وێنە و ڤیدیۆ؛ کیم کارداشیان میوانە تایبەتەکەی ریال مەدرید بوو

26-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیم کارداشیان فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیم کارداشیان، خانمە نمایشکاری بەنێوبانگی ئەمریکی، هەفتەیەکی پڕ لە چالاکیی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید و ئەستێرەکانی تێپەڕاند و لە یاریی یانەکە بەرامبەر ڤایادۆلیدیش ئامادەبوو.
 
کارداشیان چەند رۆژێک لەمەوبەر، چووە ماڵی ڤینیسیۆس جونیۆر و لەوێ چاوی بەو یاریزانە و ئێداورد کاماڤینگای فەرەنسی و یاریزانی ئەو یانەیە کەوت.
 
رۆژی دوای ئەوە کیم سەردانی مەشقەکانی ریال مەدریدی کرد و لە نزیکەوە هەموو یاریزانەکانی ئەو یانەیەی بینی.
 
شەوی سێشەممە لە یاریی گەڕی دووەمی رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ڤایادۆلید، کیم کارداشیان لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بوو و لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدیشەوە پێشوازیی لێکرا.
 
ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا نووسیوویەتی "کیم کارداشیان ئامادەی یاریی یانەکەمان بەرامبەر ڤایادۆلید بوو و دوای ئەوەش لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە چاویان بەیەکدی کەوت و وێنەی یادگاریان بەیەکەوە گرت."

 
کیم کارداشیان، چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی خۆی و منداڵەکانی لەگەڵ ئەستێرەکانی یانەی ریال مەدرید لە ستۆری ئینستاگرامەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەسەر وێنەکەی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر نووسیوویەتی "تۆ باشترینی."

 
جگە لەوەش منداڵەکانی کارداشیان لە دوای یاریی ریال مەدرید و ڤایادۆلید لەنێو یاریگەی بێرنابیۆ یاری لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر دەکەن.

 
لە یارییەکەدا ریال مەدرید بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یەکەم بردنەوەی لەم وەرزەی رکابەرییەکانی لالیگادا تۆمارکرد.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە