رووداو دیجیتاڵ
سەبا رێبوار، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی مژارە کۆمەڵایەتییەکان لە سینەمادا کار دەکات، لە نوێترین فیلمیدا چیرۆکی کچێکی نەوجەوان دەگێڕێتەوە کە خەونی ژەنینی ئامێری گیتارە.
سارینا محەممەد رەحیمی، رۆڵی کارەکتەری ژوان لە فیلمەکەدا دەگێڕێت کە کارەکتەری سەرەکییە، دایک و باوکی جایبوونەتەوە، حەز دەکات گیتار فێربێت، بۆ فێربوونی ئەو ئامێرە، باوکی کە میهران فەقری، ئەکتەری کورد رۆڵی دەگێڕێت، رێگری دەکات بچێتە لای راهێنەرێکی گەنج، بۆیە دەیباتە لای میوزیکژەنێکی بە تەمەن و رووبەڕووی گێچەڵەی سێکسی دەبێتەوە.
سارینا محەممەد رەحیمی، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە بە رووداوی راگەیاند، بەشداربوونی لە فیلمەکەدا، یەکەم ئەزموونی پیشەییەتی لە نواندندا و لە چیرۆکەکەدا بەهۆی خۆشەویستیی بۆ میوزیک، رووبەڕووی دۆخێکدا دەبێتەوە کە پێشبینی رووداونی نەکردبوو.
پێدرام نیلۆفەری، ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆیی و سینەمایی، رۆڵی میوزیکژەنەکە لە فیلمەکەدا دەگێڕێت و دەڵێت، چەندین کاری هاوبەشی لەگەڵ سەبا رێبوار هەبووە و بە یەکێک لە دەرهێنەرە باشەکانی بۆکانی دەناسێنێت.
بە بڕوای سەبا رێبوار، نووسەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری کورتە فیلمی "نۆتەی رەش"، پەیوەندی دایک و باوک کاریگەری زۆری لەسەر داهاتووی منداڵ هەیە و لەبارەی پەیامی فیلمەکە بە رووداوی گوت: "دەمەوێت بڵێم پەیوەندی نزیکی دایک و باوک لەگەڵ منداڵ، بەتایبەت پەیوەندی باوک لەگەڵ كچ، چەند کاریگەری لەسەر ئایندەی کچەکە هەیە".
کورتە فیلمی "نۆتەی رەش" لە وێنەگرتنی وریا گولزاریانە، گوڵستان مەنسووری وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری تێدا کردووە، ئامادەیە بۆ پێشاندان و بڕیارە بۆ فێستیڤاڵەکانی فیلم بنێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ