رووداو دیجیتاڵ
پێشاندانی بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Captain America" بەردەوامە و داهاتی گەیشتە 293 ملیۆن و 999 هەزار دۆلار.
بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکە بەناوی "Captain America: Brave New World"یە و لە 14ـی شوباتی 2025 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا، لەو داهاتە 145 ملیۆن و 631 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 148 ملیۆن و 368 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێنا.
لە لایەکی دیکەوە، هەفتەی رابردوو، ئەم بەرهەمە سینەماییە داهاتی لە کۆریای باشوور چوار ملیۆن دۆلار بوو، بەمەش 62.2٪ داهاتی پشووی هەفتەی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی کۆریای باشوور بەدەستهێنا و و بووە فیلمی پڕداهاتی ئەو وڵاتە. کۆی داهاتی لە ماوەی دوو هەفتەدا گەیشتە نۆ ملیۆن و 136 هەزار دۆلار.
پێشتر پێشبینی کرابوو داهاتی فیلمەکە لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی جیهاندا بگاتە 100 ملیۆن دۆلار، لە چوار رۆژدا 90 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، بەمەش وەک بەهێزترین دەستپێک بۆ پێشاندانی فیلم لە 2025ـدا هەژمارکرا.
پێشاندانی تایبەتی "Brave New World" لە 12ـی شوباتی 2025 لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بەڕێوەچوو. ئەنتۆنی ماکی و هاریسن فۆرد، دوو ئەکتەری دیاری بەشداربووی فیلمەکەن و لە پێشاندانەکەدا ئامادەبوون.
ماکی، پێشتر رایگەیاندبوو، ئەزموونی شانۆیی، هاوکاری بووە لەوەی رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا بگێڕێ.
یەکەم بەشی زنجیرە فیلمەکە بەناوی "Captain America" لە 1990 بەرهەمهێنرا، دووەم بەشی بەناوی "Captain America: The First Avenger" لە 2011 بەرهەمهێنرا، سێیەم بەشی بەناوی "Captain America: The Winter Soldier" لە 2014 و چوارەم بەشی بەناوی "Captain America: Civil War" لە 2016 بڵاوکرانەوە.
کارەکتەری کاپتن ئەمریکا، لە چەندین بەرهەمی دیکەی تەلەڤزیۆنی، سینەمایی و ئەنیمەیشندا بەکارهێنراوە، سەرەتای دەرکەوتنیشی بۆ چیرۆکە وێنەییەکان دەگەڕێتەوە کە بە "کۆمێکس" دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ