ئەندرێیە بۆچێلی زنجیرە کۆنسێرتێک لە ئەمریکا سازدەکات

06-11-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئەندرێیە بۆچێلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندرێیە بۆچێلی، هونەرمەندی ئیتاڵی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر هاتنە نێو دنیای هونەرەوە، گەشتێکی هونەری لە ئەمریکا سازدەکات.
 
گەشت هونەرییەکە چەندین کۆنسێرت لەخۆدەگرێت، یەکەمیان لە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە ساندیێگۆی کالیفۆرنیا دەستپێدەکات و یەک مانگ بەردەوام دەبێت، دواتر لە شوبات و حوزەیرانی 2025 کۆنسێرتی دیکەی لەو ویلایەتە سازدەکات.
 
ئەو ئۆپێرابێژە جیهانییە، 30 ساڵە کارکردنی لە نێو هونەردا بەردەوامە و رایگەیاند، بەخت زۆر یاوەری بووە و توانی سۆزی خەڵک بەدەستبێنێت، گوتیشی: "ئێستا پێویستە هەوڵ بدات سۆزی خودا بەدەستبێنێت. ئەمەش زۆر سەختترە". 
 
ئەو هونەرمەندە بە زمانی ئیتاڵی، ئینگلیزی، فەرەنسی و ئیسپانی گۆرانی دەڵێت، گوتیشی، زۆر زمان هەن، بەڵام سەختە بە هەموو زمانێک قسە بکەیت. پێشتر هەوڵیداوە بە چەند دێڕێک گۆرانی بە چینی بڵێت، بەڵام زۆر سەخت بووە.
 
روونیشیکردەوە، ئەو دەیەوێت بە بەکارهێنانی میوزیکی جاز گۆرانی بڵێت، بەڵام بۆ ئەو سەختە چونکە پێویستە لەگەڵیدا بژیت و هەنگاو هەنگاو و رۆژ بە رۆژ فێرببێت. گوتیشی: "میوزیکی جازم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام زۆر لە ئەزموونی ژیانمەوە دوورە".
 
هەر بەبۆنەی تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر هاتنی بۆ نێو دنیای هونەر، مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، ئەلبوومێکی نوێی بەناوی "Duets" بڵاوکردەوە و گۆرانی دوێتی لەگەڵ هونەرمەندان سێلین دیۆن، دوا لیپا و ئێد شیرەن لەخۆدەگرێت.
 
ئه‌ندرێیە بۆچێلی، لە 22ـی ئەیلوولی 1958 له ئیتاڵیا لەدایکبووه، له منداڵییه‌وه توانای بینینی چاوەکانی لاواز بووە، له ته‌مه‌نی 12 ساڵیدا له کاتی یاریی تۆپی پێیدا له قوتابخانه، به هۆی به‌رکه‌وتنی تۆپ به رووخساری، توانای بینینی له ده‌ستدا.
 
بۆچێلی، یه‌کێک له دیارترین گۆرانیبێژانی ئیتاڵیایە کە بە شێوازی ئۆپێرایی و میوزیکی کلاسیکی هونەرەکەی پێشکێش دەکات. براوەی چەندین خەڵاتی جیهانییە و له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا کۆنسێرتی پێشکێشکردووه.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە