رووداو دیجیتاڵ
کیم کارداشیان، ئەستێرەی تەلەڤزیۆنی ریاڵیتی، سێ جار فیلمی سینەمایی 'Top Gun:Maverick' بینیوە کە تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی سەرەکی تێیدا دەگێڕێت و ئێستا لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت.
کارداشیان، لە پۆستێکدا لە ئینستگرام، وێنەیەکی فیلمی 'Top Gun:Maverick' بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، سێ جار فیلمەکەی بینیوە و بە فیلمێکی باشی ناساندووە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە رووی داهاتەوە بە فیلمێکی سەرکەوتوو دەناسرێت و لەلایەن هۆگرانی فیلم و رەخنەگرانی سینەماوە، وەک فیلمێکی بەهێز و سەرکەوتوو ناسێندراوە.
بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، لە 27-5-2022 بڵاوکرایەوە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 300 ملیۆن و 14 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
داهاتی ئەم بەرهەمە لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 160 ملیۆن و 514 هەزار دۆلار و داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 139 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
لە نمایشی تایبەتی 'Top Gun: Maverick' لە لەندەن، فرۆکەیەکی جۆری 'Eurofighter Typhoon' لە دەرەوەی هۆڵی سینەما دانرا کە لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە، ئەمەش زیاتر سەرنجی بینەرانی فیلمەکەی بەلای خۆیدا راکێشا.
رۆژی چوارشەممە 19-5-2022 ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا و تۆم کروز ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە ئامادەبوو.
ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی جۆزێڤ کەسینسکییە و لەبارەی بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵی فیلمی کان، رایگەیاندبوو "خەونی هەموو دەرهێنەرێک ئەوەیە رۆژێک بتوانێت بچێتە کان".
جگە لە پێشاندانی فیلمەکە لە فیستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی چڵەخوورمای زێڕین بە تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی و ئەستێرەی فیلمە ئەکشنەکان بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی.
تۆم کروز، لە 3-7-1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10.1 ملیار دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
کروز، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی 'The Color of Money'لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.
چالاکییەکانی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، لە 17 تاوەکو 28-5-2022 لە شاری کانی باشووری فەرەنسا بەڕێوەچوو.
'Top Gun' فیلمێکی دراما و ئەکشنی ئەمریکییە، یەکەم بەشی لە 1986 بڵاوکرایەوە، دەرهێنەری تۆنی سکۆت و بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، بودجەی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن دۆلار بوو و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 356 ملیۆن دۆلار بوو.
کروز، رۆڵی ماڤێریک ئەفسەری هێزی دەریایی دەگێڕێت، کە فڕۆکەوانێکی دەریایی گەنجە لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری (USS) کاردەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ