رووداو دیجیتاڵ
جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی، رایگەیاند، دەرهێنەری روانگەی ئەوی بۆ شتەکان گۆڕی، ئەمەش لە دوای ئەوەی کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی "Modi" کرد.
"Modi - Three Days on the Wings of Madness" فیلمێکی بایۆگرافییە و لەبارەی ژیانی ئەمێدیۆ مۆدلیانی، شێوەکاری ئیتاڵییە و ئال پاچینۆ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
فیلمەکە لە فێستیڤاڵی فیلمی سان سێباستیان بەشدارە کە ئێستا چالاکییەکانی لە ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، هەروەها لە کانوونی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت.
لە کۆنگریەکی رۆژنامەڤانیدا لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، پرسیارێک لەبارەی دووبارە تاقیکردنەوەی ئەزموونی کاری دەرهێنەرەی لە دێپ کرا، لە وەڵامدا گوتی: "هەرگیز جارێکی دیکە دووبارەی ناکەمەوە". دواتر پێکەنی و گوتی: "رەنگە بیکەم. داوای لێبوردن دەکەم، بەتایبەت کە من شتەکانم لە روانگەیەکی جیاواز دەبینی لە کاتی وەستانم لە پشت کامێراوە".
بیرۆکەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە بۆ 27 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و ئال پاچینۆ، پێشنیازی بۆ دێپ کرد کاری دەرهێنانی بۆ بکات، ئەمەش یەکەم فیلم نییە، دێپ کاری دەرهێنانی بۆ بکات، بەڵام 27 ساڵە لەو بوارە دابڕاوە.
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەممووزی 1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی "Elm Street" بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی "21 Jump Street" رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی " What's Eating Gilbert Grape" و فیلمی "Benny and Joon" لە 1993، دواتریش لە فیلمی "Dead Man" لە 1995، هەروەها لە فیلمی "Donnie Briscoe" لە 1997 و "Loathing in Las Vegas" لە 1998.
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 3.7 ملیار دۆلارە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی "Pirates of the Caribbean" کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت و بڕیارە لە بەشێکی نوێدا دووبارە هەمان رۆڵ بگێڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ