بەرهەمێک لەبارەی عاشقە خێرلەخۆنەدیوەکەی گەلی عەلی بەگ بڵاودەکرێتەوە

09-11-2024
پەسار فایەق
کاروان حەمید حەلاق، لە ڤیدیۆکلیپی "چیرۆکی عەلی عاشق"
کاروان حەمید حەلاق، لە ڤیدیۆکلیپی "چیرۆکی عەلی عاشق"
نیشانەکردن کاروان حەمید حەلاق عەلی عاشق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی کورد، بەرهەمێک لەبارەی عەلی عاشق بڵاودەکاتەوە، ئەو عاشقەی بەهۆی نەگەیشتنی بەو کەسەی خۆشیدەویست، بڕیاریدا بە تەنیایی لە گەلی عەلی بەگ ژیان بەسەرببات.
 
کاروان حەمید حەلاق، بە تۆڕی میدیایی رووداو، "چیرۆکی عەلی عاشق" دوایین بەرهەمیەتی و لەبارەی ژیانی عەلی عاشقە کە لەبارەی عەشق و ئەوینە و "هیچی لە چیرۆکی ئەوینی شیرین و فەرهاد و لەیلا و مەجنون کەمتر نییە".  
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، عەلی عاشق وەک رابەرێکی عاشقان لە دنیای عەشق و ئەویندا بە زیندووی دەمێنێتەوە. گوتیشی: بەرهەمەکە "تایبەتە بەو عاشقانەی لە عەشقدا راستگۆن". 
 
روونیشیکردەوە، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپەکەی خستە وەرزی پاییزەوە وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵوەرینی رۆژەکانی عەلی عاشق. سوپاسی هەموو ئەو کەس و دەزگایانەش کرد کە لە بەرهەمهێنانی بەرهەمەکەدا هاوکاری بوونە.
 
"چیرۆکی عەلی عاشق" لە تێکست و ئاوازی کاروان حەمید حەلاقە و د. جەمال عەبدوڵڵا سەگرمە دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە. سێ هونەرمەند بەناوی کاروان لەم بەرهەمەدا بەشدارن، ئەویش کاروان حەمید حەلاق، کاروانی نەی و کاروانی باڵەبان. کاری بەرهەمهێنان و دەرهێنانی لەلایەن بافڵ سەرهەنگ کراوە و کاروان عەبدولڕەحمان یاریدەدەری دەرهێنەرە.
 
بەرهەمەکە لە دەڤەری سۆران و هەورامان وێنەگیراوە، تێیدا کاروان حەمید جگە لەوەی وەک گۆرانیبێژ و ژەنیار تێیدا بەشدارە، رۆڵی عەلی عاشقیش دەگێڕێت و قژ و ریشی سپی کردووە و ماوەکەی حەوت خولەک و نیوە.
 
ئەو هونەرمەندە پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، تێکستەکەی بۆ دوو منداڵەکەی نووسیوە کە پێشتر بە نەخۆشی کۆچی دوایین کرد، هەر بەو هۆیەوە کوردستانی جێهێشت و لە ئەوروپا دەژی. گوتیشی، بە پێویستی نەزانی دیسان بەرهەمێکی دیکە لەبارەی دوو منداڵە کۆچکردووەکەیەوە بەرهەمبێنێت، لەبەر ئەوەی تێکستەکە لەگەڵ چیرۆکی عەلی عاشق نزیک بوو، بڕیاریدا تێکستەکە بۆ ئەو عاشقە بکاتە گۆرانی.
 
کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندێکی کوردە و دانیشتووی هۆڵەندایە، ژەنیاری شمشاڵ و ئامێرە فودارەکانی دیکەیە، وەک گۆرانیبیژیش بەرهەمی هەیە، بە بەردەوامی لەگەڵ گرووپی میوزیکیی نەتەوە جیاوازەکاندا، کۆنسێرت لە هۆڵەندا سازدەکات و بە جلوبەرگی کوردییەوە میوزیک و گۆرانی نەتەوەکەی پێشکێش دەکات.
 
عەلی عەبدوڵڵا ناسراو بە عەلی عاشق، خەڵکی گوندی سرێشمەی سەر بە قەزای خەلیفانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە باشووری کوردستان، بەهۆی نەگەیشتنی بە خۆشەویستەکەی زیاتر لە 65 ساڵ یاخی دەبێت و ژیانی تەنیایی هەڵبدەژێرێت و لە گەلی عەلی بەگ دەمێنێتەوە. لە 13ـی تشرینی یەکەمی 2020 کۆچی دواییکرد و لە زێدی خۆی لە سرێشمە بە خاک سپێدردا. رۆژی لەدایکبوونی دیار نەبوو، بەڵام پێشبینیکراوە نزیکەی 90 ساڵ ژیابێت.
 
لە 2012 نێچیرڤان بارزانی، کاتێک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، سەردانی سنووری سۆرانی کرد و دوای ئەوەی لە نزیکەوە سەربوردەی عەلی عاشق زانی، بڕیاریدا خانوویەکی بۆ دروستبکرێت، پێشتر لە نێو ئەوشکەوت و کەلاوەکاندا ژیانی بەسەردەبرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە