ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 2632 منداڵی ناکام لەدایکبوون

09-11-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 2 هەزار 632 منداڵی ناکام لەدایکبوون، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرە و کەمترینیش لە دهۆک. پزیشکێکی پسپۆڕ هۆکار و نیشانەکانی منداڵی ناکام دەخاتەڕوو، هاوکات ئامۆژگاری هاونیشتمانییان دەکات کە پێش وادەی خۆی هەوڵی لەدایکبوونی منداڵ نەدەن.

بەگوێرەی ئاماری فەرمی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر کە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، لە نۆ مانگی ئەمساڵ، هەزار 889 منداڵی ناکام لەدایکبوون. هاوکات 304 منداڵ مردوون و بەشێکیان پێش لەدایکبوون لەبارچوون؛ لەکاتێکدا پار لە هەولێر تەنیا 411 منداڵی ناکام لەدایکبوون.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە سلێمانی، لە 10 مانگی ئەمساڵ، 8 هەزار و 624 منداڵ لەدایکبوون، 873 یان ناکام بوون. لە پارێزگای دهۆک لە ماوەی 8 مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 62 منداڵی ناکام لەدایکبوون، بەڵام 139 منداڵیش مردوون واتە بە ناکامی لەدایکبوون و نەژیاون.
 
لە هەڵەبجە نزیکەی دوو مانگە هۆڵی تایبەت بە چاودێری و لەدایکبوونی منداڵی ناکام کراوەتەوە. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا دوێنێ سێشەممە پێنج منداڵ نێردراون بۆ چاودێریی منداڵانی ناکام".
 
 
بە چی منداڵێک دەگوترێت ناکام؟
 
رۆژی چوارشەممە 9-11-2022، دکتۆر محەممەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر منداڵێک پێش 37 هەفتە لەدایکبێت ناکامە؛ تاوەکو زووتربێت خراپتر دەبێت، ئەگەر لە 28 هەفتەدا لەدایکبێت زۆر خراپتر دەبێت و ئەگەری مردنی زیاترە".
 
هۆکارەکانی لەدایکبوونی منداڵی ناکام
 
دکتۆر محەممەد حەسەن هۆکاری لەدایکبوونی منداڵی ناکام بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: دایک سکەکەی دووانە یان زیاتر بێت، ماوەی نێوان سکپڕی کەم بێت، کێشە لە منداڵدان و ناوکەپەتکی دایکدا هەبێت، کێشانی جگەرە، مادەی بێهۆشکەر و سڕکەر، هەوکردن لە دایکدا، هەبوونی دڵەڕاوکێی زۆر، هاوکارنەبوونی خێزان و هاوژین بۆ دایکەکە، لەبارچوونی پێشتر، دانانی منداڵی بلووری، رووداوی شۆکهێنەر، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو شەکرە و پەستانی خوێن، کێشی زۆر و لاوازی.
 
نیشانەکانی منداڵی ناکام
 
دکتۆر محەممەد حەسەن ئاماژەی بە جیاوازیی منداڵی ناکام و منداڵی ئاسایی کرد و گوتی، ئەوانەی ناکامن تێیاندایە کێشیان لە کیلۆگرامێک کەمترە و تێشیاندایە دەگاتە دوو کیلۆگرام، لەگەڵ لەدایکبووندا کێشە لە گورچیلەکانیان دروست دەبێت و هەناسەدانیشیان ئاسایی نییە، هەروەها ماسوولکەکانیان لاوازە و کێشە بۆ دەمار و مێشکیشیان دروست دەبێت.
 
 
ئەو پزیشکە گوتیشی، تەنیا چارەسەر ئەوەیە، کە ئەو منداڵانەی بە ناکام لەدایک دەبن لە هۆڵی تایبەتی نەخۆشخانەدا یەک هەفتە بۆ مانگێک لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بمێننەوە.
 
رێکارەکان بۆ کەمبوونەوەی لەدایکبوونی منداڵی ناکام
 
بۆ کەمکردنەوەی لەدایکبوونی منداڵی ناکام، ئەو پزیشکە پسپۆڕە چەند ئامۆژگارییەکی دایکان و خێزان دەکات و دەڵێت: "دەبێت هاوژین و خێزان هاوکاریی دایکەکە بکەن و گوشاری دەروونی لەسەر کەمبکەنەوە، لەژێر چاودێریی پزیشکدا کێشە تەندروستییەکانی دایکەکە کۆنترڵبکرێت و لانیکەم دوای دوو ساڵ لە سکپڕی منداڵێکی دیکەی ببێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.