رووداو - سلێمانی
سروود و لارا و یارا سیانەی یەک خێزانن، ئەوان تەنیا لە شێوەدا لەیەک ناچن، بەڵکو هەمان بەهرەیشیان بۆ ژەنینی پیانۆ هەیە؛ دوای 10 مانگ لە ئامادەکاری لەگەڵ هاوڕێکانیان کۆنسێرتی 'ئێوارەیەک لەگەڵ پیانۆ'یان لە سلێمانی بەڕێوەبرد، کە هۆڵەکەیان پڕ کردبوو لە دەنگی نۆتەی مۆسیقا.
ناز خزر، دایکی ژەنیار دەڵێت، "گەڕاین بزانین چی گونجاوە بۆ بەهرەی منداڵەکانمان، سەیرمان کرد پیانۆ ئالەتێکی باشە، بۆیە بڕیاری ئەوەمان دا. هەستێکی زۆر خۆشمان هەبوو کە ناتوانم دەریببڕم کە لەسەر ستەیج بینیمن."
یارا دیاری، ژەنیار دەڵێت، "سەرەتا دوودڵ بووین، بەڵام ترسمان نەما کە ژەنینمان دەستپێکرد، هەریەکەو ئاوازێکی جیاوازمان ژەنی."
ئاوازەکان هەست و بیری گوێگرەکانیانی بردە دنیایەکی دیکە، ئەوانەی لەوێ ئامادە بوون بەشێکیان هونەرمەند، مامۆستا و ژەنیاری بەنێوبانگی کوردستان بوون. مامۆستا کۆمیکۆ لە ژاپۆنەوە 20 ساڵ لەمەوبەر هاتووەتە سلێمانی و لەوکاتەوە مامۆستای دەنگ و کۆرسە، یەکێک بوو لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە و گوتی، "توانای ژەنیارەکان سەرنجیان راکێشاوم."
مامۆستا کۆمیکۆ، ژەنیار ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا ژەنیاری پیانۆ زۆر بووە لە سلێمانی، تەنیا خوێندکارەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان نین، خەڵک زۆر هەوڵدەدەن بۆ فێربوون."
هێمن حوسێن، هونەرمەند دەڵێت، "لەجیاتی ئەوەی منداڵێک لەبەردەم دەرگا دانیشێت و نەزانێت ئەو وزەی لە ناخیەتی چۆن دەریبڕێت، پیانۆ باشترینە."
ئامادەکاری کرابوو 300 کەس لە کۆنسێرتەکە ئامادەبن، بەڵام زیاتر لە 700 کەس بۆی هاتبوون. ئەژی ئەکرەم، مامۆستای ژەنیارەکانی سلێمانییە و دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی کرا، هاوشێوەی لە عێراق نەبووە، ئامادەکاری بۆ کۆنسێرتێکیش دەکەن کە زیاتر لە 2000 کەس ئامادەبن تێیدا.
ئەژی ئەکرەم، راهێنەری ژەنینی پیانۆ باسی لەوەش کرد، "کۆنسێرتەکەمان تایبەت بوو هەوڵمان داوە شتێك بکەین کە نەبێت لە عێراق. جۆرە هۆڵێکمان دروستکرد کە تەنیا لە ئەمریکا و هۆڵەندا هەیە، کۆنسێرتەکەمان هەمووی ئاوازی کلاسیکە."
تەمەنی ژەنیارەکان لەنێوان 10 بۆ 25 ساڵی بوو، کە بەشێکیان زیاتر لە هەشت ساڵ بۆ فێربوون هەوڵدەدەن و، بەردەوامن لە ژەنینی پیانۆ و ئاوازە جیهانییەکان دووبارە دەژەننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ