گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

یەکەم کێبڕکێی شێوەکاری لەسەر ئاستی عێراق لەلایەن قوتابخانەکانی سابیس لە هەولێر رێکخرا، کە تێیدا 113 قوتابی لە 13 قوتابخانەی کەرتی تایبەت و حکومی بەشدار بوون.
 
ئامانجی سەرەکیی کێبڕکێکە؛ هاندانی قوتابییانی بەهرەمەندە بۆ کاری شێوەکاری و بەهێزکردنی توانای داهێنان تێیاندا.
 
کێبڕکێکە ئەمڕۆ (شەممە، 18-1-2025) لە هۆڵێکی قوتابخانەکانی سابیس لە هەولێر سازکرا، کە تێیدا داوا لە بەشداربووان کرا بەبێ هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختە و یارمەتیی مامۆستایان، لەسەر چەند بابەتێکی جیاواز تابلۆی شێوەکاری بنەخشێنن، بۆ ئەوەی قوتابییان پشت بە توانا و هزری خۆیان ببەستن.
 
قوتابییان دابەشکرابوون بەسەر سێ ئاستی جیاوازدا:
 
ئاستی یەکەم: قوتابیانی پۆلەکانی دوو، سێ و چوار، کە تابلۆیان لەسەر بابەتی "باخچەکەم" کێشا.
ئاستی دووەم: قوتابیانی پۆلەکانی پێنج، شەش و حەوت، ئەوانیش تابلۆیان لەسەر بابەتی "باخچەکەم" کێشا.
ئاستی سێیەم: قوتابیانی پۆلەکانی هەشت تاوەکو دوازدە، کە دەبوو تابلۆ لەسەر بابەتی "خەیاڵ" بکێشن.
 
بۆ هەر ئاستێک، یەکەم و دووەم و سێیەم هەڵبژێردران.
 
مەحموود عومەر، بەرپرسی هەڵسوکەوت و ژیانی قوتابیانی قوتابخانەکانی سابیس لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بە رووداوی راگەیاند ئامانجیان لەم چالاکییە ''زیندووکردنەوەی تواناکانی قوتابیانە لەڕێگەی هونەرەوە، هەروەها هاندانیانە بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی زۆری مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
 
ئاماژەی بەوەش کرد؛ لە ساڵانی داهاتوودا گرنگیی زیاتر بە چالاکییە هونەری و زانستییەکان دەدەن.
 
لینا هادی، قوتابییەکی پۆلی 12ـی ئامادەییە لە قوتابخانەی سابیس لە هەولێر، لەبارەی بەشداریکردنی لە کێبڕکێکە بە رووداوی گوت"ئەمە یەکەمجارە بەشداری لە پێشبڕکێیەکی راستەوخۆی هونەری دەکەم و ئەزموونێکی باش بوو بۆ من، چونکە وایکرد زیاتر متمانەم بە خۆم هەبێت و بتوانم لە شوێنێکی قەرەباڵخدا وێنە بکێشم."
 
هیوای خواست زانکۆکانیش گرنگی بە هونەر بدەن.
 
قوتابخانەکانی سابیس ساڵانە چەندین چالاکی و کێبڕکێی جۆراوجۆر لە شارە جیاوازەکان دەکەن. ئەمساڵ ئەم کێبڕکێیە لە هەولێر ئەنجامدرا و بڕیارە ساڵانە بەردەوام بێت. 
 
قوتابخانەکانی سابیس لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەلار، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەغدا هەن، ئەمساڵیش قوتابخانەیەکی نوێ لە بەسرە دەکرێتەوە.