رووداو دیجیتاڵ
ناردنى تەواوکاریى مووچەى دوو مانگى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان و تەواوى پارەى مووچەى مانگى 12ـی ساڵى رابردوو بە نووسراوى 31-12-2024 دەکرێت، بەڵام پارەکە لە ساڵى نوێ دا دەنێردرێت.
نەناردنى ئەو پارەیە پێش کۆتایی ساڵ، پەیوەندیی بە کێشەى نەختینەوە هەبووە لە هەژمارى وەزارەتى دارایی عێراق دا، ئەویش بەهۆى زیادبوونى خەرجییەکانى لەکۆتایی ساڵدا، کە تەنیا خەرجییەکانی مانگى تشرینى یەکەم، بەراورد بە مانگەکانی پێشتر 50% زیادیان کردووە.
فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێ بوون بەرلەوەی ماڵئاوایی لە ساڵی 2024 بکەن، مووچەیەکی دیکە وەربگرن، بەڵام بە 10 مووچەوە، ساڵی رابردوویان بەڕێکرد.
وەزارەتى دارایی عێراق 31ـی کانوونى یەکەمى 2024 لە راگەیێندراوێکدا، کۆتاییهاتنى دابەشکردنى مووچەى سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵیی راگەیاند.
ئاماژەدانى ئەو وەزارەتە بەوەى دابەشکردنى مووچە "هاوکات بوو لەگەڵ وردبینى لە داهات، خەرجیی مانگانە و رێوشوێنى 'بەپەلە' بۆ خێراکردنى پرۆسەى پارەدارکردن" ئاماژە بوو بۆ دواکەوتنى دابەشکردنى مووچە کە مانگەکانى پێشوو لە عێراق لە 24ـی مانگدا کۆتا مووچە دابەش دەکرا.
هەرچەندە وەزارەتى دارایی عێراق 29ـی کانوونى یەکەمی 2024 رایگەیاند، کێشەى پارەى نەختینەى نییە، بەڵام نەناردنى پشکى پارەى هەرێمى کوردستان، پەیوەندیدار بوو بە نەبوونى پارە.
بەگوتەى دوو سەرچاوەى ئاگادار لە دارایی عێراق، کە رووداو قسەى لەگەڵ دا کردوون، هۆکارى نەناردنى پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان نەبوونى دینارى پێویست بووە لە هەژمارى بانکیی وەزارەتى دارایی فیدراڵ، کە پارەى داهاتى نەوت و نێوخۆیی بە دینار تێدا دادەنرێت، بەگوێرەى رێکارەکانى ئەو وەزارەتە، ناتوانن هیچ پارەیەک بەکاتیش بێت رابکێشن، ئەگەر هەژمارە بانکییەکەیان پارەى تێدا نەبێت.
بەگوێرەى خشتەى بودجەى 2024ـی عێراق، پارەى مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتى دەگاتە 91 تریلۆن دینار، بەوپێیە مانگانە عێراق پێویستیی بە 7.5 تریلیۆن دینارى نەختینەیە بۆ دابەشکردنى مووچە.
430 ملیار دینارى تەواوکاریی مووچەى مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووم، لەگەڵ تەواوى مووچەى مانگى کانوونى یەکەمى هەرێمى کوردستان کە بڕیارە 760 ملیار دینار بێت، لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە.
یەکێک لە سەرچاوەکانى رووداو لە بەغدا گوتى "هەموو رێکارەکانی ناردنى 430 ملیار دینارەکە تەواو بووە، بڕیارەکە وایە؛ ناردنى بکەوێتە مانگى کانوونى دووەمى 2025، بەڵام فەرمانى خەرجکردنەکەى بە رۆژى 31-12-2024 دەکرێت، چونکە لەگەڵ دەرکردنى بڕیارەکە دەبێت پارەکە خەرج بکرێت، بۆ ئەوەش وەزارەتى دارایی فیدراڵ چاوەڕێى ئەوەیە پارەى نەختینە بچێتە سەر هەژمارى بانکیی وەزارەتەکە، ناردنى مووچەى مانگى کانوونى یەکەمى رابردووش، بە هەمان رێکار دەکرێت."
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانى رووداو، عێراق کێشەى نەختینەی لە دۆلارى داهاتى نەوت دا نییە، کە سەرچاوەى زیاتر لە 90%ـی پارەى وەزارەتى داراییە، بەڵام کێشە لە چۆنیێتیی گۆڕینەوەی دۆلارەکەیە بە دینار، کە دەبێت لە رێگەى بانکى ناوەندی و بەگوێرەى رێکارەکانى خستنەڕووى دۆلار بکرێت بۆ حەواڵەى دەرەکى و فرۆشتنى نەختینەیی بە گەشتیاران.
ئەو بانکە، دەتوانێت مانگانە نزیکەى 5 ملیار دۆلار بفرۆشێت و بیگۆڕێتەوە بە دینار، لەکاتێکدا داهاتى نەوت، مانگانە لەنێوان 8 بۆ 10 ملیار دۆلارە.
رووداو زانیویێتى لەماوەى مانگێکدا، سێ کاروانى دینارى عێراقى لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندییەوە گوێزراونەتەوە بۆ بەغدا، کە بەشێکى زۆرى پارەى گۆڕینەوەى دۆلارە بە دینار لەرێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە.
ئەوەى کێشەى لە کەمیی پارە لە هەژمارى بانکیی وەزارەتى دارایی دا دروست کردووە، لاسەنگبوونى تەرازووى خەرجى و داهات بووە لە سێ مانگى کۆتایی ئەمساڵدا.
لە خشتەى داهات و خەرجیی وەزارەتى دارایی عێراقدا دەرکەوتووە، وەزارەتەکە مانگى تەمووز خەرجییەکانى 73.8 تریلیۆن دینار بووە، مانگى ئاب بووەتە 83.2 تریلیۆن، ئەیلوول زیادی کردووە بۆ 94.8 تریلیۆن، واتە خەرجییەکان مانگانە نزیکەى 10 تریلیۆن دینار زیادیان کردووە، بەڵام لە مانگى تشرینى یەکەمدا خەرجی بازێکی گەورەی داوە و بووەتە 122.7 تریلیۆن دینار، بەوپێیە زیادبوونى خەرجی لە مانگی تشرینی یەکەم بەراورد بە ماوەى نێوان سێ مانگەکەى پێش خۆى، 50٪ زیاد بووە.
سۆران عەمەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و بازرگانى و پیشەسازیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئەو پرسە پێویستى بە ئاراستەکردنى پرسیار هەیە 'بۆچى ئەو خەرجیانە بەو شێوەیە زیادیان کردووە؟' پاکتاوکردنى پارەى پڕۆژەکان لە کۆتایی ساڵدا کاریگەریى لەسەر زیادبوونى ئەو خەرجیانە و کەمبوونەوەى پارەى نەختینە دەبێت."
یەکێک لە هۆکارەکانى زیادبوونى خەرجیی وەزارەت و دامەزراوەکانى عێراق، رێکارێکە کە پاڵپشتیان دەبێت بۆ ئەوەى ساڵى نوێ و تاوەکو ئەو کاتەى خشتەى 2025ـی بودجە لە پەرلەمان پەسند دەکرێت، دامەزراوەکان پارەى زیاتر خەرج بکەن.
تاوەکو پەسندکردنى بودجەى ساڵ، دەبێت وەزارەتەکان یەک لەسەر 12ـی خەرجیی خۆیان بۆ ساڵى پێشوو خەرج بکەن، بەوپێیە تاوەکو پارە زیاتر خەرج بکەن، ساڵى دواتر دەتوانن بەگوێرەى ئەو پێوەرە پارەى زیاتریان بۆ خەرجى لەبەردەست دا دەبێت.
لە نامەیەکدا کە نووسینگەى راوێژکاریى سەرۆکوەزیرانى عێراق بە ناونیشانى 'چاکسازیی ئابوورى' بۆ پەرلەمانتارانى ناردووە و کۆپیەکى دەست رووداو کەوتووە، ئاماژە بەوە دراوە سندووقى عێراق بۆ بووژاندنەوە دامەزێندراوە، بە سەرمایەى دوو تریلیۆن دینار و ئەو پارەیە لە داهاتى گشتى خراوەتە سەرى، ئەوەش گوشارێکى دیکەى لەسەر نەختینەى دینار دروست کردووە.
سۆران عومەر گوتى "ئەو سندووقە بۆ ناوچە زیانلکەوتووەکانە، تازە دامەزراوە و ئەو دوو تریلیۆن دینارەى تێدا داندراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ