رووداو دیجیتاڵ
دابەزینى نرخی نەوت و زیادبوونى زیاتر لە 8 تریلیۆن دینارى خەرجى بەکاربردن، کێشەى کەمبوونەوەى پارەى نەختینەى لە عێراق دروستکردووە. بەو هۆیەوە مووچەى هەندێک دامەزراوە نەدراوە، سەرەڕاى ئەوەى وەزارەتى دارایی دەڵێت، "کێشەى کەمی نەختینەمان نییە."
دواکەوتنى مووچە لە بەغدا کێشەى بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان دروستکردووە، چونکە بووەتە هۆی دواکەوتنی ناردنی تەواوکاریی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و دووەم، لەگەڵ هەموو مووچەی مانگی کانوونی یەکەم.
"هێشتا پارەى مووچە نەهاتووەتە سەر هەژمارە بانکییەکەم"، ئەمە گوتەى پەرلەمانتارێکى عێراق بوو بۆ رووداو لە شەوى 29ـی کانوونى یەکەم، لەکاتێکدا بەگوتەى ئەو پەرلەمانتارە، مانگەکانى رابردوو لەنێوان 20 بۆ 25ـی مانگ، مووچەى وەردەگرت.
ئەو گازندەیەى پەرلەمانتارەکە کە نەیوست ناوى بڵاوبکرێتەوە، هاوکات بوو لەگەڵ روونکردنەوەیەکى هەمان شەوى وەزارەتى دارایی عێراق کە دەڵێت "ئەوەى بڵاودەکرێتەوە لەبارەى ئەوەى ناتوانین مووچەى ئەم مانگەى فەرمانبەران بەهۆى نەبوونى پارەى نەختینەوە خەرج بکەین، راست نییە و بەردەوامین لە دابەشکردنى مووچە، بەگوێرەى ئەو خشتەی داندراوە."
بەڵام نەبیل مەرسوومى، شارەزاى ئابووریى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئەگەر کێشەى نەبوونى پارەى نەختینە نییە وەک ئەوەى وەزارەتى دارایی باسی دەکات، بۆچى مووچەى زۆر وەزارەت نەدراوە یان دواکەوتووە؟ مانگەکانى دیکە پێدانی مووچە لە 23ـی مانگەوە دەستى پێدەکرد و لە رۆژى 25 دا سەرجەم وەزارەتەکان مووچەیان وەردەگرت."
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى رووداو، جگە لە پەرلەمان، چەند فەرمانگەیەکى سەر بە وەزارەتەکانى پەروەردە و رۆشنبیریش مووچەیان وەرنەگرتووە.
نەبیل مەرسوومى هۆکارى نەبوونى پارەى نەختینە بۆ کەمبوونەوەى داهاتى نەوتى بەهۆى دابەزینى نرخەکەى دەگەڕێنێتەوە و، دەڵێت "نرخى نەوت لە بازاڕى جیهانیدا گەیشتووەتە 73 دۆلار، لەکاتێکدا نرخى نەوتى عێراقى سێ دۆلار کەمترە."
ئەوە لە کاتێکدایە لەخشتەى بودجەى گشتیی 2024، نرخى نەوت بە 80 دۆلار خەمڵێندراوە.
بەگوێرەى دوایین ئامارەى وەزارەتى دارایی عێراق، داهاتى نەوتى تاوەکو مانگى تشرینى یەکەم 110 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا داهاتى خەمڵێندراوى نەوت لە خشتەى بودجەى 2024 بۆ هەموو ساڵەکە 120 تریلیۆن دینارە.
نەبیل مەرسومى دەڵێت "مانگانە نزیکەى یەک ملیار دۆلارى داهاتى نەوت دەچێت بۆ ئەو کۆمپانیایانەى خاوەنى گەڕى گرێبەستەکانن لەو کەرتەدا."
لە بەدواداچوونى رووداو دەرکەوتووە، یەکێک لە هۆکارەکانى دروستبوونى کێشەى نەبوونى پارەى نەختینە، زیادبوونى خەرجییەکانە بەراورد بە بودجەى 2023، بەتایبەت ئەوەى پەیوەندیدارە بە بودجەى بەکاربردن و ئەو دامەزراندانەى لە ئەم ساڵدا کراون.
خەرجیی بەکاربردن لە بودجەى 2023 بە 127.7 تریلیۆن دینار خەمڵێندرابوو، لەکاتێکدا لە خشتەى بودجەى 2024 گەیشتووەتە 136.9 تریلیۆن دینار، بەوەش 8.9 تریلیۆن دینار زیادى کردووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو کێشەى نەختینەییە واتاى ئەوەیە عێراق دینار و دۆلارى داهاتى نەوتى پێویستى لەبەردەست دا نییە."
جەمال کۆچەر گوتى "دەبوو 25ـی ئەم مانگە وەزارەتى دارایی حساباتى کۆتایی خەرجى ساڵى دابخستایە."
سەرچاوەى سەرەکیی دینارى عێراق بۆ وەزارەتى دارایی، فرۆشى دۆلارى پارەى نەوتە کە لەلایەن بانکى ناوەندیى بۆ فرۆشتنى نەختینە و حەواڵەى دەرەکى بۆ ئەو وەزارەتەى دەستبەر دەکات.
لە ماوەى زیاتر لە 11 مانگ و 20 رۆژى ئەم ساڵدا، بانکى ناوەندى 60.4 ملیار دۆلارى فرۆشتووە کە بەهاکەى بە نرخى فەرمى دەکاتە 78.5 تریلیۆن دینار و نزیکەى سێ یەکى پارەى خشتەى بوجەى 2024 بووە کە 211 تریلیۆن دینارە.
کەمیی نەختینە لە عێراق تەنیا کێشەى بۆ مووچەخۆرانی عێراق دروست نەکردووە؛ پریشکى بەشێک لەو کێشەیە بەر هەرێمى کوردستانیش کەوتووە.
وەزارەتى دارایی فیدراڵ 430 ملیار دینارى پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى مانگى تشرینى یەکەم و تەواوى پارەى مووچەى مانگى کانوونى یەکەمى ئەم ساڵى نەناردووە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا بە رووداوى گوت "یەکێک لە هۆکارەکانى نەناردنى ئەو پارەیەی مووچەى هەرێمى کوردستان، تەواونەبوونى دابەشکردنى مووچەى دامەزراوەکانى عێراقە بەهۆى نەبوونى پارەى نەختینە. هەموو مانگێک وا بووە؛ تاوەکو مووچەی ئەوان دابەش نەکرێت، پشکى هەرێمى کوردستان نانێردرێت."
چارەنووسى ئەو کێشەیە بۆ ساڵى 2025 دیار نییە، کە ئەگەر نەبوونى دینارى نەختینە بەردەوام بێت، دۆخەکە چۆن دەبێت.
بەگوێرەى زنیارییەکانى رووداو، وەزارەتى دارایی فیدراڵ بەنیازە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە، قەبارەى بودجەى 2025 کەم بکاتەوە و نزیک بێت لە تەواوى خەرجییەکانى ساڵى 2024، کە ئەگەر هەیە لە 211 تریلیۆن دینارى قەبارەى بودجەى ئەم ساڵەوە، ببێتە 150 تریلیۆن دینار.
نەبیل مەرسوومى گوتى "ئەگەر کێشەى کەمیی پارەى نەختینە بەردەوام بێت، یان دەبێت مووچە کەمبکرێتەوە یان وەزارەتى دارایی قەرز لە بانکى ناوەندى و بانکەکانى دیکە بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ