وەزارەتی دارایی: عێراق ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی بنێرێت

02-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی بنێرێت".
  
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات، "سوورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی 12" و ئەو پارەیە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و دەڵێت: "دەبێت دابینی بکات."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە سەرەتای 2024 تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاری نزیکەی 960 ملیار دیناری لە داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێناننی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارە و بە بیانوویەک بڕیویەتی."
 
وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، هەرچەندە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دراوە، بەڵام "بەغدا جێبەجێ نەکردووە و یەک دیناری خەرج نەکردووە، بۆیە ئەو پارەیە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە."
 
لەبارەی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەستەوە جەخت دەکاتەوە، کە "مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، کە مانگانە نزیکەی 20 ملیار دینارە. بەغدا ئەو پارەیەشی نەناردووە."
 
"بۆ مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان داوای 999.124.329.000 ملیار دینارمان لە بەغدا کردووە، بەڵام ئەوان تەنیا 760.262.00 ملیار دیناریان ناردووە، بەو شێوەیە 239 ملیار دینار کورتهێنانیان هەبووە و لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە." وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.
 
"حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانی کێشەکانی خۆی" وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت و ئاماژە بەوەش دەکات، بیانووی بەغدا "نەمانی تەرخانکراوە و کەمی سیولەی نەقدی"یە، لەو رێگەیەوە "دەیەوێت مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدات."
 
بەپێی وەزارەتی دارایی، کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان لەهەردوو بڕگەی (تعویضات الموظفین) و (الرواتب التقاعدیة و الرعایة الاجتماعیة) بۆ ساڵی 2024 بریتیی بووە لە (11،576،521،335،000) یازدە ترلیۆن و پێنجسەد و حەفتا و شەش ملیار و پێنجسەد و بیست و یەک ملیۆن و سێسەد و سی و پێنج هەزار دینار بووە، لە کاتێکدا پێویستی بۆ مووچەی ساڵی رابردوو نزیکەی 12 ترلیۆن دیناربووە.
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، هەوڵدراوە لەڕێگەی گواستنەوە (المناقلة) کورتهێنانی مووچە پڕ بکرێتەوە، بەڵام بەغدا بۆ "تێکڕای ساڵەکە تەنیا (10،752،582،558،480) دینار خەرجکراوە، هەروەها بڕی (823،938،776،720) لە تەرخانکراوی هەرێم [ی کوردستان] بۆ مووچە ماوەتەوە و خەرجنەکراوە.
 
وەزارەتی دارایی باسی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە قسە لەسەر بابەتی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات و بە "نەشارەزا" ناویان دەبات و دەڵێت: "کردوویانە بە کەرەستەی موزایەدە."
 
هەروەها باسی لەوەشکردووە، کە هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایار لەسەر شێوازی "ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێککەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ، دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە، کە بڕەکەی (399،168،961،000) بووە،  تا ئەو کاتەی کورتهێنانی گەورە بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروست کرا و بەناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕ کرایەوە."
 
"لەسەرەتای ساڵی 2024 تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناچاری نزیکەی (960،000،000،000) دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارەی بەبیانوویەک بڕیویەتی." بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی.  
                            
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجی بەکاربردن بەکارهاتووە کە مانگانە زیاترە لە (160،000،000،000) دینار کە بۆ ساڵەکە دەکاتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار (بۆ پێشکێش کردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتییان وەک  خزمەتگوزاریی تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، کارەبا، پاککردنەوە و ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکێش دەکەن)."
 
مووچەی خانەنشینان و هاوتاکردنیان
 
لە مانگی تەممووزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە "هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ کراوە" و دادگەی فیدراڵیی عێراق، حکومەتی فیدراڵی پابەند کردووە بە دابینکردنی ئەو شایستەیەی لە هاوتاکردنی مووچەکانیان دروست بووە کە "مانگانە نزیکەی (60،000،000،000) دینار تەموویلەکەی زیادی کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق یەک دیناری بۆ خەرج نەکردوون و بڕیاری دادگای فیدراڵیان جێبەجێ نەکردووە، ئەو تەموویلە زیادەیە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە، ئەوە سەرەڕای تەموویلی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دوای ئەوەی لە وانەبێژییەوە کران بە گرێبەست کە سەرجەمی مووچەکەیان لە داهاتی ناوخۆیە و مانگانە نزیکەی (20،000،000،000) ملیار دینارە."
 
"بەغدا زیاتر لە 1 ترلیۆن تەمویلی سێ مانگی بڕیوە"
 
لەو راگەیێندراوەی رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10) وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای تەمویلکردنی بڕی (999،124،329،000 ) دینارمان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەنیا  (760،262،000،000) دیناری ناردووە، بەو شێوەیەش نزیکەی (239،000،000،000) دینار کورتهێنانی هەبووە و لەداهاتی ناوخۆ پڕ کراوەتەوە، بۆ مووچەی مانگی 11، بەپێی راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا (631،335،000،000) دیناری ناردووە، بۆ مووچەی مانگی 12 پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەنیا ( 441،493،000،000) دینار داوە، واتە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆی سێ ترلیۆن دینار تەنیا (1،833،090،000،000) دیناری ناردووە بەوەش نزیکەی (1،167،000،000،000) دیناری لە تەمویلی مووچەی هەر سێ مانگەکە بڕیوە."
 
"دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دەکرێت"                                                                                       
 
لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەردراوە، بەگوێرەی وەزارەتی دارایی: "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دەکرێت، وەک وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم سوورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی دوانزە، کە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە دابینی بکات."
 
ئەو وەزارەتە دەڵێت، "لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا وەک وەزارەتی دارایی سەرجەم تێبینی و کێشە هونەرییەکانی لیستی مووچەمان چارەسەر کردووە و تیمە تەکنیکیەکانمان بەردەوام لەگەڵ تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵ بوون تاوەکو هیچ بیانوویەک بەدەست حکومەتی فیدراڵەوە نەمێنێت بۆ نەناردن و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
 
لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەت کە ڕۆژی 15-12-2024 کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیداوە، کە "تەموویلی مانگی دوانزە و ئەو بڕەی بۆ مانگی یانزە پێویستە چارەسەر بکات."                                        
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات کە چەند تەرخانکراوێکیان لە پشکی هەرێمی کوردستان هەیە، "بەپێی یاسا دەتوانین گواستنەوە(المناقلة) ـی پێ بکەین بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، بەڵام دوای چەندین بڕیار بۆ گواستنەوەی بڕی (430،000،000،000 ) ملیار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵ بەڵام کێشەی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دروست کرا."
 
"لەلایەکی ترەوە بوونی مادەی 60  لەیاسای بوودجەی عێراق، دەسەڵات دەدات بەسەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە ئەگەر تەرخانکراویشی نەمابێت، لەبەرئەوەی بابەتی مووچە گرنگ و تایبەتە و پەیوەندی راستەوخۆی بەژیان و قووتی خەڵکەوە هەیە." لە راگەیێندراوەکەدا باسی کراوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە