رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ''بڕیار بوو ئەمڕۆ تەواوکاری مووچەی مانگی تشرینی دووەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت''، گوتیشی، ''عێراق کێشەی نەختینەی هەیە.''
ئەمڕۆ دووشەممە، 30-12-2024، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە گەڕەکی پەنجە عەلیی کەرکووک پڕۆژەیەکی ئاوی کردەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''سوپاس بۆ خوا دوای چوار مانگ کارکردن، پرۆژەیەکی یەکجار گرنگ بۆ خەڵکی پەنجە عەلی کرایەوە کە بەستنەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەکەکەیە بە تۆڕی گشتی.''
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، پڕۆژەکە بەشێکی زۆری کێشەی کەمئاوی و کوالێتیی ئاوی گەڕەکەکە چارەسەر دەکات.
نەناردنی پارە لە بەغداوە کێشەى بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان دروستکردووە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی دا، ''پەیوەندییەکانمان بەردەوامن، هەفتەی رابردوو بڕیار درا کە لە رۆژی دووشەممەوە هەوڵ بدرێت مووچەی مانگی کانوونی یەکەم و تەواوکاری مووچەی مانگی تشرینی دووەم بنێردرێت''.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە دامەزراوەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵیش مووچەی مانگی کانوونی یەکەم دابەش نەکراوە و ''کێشەکەمان لەگەڵ ئەو تەواوکارییەیە کە داندراوە بۆ مانگی 11، بڕیار بوو رۆژی دووشەممە (ئەمڕۆ) بنێردرێت.''
وەزارەتى دارایی فیدراڵ، 430 ملیار دینارى پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەم و تەواوى پارەى مووچەى مانگى کانوونى یەکەمى ئەم ساڵى نەناردووە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ''بە بەردەوامی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی لەسەر هێڵین، هەردوو حکومەتیش لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی تەواوکارییەکە ئەمڕۆ بگات.''
لەبارەی مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش گوتی: ''تەنانەت لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی وەکو پەرلەمانیش مووچەی فەرمانبەران نەدراوە، کێشەی نەختینەیان هەیە کە ئەویش هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت.''
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 988 ملیار دینارە بۆ مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
''بانگی وەزیری بەرگری دەکەین بۆ پەرلەمان''
لە کەرکووک، وەزارەتی بەرگریی عێراق بە بیانووی زێدەڕۆیی لەسەر زەویی وەزارەتەکە، سکاڵای لەسەر ژمارەیەک جووتیاری تۆپزاوا تۆمار کردووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەوە ئاماژەی دا، ''قسەمان کردووە کە هیچ کەسێک بۆی نییە رێگری لە جووتیارانی ئێمە بکات، لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانیش بانگهێشتی وەزیری بەرگری دەکەین، پێشتریش نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە، وەزارەتی کشتوکاڵیش نووسراوێکی ئاراستەی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک کردووە کە گرێبەستی زەوییەکان بە هیچ شێوەیەک نوێ نەکرێنەوە.''
بەگوتەی جووتیارانی ناوچەی تۆپزاوا، رووبەری ئەو پارچە زەوییانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە زیاتر لە 300 دۆنم دەبێت کە بەشێکیان کراونەتە شوێنی نیشتەجێبوون و زیاتر لە 50 خانووی لەسەر دروست کراوە، بەشێکی دیکەش کشتوکاڵین، هەروەها سەربازگەیەکی کۆنی سنووری گوندەکەش دەگرێتەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، ''نووسراوێکمان ئاراستەی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی کشووتوکاڵ کردووە کە زەوییەکانی وەزارەتی بەرگری لە کەرکووک مەشموول نین بە گەڕاندنەوە، چونکە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە و ئێمە لە پەرلەمان سەرقاڵی دەنگدانین لەسەری.''
زیاتر لە هەشت مانگە پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی کورد و تورکمان لە کەرکووک کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لێیان سەندرابوو، لە پەرلەمانی عێراقە، بەڵام تاوەکو ئێستاش لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێکنەکەوتوون و دەنگی لەسەر نەدراوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: ''ئومێد دەکەین لە دانیشتنی یەکەم یان دووەمی پەرلەمان (دوای پشووەکانی سەری ساڵ) دەنگی لەسەر بدرێت و لەگەڵ پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی و پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی، لە یەک رۆژدا تێپەڕێندرێن.''
''پەرلەمان بانگهێشتی وەزیرانی دارایی و نەوتی فیدراڵی دەکات''
25ـی ئاداری 2023، هەناردەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە.
تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش پێشنیازێکی پەسندکرد بۆ ئەوەی یاسای بودجە هەمواربکاتەوە و بڕە پارەیەکی دیکە بۆ خاوەن گرێبەستەکانی نەوتی کوردستان دیاریبکات، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە دەرهێنانەوەی نەوت بکەن و لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ـوە بفرۆشرێت.
هەموارەکە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، لە خوێندنەوەی دووەم لیژنەی دارایی پەرلەمان پێیان باش بوو وەزیرانی دارایی و نەوت بانگهێشتی بکرێن، بۆ ئەوەی وردەکاریی رێککەوتنی نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و وەزارەتی نەوت روون بکرێتەوە و پەرلەمانتارانیش ئاگادار بن کە دەنگ لەسەر چی پڕۆژەیەک دەدەن.''
گوتیشی، دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی سەری ساڵ، لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان کە دەکاتە سەرەتای مانگی یەکەمی ساڵی 2025، هەموارەکە دەخرێتەڕوو، خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دواجاریش دەنگی لەسەر دەدرێت.
لە پەرلەمانی عێراق هەندێک دژایەتی بۆ هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دروست بوو کە بۆ سێ ساڵی 2023-2024-2025ـە.
بڕیارە هەموارەکە بڕگەی (ج) لە مادەی 12ـی یاسای بودجەی گشتی بگرێتەوە کە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە پەرلەمان بەر لەوەی خوێندنەوەی دووەم یان دەنگدانی بۆ بکات، چووە نێو پشووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ