رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتیدەکاتەوە کێشەی دابەشکردنی مووچە هەبێت و دەڵێت، یەدەگێکی گەورە بۆ دابینکردنی پارەی کاش هەیە.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (01-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەم دواییانە قسەی زۆر لەبارەی نرخی نەوت، قەیرانی پارەی کاش و بابەتی دیکە کراون".
بەگوتەی مەزهەر محەممەد ساڵح، "لە کۆتایی ساڵی داراییدا پرۆسەی وردبینیی دارایی دەکرێت، هەربۆیە دواکەوتنی مووچە بۆ چەند رۆژێکی کەم روودەدات".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە کە لە عێراقدا "قەیرانی مووچە نییە؛ ئەوەی لێرە و لەوێ باسی لێوەدەکرێت راست نییە".
مەزهەر محەممەد ساڵح گوتی: " نزیکەی 100-105 تریلیۆن دینار پارەی کاش هەیە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، یەدەگێكی گەورەی دراوی بیانی بۆ دابینکردنی پارەی کاش هەیە کە بە "نزیکەی 105 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت".
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 لە بەشێک لە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق دواکەوت و هەندێک کەس بۆ ئەوەیان گەڕاندەوە کە کێشەی پارەی نەختینە هەیە.
هێشتا فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 11یان وەرنەگرتووە.
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 998 ملیار دینارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ