رووداو دیجیتاڵ
ئەمبەر هێرد، هاوژینی پێشووی ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی جۆنی دێپ، یەکێک لەو دیارییانە دەفرۆشێت کە ئیلۆن مەسک پێشکێشی کردووە، تاوەکو بتوانێت بەشێک لەو پارەیە بدات، کە بەهۆی دۆڕاندنی دۆسیەکەی لە دادگە بەرامبەر هاوژینی پێشووی، کەوتووەتەسەری.
ئەمبەر هێرد پێشتر هاوڕێی ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بووە، کە خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلایە؛ ئەو ملیاردێرە دیاریی زۆر و گرانبەهای بەو خانمە ئەکتەرە داوە.
بەپێی میدیاکانی ئەوروپا، ئەو دیارییەی ئەمبەر دەیەوێت بیفرۆشێت، ئۆتۆمبێلێکی تێسلایە لە جۆری X. ئەو ئۆتۆمبێلە یەکێکە لە گرانبەهاترین بەرهەمەکانی کۆمپانیای تێسلا. توانای بزووێنەری ئۆتۆمبێلەکە 1,200 ئەسپە و لە ماوەی 2.1 چرکەدا لە 0 بۆ 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا خێرا دەبێت. هەروەها بە تەنیا یەکجار بارگاویکردن دەتوانێت 628 کیلۆمەتر ببڕێت و نرخەکەشی 130,000 دۆلارە.
لە 2018 ئەمبەر هێرد بابەتێکی پڕ لە تۆمەتی لە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لەسەر جۆنی دێپی هاوژینی بڵاوکردەوە و بەوە تاوانباری کرد، لە ماوەی هاوسەرگیرییاندا دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەری و لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە ئەشکەنجەی داوە. دوای بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەتانە، جۆنی دێپ داوای یاسایی لە دژی ئەمبەر بەرزکردەوە و 11ـی نیسانی ئەمساڵ دادگە دەستی بە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکان کرد.
دوای حەوت هەفتە لێکۆڵینەوە، دادگە بێتاوانی جۆنی دێپی سەلماند و تۆمەتەکانی ئەمبەر هێردی بە ناڕاست دانا. جۆنی دێپ توانیی 15 ملیۆن دۆلار لەو دادگەیەدا بباتەوە کە لە دواتردا بەهۆی یاسای سنوورداریی سزاداراییەکان لە دادگە بۆ 10 ملیۆن و 350 هەزار دۆلار کەمکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ