەتەوە کە فۆتۆگرافەرەکان داوایان کردووە تەوقە بکەن. پاشان لە هەمان ساتدا بیری کردووەتەوە و گوتوویەتی، "من گەمژەم، ئەو تەنیا دەیەوێت شۆکم بکات"، هەر بۆیە ئەو کارە ناکات. چەندین سات و کاتی سەرنجڕاکێش هەیە کە لە کتێبەکەدا باسی دەکات کە لەگەڵ کەسانی بەهێز لە جیهاندا بووە.
ئاڵا شاڵی: دڵنیام باسی قەیرانی کۆچبەرانیشی کردووە لە کتێبەکەیدا، ئەو بە دایکی کۆچبەران ناو دەبرێت، بەڵام با وا پرسیارەکە بکەم بۆچی تاوەکو ئێستا میدیای ئەڵمانی شەوی چوار لە سەر پێنچی سێپتەمبەری 2015 بە خاڵی وەرچەرخان لە پۆستی راوێژکاری مێرکڵدا ناودەبات؟ ئەویش باسی ئەوە دەکات؟
مێلانی ئامان: بەڵێ، ئەویش باسی ئەوە دەکات، تەنانەت لە پێشەکی کتێبەکەدا، هەر لە سەرەتاوە دەڵێت، سیاسەتی پەنابەران هۆکارێک بووە کە ئەو ویستوویەتی ئەم کتێبە بنووسێت و دەڵێت، دوای قەیرانی کۆچبەران بڕیارمدا رۆژێک کتێبێک دەنووسم، چونکە دەڵێت دوو خول لە پۆستی راوێژکاری مندا هەبووە، پێش قەیرانی پەنابەران و دوای قەیرانی پەنابەران. راوێژکاری من دەچێتە ناو بەشەکانی پێش پەنابەران و دوای هاتنی پەنابەران، لە کتێبەکەدا دەیەوێت روونیبکاتەوە، ویستوویەتی هەوڵ بدات کە بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو کە بۆچی ئەم سیاسەتەی کرد؟ بۆچی ئەو بڕیارەی دا؟
ئاڵا شاڵی: بۆچی ئەو سیاسەتەی کرد، زۆر ئەو پرسیارە دەکرێت، چی پاڵێنەرێک بوو بۆ خاتوو مێرکڵ بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بکاتە ماڵێکی نوێ بە ملیۆنان پەنابەر؟ بۆچی ئەوبڕیارەی دا؟
مێلانی ئامان: ئەو کاتەی بڕیاریدا پەنابەران لە هەنگاریاوە لە چواری سێپتێمبەر بێنە ناو خاکی ئەڵمانیا، مێرکڵ نەیدەزانی چەند کەس دێن. پێموانییە ئەو ئەوکات ئەوەی زانیبێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارەی وەک هاوکاری مرۆیی دا. دەڵێت، پێشتر رۆژانە گوتارم لەسەر ئازادی و مافی مرۆڤ دەدا، دواتر ئەو پەنابەرانە لێیان قەومابوو پێویستیان بەو بوو، بێنە ناو ئەڵمانیاوە ئەگەر من نەمهێشتایە بێنە ژوورەوە کەواتە چەندین ساڵە درۆم کردووە. پاشان ئەگەر نەمکردبا دووڕوو دەبووم، خیانەتم لە بەهاکانی خۆم دەکرد. ئەوە هەڵوێستی ئەو بوو، دواتر کێشەکە ئەوە بوو کە نەیتوانی هاتنی کۆچبەران و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات.
ئاڵا شاڵی: هەموومان ئاشناین بەو رستەیە؛ دەتوانین بکەین…
مێلانی ئامان: ئەو باس لەوە دەکات کە ئەم رستەیە لە کوێوە هاتووە. ئەو دەڵێت لە باڵەخانەی راوێژکاری ئەڵمانیا بووە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئامادەکردووە و متمانەی بە هاوکارەکەی کردووە، ئەو هاوکارەی کە کتێبەکەی لەگەڵدا نووسیوە. مێرکڵ بە هاوکارەکەی دەڵێت، 'تێناگەم لە خەڵک، قەیران لە دوای یەک قەیران دروست دەبێت، خەڵک دەترسن، بەڵام ئێمە ئەوەندە قەیرانمان چارەسەر کردووە، ئەمەش دەتوانین چارەسەر بکەین. دواتر کارمەندەکەی پێیگوتووە، ئەوە ئەو پەیامەیە کە پێویستە بیدەیت بە خەڵک. تەنیا بەو شێوەیە پێیان بڵێ. پاشان مێرکڵ ئەو شتەی لە دەستنووسەکەیدا نووسی و دواتر بەو شێوەیە گوتی. ئەوەش بوو بەم رستە بەناوبانگە، "ئێمە چارەسەری دەکەین، ئێمە دەیکەین".
ئاڵا شاڵی: رووداوەکانی ساڵی 2015 تاوەکو ئەمڕۆ گرنگییەکی سەرەکییان هەیە بۆ سیاسەتی کۆچ. ئایا خاتوو مێرکڵ ئەو کات ئاگاداری ئەو بوو، کە ئەوە دەبێتە بابتێکی گەورەی سیاسی؟
مێلانی ئامان: ئەو ئاگاداری ئەوە نەبوو کە چەند کەس دێن و چەندە قورس دەبێت سیاسەتێکی هاوبەشی ئەورووپی دروست بکرێت کە بە شێوەیەکی مرۆیی لە پرسەکە تێبگەن و بە رێکوپێکی رێکبخرێت. پێموایە ئەو ئەو شتەی بە کەم سەیر کردووە. هەرچەندە دەڵێت پێشبینی کردووە ئەو کێشانە دروست دەبێت، بەڵام پێموانییە تێگەیشتبێت کە بەڕاستی کێشەکە چەندە گەورەیە.
پێموانییە تا ئەمڕۆش لەو بارگرانییە تێگەیشتبێت کە ئەم کێشەیە کەوتووەتە سەر کۆمەڵگە، نایەوێت بەرپرسیارێتی ئەوە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام دەڵێت، ئەوە بڕیارێکە بۆ هەموومان و هەمووشمان لەم دۆخەداین.
ئەو دەڵێت، تەنیا خەتای من نییە کە پەنابەران زۆرن. ئەم خەڵکە دەکەونە رێ و وڵاتی خۆیان جێدەهێڵن چونکە لە سووریا شەڕ هەیە و دۆخی ئابووریی عێراق زۆر سەختە. کورد و ئێزدی ستەمیان لێدەکرێت و هەروەها هەوڵی سڕینەوەیان درا لە لایەن داعشەوە لەڕێگەی جینۆسایدەوە.
دەڵێت کاتێک قەیرانی لەم شێوەیە لە هەموو جیهاندا روودەدات، هەروەها قەیرانیش لە ئەفغانستان هەیە، ئەوە تاکە خەتای ئەنگێلا مێرکڵ نییە کە خەڵکێکی زۆر هەڵدێن.
ئاڵا شاڵی: هەندێ لە لایەنەکان، بەتایبەتی پارتی AfD رەخنەی تووندیان لە بڕیارەکەی دەگرت، ئایا لە گفتوگۆکەدا لەگەڵیدا دەتوانیت بڵێیت کە بڕیارەکەی مێڕکل بوە هۆی بەهێز بوون و سەرهەڵدانی پارتی AfD؟
مێلانی ئامان: لە هەڤپەیڤینەکەدا قسەمان لەگەڵ کرد، بەڵام خۆی بە بەرپرسیار نابینێت. ئەو دەڵێت ئەوە بڕیاری سیاسی ئەو خەڵکەیە کە دەنگ بەم حیزبە دەدەن. هەموو بڕیارێکی سیاسییە و هەموو کەسێک بە تەنیا دەنگ دەیدات، من بەرپرسیارنیم لەوە. AfD پێیانگوتووە، بۆچی مێرکڵ سێڵفی لەگەڵ پەنابەران گرتووە؟ بەم کارە پەیامی بۆ جیهان ناردووە کە هەموویان بێن.
پرسیارمان لێکردن، ئایا بێهەڵوێستی نییە کاتێک خەڵک لە وڵاتێکی دیکتاتۆرەوە تەماشا دەکەن و دەبینن کە کەسانی وەک ئەوان دەتوانن وێنە لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بگرن، لەگەڵ بەهێزترین ژن لە جیهاندا. ئایا ئەوە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی نییە کە بڵێیت ئەو وێنەیە کاریگەری ڕەمزی نییە؟ کاریگەرییەکی ڕەمزی هەیە؟ بەڵام مێرکڵ گوتی، نەخێر کاریگەری نییە، کەس بەهۆی سێڵفی یان تەوقەیەکەوە ڕاناکات. بۆیە لەوێش خۆی بە بەرپرسیارنابینێت.
ئاڵا شاڵی: باشە بۆ من گرنگە وەک ژنێک، دەمەوێت بزانم لە کاتێکدا مێرکڵ وەک بەهێزترین ژنی جیهان هەڵبژێردرا، بەڵام لە هەمانکاتدا نەیتوانی لە 16 ساڵدا ژنی بەهێز لە پارتەکەیدا دروست بکات؟
مێلانی ئامان: بۆ چەند ژنێکی بەجێهێشت. ئەو لە دوای خۆی ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاینی بەجێهێشت، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپایە. ئەمە لە ئێستاوە بەهێزترین کاراکتەرە لە ئەورووپا.
ئاڵا شاڵی: بەڵام ئەو لێرە نییە، پارتەکەی پێویستی بە ژنی بەهێزە؟
مێلانی ئامان: راستە پێموایە ئەنگێلا مێرکڵ پشتگیریی کەسی نەکرد بۆ جێنشینی خۆی. هەرگیز تۆڕێکی لە پارتەکەیدا نەبووە. تۆڕی ئافرەتانی نەبوو، تۆڕی پیاوانیشی نەبوو، زۆرتر بەتەنیا کاری دەکرد. دواتر دەڵێت ئەوانەی دوای من دێنە ئەم پۆستە پێویستە خۆیان کار بکەن. بۆیە یارمەتیی ئانگرێت کرامپی نەدا، ژنێک بوو کە ویستبووی ببێتە راوێژکاری ئەڵمانیا، جێگرەوەی مێرکڵ بوو وەک سەرۆکی پارتەکەی. بەڵام مێرکڵ یارمەتی هیچ پیاوێکی نەدا.
پێموایە ئەنگێلا مێرکڵ گوتوویەتی هەرکەسێک دوای من بێت دەبێت، خۆی هەوڵ بدات خۆی بەهێز بکات. تەنانەت بەرامبەر بە ژنانیش هەروەها یارمەتی پیاوەکانیشی نەدا. یارمەتی ئارمین لاشێتی نەدا کاتێک ویستبووی ببێتە راوێژکار، هەرچەندە ئەو لایەنگری گەورەی مێرکڵ بوو لە سیاسەتی پەنابەران. بۆیە پێموایە مێرکڵ لەوێدا شەڕکەرێکی تاقانە بوو. کەسانی متمانەپێکراوی کەمی هەبووە. دەڵێت، "ئەوانی دیکە دەبێ خۆیان وەک من خۆیان هەوڵ بدەن".
ئاڵا شاڵی: باشە ئێستا خاتوو مێرکڵ چۆن بیر لە سیاسەتی ئێستای کۆچبەرانی ئەڵمانیا دەکاتەوە؟ بۆنمونە کە باس لە کۆنترۆڵکردنی سنورەکان دەکەنەوە، سنوورە دەرکیەکان . بەگشتی چی دەڵێت لەو بارەیەوە؟
مێلانی ئامان: ئەنگێلا مێرکڵ زۆر ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی پارتەکەی خۆی دەگرێت، کە ئێستا داوای گەڕانەوەی خەڵک دەکەن لەسەر سنوورەکان. ئەو دەڵێت ئەوە نادرستە و سەرناگرێت، تەنیا چارەسەر ئەوەیە چارەسەرێکی هاوبەش لە ئەورووپا هەبێت. مێرکڵ زۆر نیگەرانە و زۆر بە نەرێنی دەیبینێت کە بەو شێوەی سووکایەتیکردن باس لە پەنابەران و خەڵکی موسڵمان دەکرێت. ئەنگێلا مێرکڵ کەسێکی زۆر لێبوردە یە، لە ڕاستیدا لە بۆچووندا نزیکە بۆچوونی پارتی سەوزەکان، من پێموایە بیرکردنەوەی لەگەڵ سەوزەکان باشتر دەگونجێت نەک لەگەڵ CDU، پێموایە زۆر ناڕازییە لەوەی کە چۆن مشتومڕەکە بەڕێوەدەچێت.
ئاڵا شاڵی: بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا خاتوو مێڕکل توانی 16 ساڵ راوێژکاری ئەڵمانیا بێت، کاتێک باس لە ژنێکی بەهێز دەکرێت یەکسەر ناوی خاتوو مێرکڵ دەهێنرێت. زۆر سوپاس کە لەگەڵماندا بوویت.
مێلانی ئامان: زۆر راستە، سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ