رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی 2024 دا نرخی بیتکۆین زیاتر لە 53 هەزار دۆلار بەرزبووەوە. پێشبینیی دیار ئەوەیە لە ساڵی 2025ـیش هەمان رەوت بەردەوام بێت.
یەکی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، یەک بیتکۆین بە 42 هەزار و 150 دۆلار بوو. ئێستا کە کۆتایی ساڵەکەیە، بە زیاتر لە 95 هەزار و 700 دۆلارە، واتە ئەم ساڵ نرخەکەی 125٪ بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی مێژوویی بیتکۆین لە سەرەتای ئەم ساڵ دا دەستیپێکرد، کاتێک سەرەڕای هەموو لەمپەرەکان، لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پشکەکانی ئەمریکا داواکاریی 13 کۆمپانیای دراوە دیجیتاڵییەکانی بۆ دامەزراندنی سندووقی مامەڵەی بیتکۆین لە بازاڕی وڵاتەکە پەسندکرد.
دوای سەرکەوتنی ترەمپیش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دراوە دیجیتاڵییەکان و بیتکۆین زیاتر بەرزبوونەوە.
17ـی ئەم مانگە، نرخی بیتکۆین 108 هەزار دۆلاری تێپەڕاند کە بەرزترین ئاستی بووە لە مێژووی مامەڵەکاندا.
بەڵێنەکانی ترەمپ لە بەیاساییکردنی بیتکۆین، جگە لەوەی لە 2024 نرخی بیتکۆینی گەیاندە بەرزترین ئاستی مێژوو، چاوەڕوان دەکرێت لە 2025ـیش کاریگەری و رەنگدانەوەیان هەبێت، بەو پێیەی وەبەرهێنەر و بازرگانان چاوەڕوانی بەجێگەیاندنی بەڵێنەکەی لێدەکەن.
ترەمپ جگە لە بەیاساییکردنی، بەڵێنیداوە بیتکۆین بکاتە بەشێکی سەرەکی یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکاش.
هەرچەندە زۆرینەی پێشبینییەکان بۆ نرخی بیتکۆین لە ساڵی 2025ـدا ئەرێنین، بەڵام دامەزراوەکان لەسەر یەک نرخ کۆک نین.
جەیمس بەتەرفیڵ، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە لە دامەزراوەی 'کۆینشێرز'ـی تایبەت بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، دەکرێت لە 2025ـدا بیتکۆین دابەزێت بۆ 80 هەزار دۆلار یان بەرزبێتەوە بۆ 150 هەزار دۆلار.
بەپێی پێشبینیی جەیمس بەتەرفیڵ، لە ئەگەری بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی سەرۆکە کۆمارییە هەڵبژێردراوەکەی ئەمریکا، بیتکۆین دەگاتە 150 هەزار دۆلار؛ بەپێچەوانەشەوە لە ئاستەکانی ئێستادا خۆی ناگرێت و بۆ 80 هەزار دۆلار دادەبەزێت.
پێشبینیی دامەزراوە داراییە گەورەکانی دیکە بۆ نرخی بیتکۆین بەم جۆرەیە:
ماتریکسپۆرت: 160 هەزار دۆلار
گالاکسی دیجیتاڵ: 185 هەزار دۆلار
ستاندارد چارتەرد: 200 هەزار دۆلار
کارۆڵ ئەلیکساندەر: 200 هەزار دۆلار
بیت ماینینگ: 180 بۆ 190 هەزار دۆلار
ماپڵ فاینانس: 180 بۆ 200 هەزار دۆلار
نێکسۆ: 250 هەزار دۆلار.
هاروون عەبدوڵڵا، شارەزای دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ رووداو دەڵێت، هەرچەندە پێشبینیی سەرەکی ئەوەیە کە 2025 ساڵێکی باش و ئەرێنی بێت بۆ بیتکۆین، بەڵام زۆرجار پێشبینیی دامەزراوەکان سەربەخۆیانە نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە هانی وەبەرهێنەر و بازرگانان بدەن بیکڕن تاوەکو نرخەکەی بەرزببێتەوە و خۆیان و بانکەکان بیفرۆشنەوە.
بە گوتەی ئەو شارەزایە، بە ئەگەری زۆرەوە لە یەکەمین مانگی 2025ـدا نرخی بیتکۆین دادەبەزێت و لە رووی تەکنیکییەوە ئەگەر هەیە بیتکۆین ئاستەکانی 82 هەزار دۆلار، 77 هەزار دۆلار و تەنانەت 62 هەزار دۆلاریش ببینێت، ئەوەش وەک خۆڕاستکردنەوە.
لەبارەی بەڵێنەکانی ترەمپیشەوە هاروون عەبدوڵڵا دەڵێت، بەپێی ئەوەی ترەمپ دەیەوێت یەدەگێکی بیتکۆین بۆ ئەمریکا دروستبکات، واتە دەبێت بیتکۆینی زیاتر بکڕێت. بۆیە دەیەوێت لە نرخێکی هەرزان بیتکۆین بکڕێت.
ئەو شارەزایە پێیوایە، لەبەر ئەم هۆکارە، دەکرێت ترەمپ بە ئەنقەست لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونیدا لە کانوونی دووەمی 2025 یان دواتر قسەیەک بکات یان هەڵوێستێک بگرێتە بەر کە نرخی بیتکۆین دابەزێت.
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆینەوە هاروون عەبدوڵڵا دەڵێت، رەنگە بەرزترین ئاست کە بیتکۆین لە 2025 تۆماری بکات 170 هەزار دۆلار بێت کە ئەگەری زۆرە لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵ و بە دیاریکراویش لە تشرینی یەکەمدا بێت.
ئەمریکا 188 هەزار و 309 بیتکۆینی هەیە و لە چالاکییە تاوانکاری و گوماناوییەکان دەستی بەسەردا گرتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ