رووداو - تەندروستی
ئاژانسی پزیشکیی ئەورووپی بڕیارێکی نوێ لەبارەی ڤاکسینێکی ئاوڵەی مەیموون دەدات، بەجۆرێک لەمەودوا ئاساییە بۆ منداڵ و نەوجەوانانیش بەکاربهێندرێت.
دوای هۆشدارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون، دەزگا نێودەوڵەتییە پزیشکییەکان دەستیان بە دەرکردنی بڕیاری نوێ و بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژ بە نەخۆشییەکە کرد، لە نوێترین ئەو بڕیارانەش ئەمەی ئاژانسی پزیشکیی ئەورووپییە لەسەر ڤاکسینی Imvanexـی دژ بە 'ئاوڵەی مەیموون'.
ئاژانسەکە دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوەکان بۆمان دەرکەوتووە کە ڤاکسینەکە ئاساییە بۆ کەسانی 12 بۆ 17 ساڵان بەکاربهێندرێت، تاوەکو رێژەیەکی زیاتری خەڵک لەو نەخۆشییە کوشندەیە پارێزراو بن.
ستێلا کیریاکیدێس، کۆمیسیاری تەندروستیی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: ''رێکاری تووند لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی خەڵک لە ئاوڵەی مەیموون گیراونەتەبەر، هەروەها لە هەوڵەکانیش بەردەوامین بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی نوێ و کاریگەر''.
بەپێی ئاژانسەکە، ڤاکسینی Imvanex تاکە ڤاکسینە کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پەسندکرابێت و بەکاربهێندرێت کە پێش ئەم بڕیارە نوێیە، تەنیا بۆ کەسانی سەروو 20 ساڵان بەکاردەهات، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە بۆ کەسانی خوار ئەو تەمەنەش کاریگەر و سەلامەتە.
نوێترین راپۆرتی رووداو لەبارەی ئاوڵەی مەیموون لە ئەفریقا ببینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ