WHO: ئەمساڵ زیاتر لە 450 تووشبووی 'ئاوڵەی مەیموون' لە کۆنگۆ گیانیان لەدەستداوە

26-08-2024
شکار رێبوار
نیشانەکردن ئاوڵەی مەیموون
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بە تووندی لە کۆنگۆ بڵاوبووەتەوە و منداڵانی خوار 10 ساڵان قوربانیی سەرەکیی نەخۆشییەکەن.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 450 تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە هەرێمی دیمۆکراتی کۆنگۆ گیانیان لەدەستداوە، رێکخراوێکی خێرخوازیی وڵاتەکەش دەڵێت، 75٪ـی تووشبووانی نەخۆشییەکە منداڵانی خوار 10 ساڵانن.
 
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی وڵاتەکە، رۆژانە تەنیا لە یەک بنکە پێنج بۆ 10 تووشبووی نوێی نەخۆشیی mpox کە ناسراوە بە ئاوڵەی مەیموون تۆماردەکرێن.
 
د. پایرێ ئۆلیڤەر، کارمەندێکی تەندروستیی رێکخراوێکی خێرخوازییە لە کۆنگۆ و دەڵێت: ''ئەوانەی تائێستا بە نەخۆشییەکە نەمردوون، بە زوویی دەستنیشانکراون و زوو چارەسەریان بۆ کراوە''.
 
هاوکات ڤاکسین تاکە رێگەی پێشگیریکردنە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکە و بە گوتەی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی فریاگوزاریی WHO، نیو ملیۆن قورچکی ڤاکسینەکە ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ؛ ژمارەی ڤاکسینەکان بگەیێندرێتە 2.4 ملیۆن قورچک.
 
 نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' چییە؟ 
 
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات، بەڵکو خۆکارانە وەکو هەڵامەت دوای تەواوبوونی ماوەکەی لاوازدەبێت و نامێنێت.
 
رێگەکانی گواستنەوەی ''ئاوڵەی مەیموون''
 
- بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو
- دەستلێدان 
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
 
نیشانە و لێکەوتەکانی ''ئاوڵەی مەیموون''
 
- تا و بێهێزی
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
- هەوکردنی تووندی سییەکان
- هەوکردنی مێشک 
- ژەهراویبوونی خوێن
 
رێگەکانی پێشگیریکردن لە ''ئاوڵەی مەیموون''
 
- وەرگرتنی ڤاکسین 
- دەستشۆردنی بەردەوام
- دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- ئەنجامدانی سێکسی تەندروست
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە