لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە بەرلین بەڕێوەدەچێت

16-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەستپێدەکات و هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی لووتکەکە کراوە.
 
لە لووتکەکەدا هەریەکە لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی؛ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتیی دیکە بەشدار دەبن.
 
لووتکەکە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخەرانی لووتکەکە بەڕێوەدەبرێت و، تێیدا 300 قسەکەر لە سەرتاسەری جیهانەوە گوتار لەبارەی دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکانیان پێشکێش دەکەن؛ لەنێو ئەو قسەکەرانەشدا 40 پسپۆڕی تەندروستی قسە دەکەن و دید و پەیامی خۆیان دەخەنەڕوو؛ دیبەیت و وۆرکشۆپ رێکدەخرێت و ژمارەیەک کۆبوونەوەش لە پەراوێزی لووتکەکەدا ئەنجام دەدرێن.
 
ئەمساڵ بۆ جاری سێیەم لەسەریەک لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی لووتکەکە کراوە. دکتۆر ئاراس برادۆستی، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و پێنج ئەندامی بۆردی لووتکەی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدارن.
 
گۆشان محەممەد قەرەداخی، ئەندامی بۆردی زانستیی لووتکەی تەندروستیی کوردستان کە لە لووتکەکەدا بەشدارە ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانجێکی سەرەکییان لە بەشداریکردن لە لووتکەکە ئەوەیە زیاتر ئاگاداری دوایین داهێنانەکانی بواری تەندروستی بن تاوەکو بتوانن لە بەرەوپێشبردنی سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سوودی لێوەربگرن.
 
ئەو ئەندامەی بۆردی زانستیی لووتکەی تەندروستیی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو، لووتکەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و مەبەستیانە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ کۆمەڵە و لووتکە تەندروستییەکانی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان دروستبکەن.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئامانج لەم لووتکەیە بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی چارەسەری داهێنەرانەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ئاڵنگارییە تەندروستییەکان.
 
بەگوێرەی ئەجێندای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەمڕۆ ئەو سیاسەت و توێژینەوانە تاوتوێ دەکرێن کە دەتوانن کێشەکانی پەیوەندیدار بە تەندروستی و کۆچکردن چارەسەر بکەن.
 
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، 100 ملیۆن ئاوارە و کۆچبەر لە جیهاندا هەن. تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئاوارە و کۆچبەرەکان رووبەڕووی دۆخێکی خراپ دەبنەوە، بەتایبەتی لە بواری تەندروستییەوە بەراورد بە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەی تێیدا بوونەتە ئاوارە و پەنابەر و وەکو کەسانی ئاسایی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان ناگات. ئەم پرسە بەشێک دەبێت لەو تەوەرانەی کە لەم لووتکەیەدا تاوتوێ دەکرێت.
 
ئەم تەوەرانەش لە لووتکەکەدا باس دەکرێن:
 
- زاڵبوون بەسەر پەتاکاندا
- ئەندازیاریی ئامادەکاری لەبەردەم پەتاکاندا
- چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانەی چارەسەری یەکجارەکییان نییە
- باری دارایی تەندروستیی جیهانی
- وەرزش و تەندروستی
- تەندروستی لە کاتی جەنگ و قەیرانەکاندا
- تەندروستی بۆ ئاشتی
- تەندروستی و کارمەندانی تەندروستی
- کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە
- داهێنان لە پەیوەندیی تەندروستیی جیهانی
- تەندروستیی ژن و منداڵ
- داهاتوویەکی دوور لە ئیفلیجیی منداڵ
- رۆڵی پەرلەمانتاران لە برەودان بە ئەجێندای تەندروستیی جیهانی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.