جۆرج کلۆنی لەگەڵ هاوژینەکەی و براد پیت بەبێ خۆشەویستەکەی لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی ڤێنس دەرکەوتن

02-09-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس جۆرج کلۆنی براد پیت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێترین فیلمی هەردوو ئەستێرەی هۆلیوود، جۆرج و کلۆنی و براد پیت بەناوی "Wolfs" لە دەرەوەی پێشبڕکێی 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا پێشاندرا.
 
جۆرج کلۆنی، لەگەڵ ئەمەل عیلمەدینی هاوژینی لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ دەرکەوت و براد پیت، هەرچەند لەگەڵ ئینس دی رامۆن دابوو، بەڵام لەسەر فەرشی سوور لەگەڵیدا دەرنەکەوت.
 
فیلمەکە رۆژی یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024 لە فیستیڤاڵەکەدا پێشاندرا، جگە لە ستافی فیلمەکە، بەشێکی دیکە لە ئەستێرەکانی سینەما بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین، لەوانەش کەیت بلانچێت، ئەکتەری ئوسترالی و لە دوای بینینی فیلمەکە، پیرۆزبایی لە ستافی فیلمەکە کرد.
 
لە دوای پێشاندانی فیلمەکە، پێشوازییەکی بەرچاوی لێکراوە و بۆ زیاتر لە پێنج خولەک چەپڵە بۆ ستافی فیلمەکە لێدراوە.
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لەوە دەکات کە دوو کەس بۆ یەک ئەرکی سەخت رادەسپێردرێن و کلۆنی و پیت رۆڵی ئەو دوو کارەکتەرە دەگێڕن.
 
کلۆنی کاتێک لەسەر فەرشی سوور بوو، کامێرامانەکان سەرنجی رادەکێشن و دەچێتە لایان و بە کامێرای یەکێک لە فۆتۆگرافەران وێنە دەگرێت.
 
رۆژی هەینی 31ـی ئابی 2024 ئەنجلینا جۆلی، ئەکتەری ئەمریکی و هاوژینی پێشووی براد پیت، بۆ پێشاندانی فیلمی  "Maria"لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو کە باس لە ژیانی یەکێک لە بەناوبانگترین ئۆپێرابێژەکان بەناوی ماریا کاڵاس، لە پاریس دەکات.
 
فێستیڤاڵی ڤێنس توانی جۆلی و پیت کۆبکاتەوە، بەڵام دیار نییە کە لە نێو فێستیڤاڵەکەدا چاویان بە یەکدی کەوتووە یاخود نا، چونکە دوای جیابوونەوەیان کێشەکانیان بەردەوام بووە و بۆ ئەم مەبەستە پەنایان بردووەتە بەردەم دادگە. 
 
بڕیارە فیلمی "Wolfs" لە 27ـی ئەیلوولی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
 
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە