شاندى هەولێر و بەغدا بۆ دوو مووچە و بودجە کۆبوونەوە

30-08-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن مووچە بودجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق کۆبوونەوە و، ئاستەنگەکانی بەردەم شایستەى دارایی و مووچەى دوو مانگى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیان تاوتوێ کرد.
 
شەوی 30ـی ئابى 2023 خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ کۆبوونەوەى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شاندى حکومەتى فیدراڵى عێراق بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە کرا، ناکۆکى سەرەکى لەسەر ئەوەیە، بەغدا داواى 100%ـی داهاتى نانەوتی و 50%ـی داهاتى خاڵە سنوورییەکان دەکات، بەڵام هەرێمى کوردستان دەیەوێت 50%ـی هەردوو جۆرە داهاتەکە رادەستى بەغدا بکات.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان، کۆبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30-8-2023) دەستیپێکردووە بۆ تاوتوێکردنی مووچەى هەردوو مانگى تەمموز و ئابى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و ئاستەنگەکانى بەردەم جێبەجێکردنى یاساى بودجەى گشتی و، ئەو گرفتانەی لەبەردەم ناردنیدا دروست بوون. 
 
بودجەى گشتیی عێراق زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، زیاتر لە 16 تریلیۆنى پشکى هەرێمى کوردستانە. 
 
خەلیل دۆسکى رایگەیاند یەکێک لە کێشەکانى دیکە پەیوەندارە بە نەوتەوە، لەکاتێکدا حکومەتى فیدراڵى عێراق تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستانى بۆ یەک بەرمیل بە پێنج بۆ شەش دۆلار دیاریکردووە، حەقدەستى کۆمپانیاکان زیاتر لە 28 دۆلارە بۆ یەک بەرمیل.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى 2023، دەبێت وەزارەتى دارایی عێراق شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان بدات، بەڵام بەو پێوەرانەى وەزارەتى نەوت پەیڕەوی دەکات لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت، کە بڕەکەى 10 دۆلارە بە بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، یەکێک لە کێشەکانى دیکە ئەوەیە، بەغدا فرۆشى چوار مانگى یەکەمى نەوتى هەرێمى کوردستانى لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان هەژمار کردووە بە نرخى نەوتى فرۆشراوى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) کە زیاترە لە نرخى ئەو نەوتەى هەرێمى کوردستان فرۆشتویەتى.
 
 لەسەرەتاى ئەمساڵەوە، بەغدا دوو تریلیۆن و 598 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان رەوانە کردووە، کە بڕیارە لەگەڵ شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لەسەر بەغدا، پاکتاو بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی

لە ساڵی 2025 فرۆشتنى دۆلار لە عێراق دەگۆڕدرێت

ساڵی 2025 بانکى ناوەندى فرۆشتنى دۆلار لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى دادەخات و دەیداتە دەست ژمارەیەک بانک، 'فرۆشتنى دۆلار خێرا و زۆرتر دەبێت'، بە گوتەى پسپۆڕێکى بانکى، پێشبینى دەکرێت ئەمە بەهاى دینار بەرزبکاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو بانکە ئەمساڵ 60.4 ملیار دۆلارى فرۆشتووە کە 93.3%ـی بۆ حەواڵەى دەرەکى بووە و چووەتە دەرەوەى عێراقەوە.