رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە بە 'بەرلینالە' دەناسرێت، خەریکبوو لە سەردەمی کۆرۆنا پێگەی بەهێزی وەک یەکێک لە سێ گرنگترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان لە جیهاندا لەدەستبدات، بەڵام لە 2022ـەوە پێگەی بەهێزی خۆی بەدەستهێنایەوە، ئەمساڵیش بە پێگەیەکی بەهێزتر خولی 74ـەمینی رادەگەیێنێت، تێیدا 20 فیلمی جیهانی کێبڕکێ بۆ خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە دەکەن.
74ـەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 15-26ـی شوباتی 2024 لە بەرلینی ئەڵمانیا دەستپێدەکات و 20 فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا بەشدارن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین دەکەن و بە سەتان فیلمساز و هونەرمەند بانگهێشتکراون.
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا رێکخەرانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە فێستیڤاڵەکە هەوڵدەدات ببێتە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە سەبارەت بە ململانێیەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها بوارێک بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و غەززە دەرەخسێنێت، بە تەوەری 'فیلمسازی لە ژێر رۆشنایی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و ئاسۆکانی داهاتووی'ـدا.
هەروەها کار لەسە ئەوە دەکات کە تێڕوانینی دژ بە جووەکان و رق و کینە بەرامبەر بە موسڵمانان بگۆڕێت و ئامانجیان "تێگەیشتنی نێوان کوولتوورەکانە".
رێکخەرانی فێستیڤاڵ جارێکی دیکە دەیانەوێت گرنگیدانی فێستیڤاڵ بۆ ژن و فرەرەنگی و نەژادی پێشان بدەن و لوپیتا نیونگۆ، ئەکتەر و دەرهێنەری کینیایان وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە دیاریکردووە.
لە خولی رابردوودا، کریستین ستیوارت، ئەکتەری ئەمریکی، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری بۆ فێستیڤاڵەکە دیاریکرا، ئەمەش گرنگیدانی فێستیڤاڵەکە بۆ ژنان دەخاتەڕوو و لەم چەند ساڵەی دواییدا رەخنەی زۆر لە ناوەند و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی گیرا کە هاوسەنگی لە پێدانی دەرفەتی کار و هاوتایی لە کرێی کارکردن بۆ هەردوو رەگەز لە سینەمادا نەبووە.
فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە 1951 بەردەوام مژاری سیاسی هەبووە و دامەزراندنی؛ چەند ساڵێک دوای جەنگی دووەمی جیهانی بوو، بەڵام بەر لە دەستپێکردنی ئەو جەنگە، فێستیڤاڵی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و فێستیڤاڵی فیلمی کان لە فەرەنسا چەند ساڵێک دوای ئەوە دەستیپێکرد و هەرسێ فێستیڤاڵەکە، جگە لە لەلایەنە هونەریەکەی، بە بڕیاری سیاسی دامەزران.
لە خولی ئەمساڵدا 233 فیلم لە 80 وڵاتەوە بەشدارن، زۆربەیان بەرهەمی هاوبەشی کۆمپانیاکانن، 20 فیلم لە بەشی پێشبڕکێدان کە بەرهەمی هاوبەشی 30 وڵاتن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکەن، لەو فیلمانە 19ـیان پێشاندانی یەکەمی جیهانییان لە فێستیڤاڵەکەدا دەبێت، لەوانەش دوو فیلمی بڵند و بەڵگەفیلمێک لە ئەڵمانیاوە.
فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ گرنگی خۆیە هەیە و لە بەشی پێشبڕكێدا نییە، ئەویش فیلمی 'Small Things Like These'یە کە لە دەرهێنانی تێم میلێنتس، دەرهێنەری بەلجیکییە و هەریەک لە کیلیان مۆرفی، ئەکتەری ئیتاڵی و ئیمێلی واتسن، ئەکتەری بەریتانی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
فیلمەکە بەرهەمی ئێرلەندا – بەلجیکایە و مژاری سەرەکی تێیدا مامەڵەی خراپە لەگەڵ ژمارەیەک ژن لە ئێرلەندا، ئەمەش دیوێکی دیکەی گرنگیدانی فێستیڤاڵەکە بۆ ژن دەردەخات.
لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی ورچی زێڕین لە سێ بەشدا دەبەخشرێت، ئەویش بۆ باشترین فیلمی سینەمایی، رێزگرتن لە تەمەنێک چالاکی سینەمایی و خەڵاتی تایبەتیی لیژنەی دادوەری کە لە خولی 71ـەوە دەبەخشرێت.
خەڵاتی ورچی زیوین، دەبەخشرێتە باشترین دەرهینەر، باشترین ئەکتەری ژن و پیاو، باشترین میوزیک، باشترین بەرهەمی تاکە کەسی و خەڵاتی لیژنەی دادوەری بۆ باشترین کورتە فیلم.
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی کامێرای بەرلینالە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی خزمەتیان پێشکێش بە فێستیڤاڵەکە کردووە.
بڕیارە 74یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، خەڵاتی ورچی زێڕینی شانازی، ببەخشێتە مارتن سکورسێزی، دەرهێنەری ئەمریکی، وەک رێزێک لە کۆ بەرهەم و چالاکییە سینەماییەکانی.
خەڵاتەکە لە 20 شوباتی 2024 لە رێوڕەسمێکدا لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بەو دەرهێنەرە دەبەخشرێت کە ئەمساڵ دوایین فیلمی بەناوی 'Killers of the Flower Moon' بڵاوکردەوە.
سکورسێزی براوەی خەڵاتی ئۆسکارە و بە یەکێک لە کاریگەرترین دەرهێنەر سینەماییەکان لە جیهاندا دەناسرێت و خاوەنی زیاتر لە 70 فیلمە.
لە فیلمە هەرە بەناوبانگەکانی ئەو دەرهێنەرە هۆلیوودییە، فیلمی 'Taxi Driver'ـە کە براوەی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی کانە، هەروەها فیلمی 'Raging Bull' کە لە 1980 بڵاوکرایەوە و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بوو.
خولی رابردووی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین کە لە 2023 پاڵپشتی و هاودەنگی لەگەڵ ئۆکراینا و دۆخی ناوخۆی ئێراندا هەبوو، بەڵگەفیلمێکی شۆن پێن، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی لەبارەی ئۆکراینا پێشاندا کە هەر لە سەرەتای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەو فیلمسازە سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و چاوی بە ڤۆلۆدمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کەوت و هەڤپەیڤینێکی بۆ فیلمەکەی لەگەڵدا ئەنجامدا.
پێن، یەکەم هونەرمەندی هۆلیوو بوو پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆکراینا پێشاندا و بەهۆیەوە رووسیا ناوی خستە لیستی رەشەوە.
دوای پێن، ژمارەیەک ئەستێرەی دیکەی هۆلیوود سەردانی ئۆکراینایان کرد، دیارترینیان، ئەنجلینا جولی بوو.
لەو ساڵەدا پاڵپشتی بەرلینالە بۆ ئۆکراینا، جیاواز بوو و رەنگی زێڕینی خەڵاتەکەی کە ورچی زێڕینە، بۆ رەنگی زەرد و شین گۆڕی، وەک هێمایەک بۆ ئاڵای ئەو وڵاتە.
لە 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، ئەمەش لە پێگە و گرنگی فێستیڤاڵەکەی کەمکردەوە، لە 2021 رێکخەرانی هەوڵیاندا فێستیڤاڵەکە بگەڕێننەوە ئاستی جارانی، بەڵام لە ئاست خولەکانی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسکە نەبوو.
فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین پێشتر لە مانگی حوزەیراندا ساز دەکرا، بەڵام لە 1978ـەوە و تاوەکو ئێستا لە مانگی شوبات سازدەکرێت.
بە گشتی ساڵانە لە فێستیڤاڵەکەدا 400 فیلم لە چەند شوێنێکی جیاواز لە بەرلین پێشاندەدرێن.
هەر لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، بازاڕی فیلمە ئەوروپییەکان بەرێوەدەچێت کە پێشانگەیەکی بازرگانی فیلمە، تێیدا بەرهەمهێنەر و کڕیاری فیلم ئامادە دەبن.
بەشێکی دیکەی بەناوی بەهرەمەندانی بەرلینالەیە و بریتییە لە زنجیرەیەک وۆرکشۆپ و وانە گوتنەوە و بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ