لە لۆس ئەنجلس وەرزی دووەمی "Squid Game" پێشاندرا

05-11-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "Squid Game"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، پێشاندانی تایبەتی وەرزی دووەمی زنجیرەی "Squid Game" بەڕێوەچوو. 
 
پێشاندانە تایبەتەکەی "Squid Game" بە ئامادەبوونی بەشێک لە ستافەکەی بەڕێوەچوو و بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین، لەوانەش ئەکتەری سەرەکیی دراماکە لی جۆنگ جەی.
 
وەرزی یەکەمی "Squid Game" بە پڕبینەرترین بەرهەمی تۆڕی نێتفلێکس دەناسرێت و لە چوار هەفتەی یەکەمی بڵاوکردنەوەی لەو تۆڕە دیجیتاڵییە، زیاتر لە 1.65 ملیار کاژێر بینرا.
 
لە وەرزی نوێدا لی جۆنگ جەی کارەکتەری ژمارە 456 لە یارییەکەدا، هەوڵی رزگارکردنی ژمارەیەک یاریزان دەدات کە لە یاریی مەرگدا بەشدارن.
 
لی جۆنگ جەی، رایگەیاند، ئەو سوپاسگوزارە کە تاوەکو ئێستا هەواداری زۆری لە دەرەوەی کۆریا هەیە و تامەزرۆی رووداوەکانی وەرزی دووەمن.
 
بڕیارە وەرزی دووەمی زنجیرەکە لە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوبکرێتەوە.
 

وەرزی یەکەمی ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە، چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناو، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین ئەکتەری لاوەکی زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و خەڵاتی SAG بۆ باشترین ئەکتەری سەرەکی ژن و پیاو.
 
"Squid Game" زنجیرەیەکی کۆریای باشوورە، لە دەرهێنانی هوانگ دۆنگ هیوکە، تێیدا هەریەک لە لی جۆنگ جەی، پارک های سو و وی ها جۆن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
چیرۆکی ئەم بەرهەمە باس لە بەشداری 456 کەس لە یارییەکدا دەکات بۆ بردنەوەی 38 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەڵام کاتێک لە یارییەکەدا بەشدار دەبن بۆیان دەردەکەوێت تەنیا یەک براوە هەیە و ئەوانی دیکە کەسیان بە زیندوویی نامێنن.
 
چیرۆکی ئەم بەرهەمە لە یارییەکی منداڵانی کۆری وەرگیراوە و بە هەمان ناوی یارییەکە کراوە و مەرگی بۆ زیادکراوە.
 
وەرزی یەکەمی ئەم بەرهەمە لە 17ـی ئەیلوولی 2021 لە سەرانسەری جیهاندا لە رێگەی تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە و لە 94 وڵاتدا زیاتر لە 142 ملیۆن خێزان بینەری بوونە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە