قەرەباڵخی لەبەردەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە دروست بووە و 'هەژماری من' روونکردنەوە دەدات

27-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداردا، ئەمڕۆ ئەوانەی لە رێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـەوە مووچە وەردەگرن، چوون بۆ راکێشانی پارەکانیان و قەرەباڵخییەکی زۆر لەبەردەم هەندێک لە ئامێرەکان دروست بووە، هەندێکیان دەڵێن، ناتوانن پارەکە رابکێشن. 
 
تیمی پڕۆژەکەش دەڵێن، کەس مووچەی ناکەوێتە دوای جەژن.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27-3-2025) یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادارە، بەگوێرەی پڕۆژەی 'هەژماری من'، 313 هەزار مووچەخۆر لەم مانگەدا دەتوانن مووچە لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی (ATM) وەربگرن.
 
تیمەکە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامێرەکان سەرجەمیان لە دوێنەوە پڕکراونەتەوە و رۆژانە لەکاتی مووچەشدا پڕدەکرێنەوە، مووچەخۆران تەنیا دەبێت ئەوکاتە سەردانی ئامێرەکان بکەن کە نامەیان پێگەیشت و مووچەکەیان دابەزیوە، چونکە ئەگەر زووتر بچن پارەیان پێنادرێت".
 
تیمەکە دڵنیایی دەدات، هەموو مووچەخۆران دوای ناردنی نامە پێش جەژنی رەمەزان، مووچە وەردەگرن و مووچەی کەس ناکەوێتە دوای جەژن.
 
داواش دەکەن "بۆ دروستنەبوونی قەرەباڵخی و لەپێناو دروستنەکردنی ئاستەنگی بۆ ئەوانەی نامەیان بۆ هاتووە بۆ وەرگرتنی مووچە، ئەوانەی نامەیان بۆ نەچووە، نەچنە بەردەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە."
 
لە هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی مووچە بەشێوەی ئەلیکترۆنی، ئەزموونێکی نوێیە، بۆیە لە چەند مانگی رابردوو دا هەمان گرفتی قەرەباڵخی بۆ ئەو مووچەخۆرانە دروستبووە کە لەو رێگەیەوە مووچەکە وەردەگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە