رووداو دیجیتاڵ
لە چیای گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخ ـی باکووری کوردستان، دەست بە لێدانی یەکەمین بیرە نەوتی ساڵ کرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکی کانوونی دووەمی 2025، بەرنامەیەک بۆ کردنەوەی بیری ژمارە 52 لە کێڵگەی نەوتی "شەهید ئایبوکە یاڵچین" لە چیای گابار رێکخرا.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا لە رێگەی تەلەکۆنفڕانسەوە لە دامەزراوەی پرۆسێسکردنی گازی سرووشتیی بەندەری زۆنگوڵداک ـی تورکیا بەشداری لە بەرنامەکەدا کرد.
بایراکتار ئاماژەی بەوەدا، دەیانەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی چیای گابار کە زیاتر لە 70 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، بگەیێننە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و پیرۆزبایی لە ستافەکە کرد بۆ ئەو خاڵەی گەیشتوون.
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا گوتی، "لێرە دەرفەتێکی گەورە هەیە، پێموایە بە زیادکردنی هەلیکار، رێگا بۆ گەنجان خۆش دەکەین بەرەو جیهانێک کە خەون و هیوای نوێیان هەبێت بۆ ژیان".
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە گوتارێکدا لە پارێزگای نەوشەهیری تورکیا گوتی، ناوچەی گاباریان کردووە بە پایتەختی نەوت و پایتەختی وزەی وڵاتەکەیان.
ئاماژەی بەوەدا، بەرهەمهێنان لە دوو ساڵدا لە گابار 70 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە و گوتی، گابار ساڵانە دوو ملیار دۆلار بە ئابووریی تورکیا دەبەخشێت.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین کە زیاتر لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. ئەو نەوتەی بەرهەم دێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
بایراکتار یەکی کانوونی دووەمی 2024 سەردانی شرنەخی کرد و رایگەیاند، گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی نەوتیان لە مێژووی کۆماری تورکیادا لەو پارێزگاکە دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ