رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بودجەیەکی تایبەتی بە بڕی نزیکەی 33 ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ دابینکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024 نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆن پێویستی بە بەشە بودجەیەکی تایبەتە، بۆیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە زیاتر لە 50 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە کە دەکاتە نزیکەی 33 ملیۆن دۆلار."
رۆژی پێنجشەممە، 26ی ئەیلوول، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "هەر بەربژێرێکی سەربەخۆ بڕی یەک ملیۆن دیناری وەکو رسوومات بە کۆمیسیۆن داوە، هەروەها بڕی 250 هەزار دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و 60 هەزار دیناریشی بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوە، بەربژێرە سەربەخۆکان ژمارەیان 85 بەربژێرە و بە کۆی گشتیی بڕی '111 ملیۆن و 350 هەزار دینار'ـیان داوە."
13 حیزب و دوو هاوپەیمانیش بە هەزار و 106 بەربژێرەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشدارن، ئەو حیزب و هاوپەیمانێتییانە بۆ بەشداریکردنیان '75 ملیۆن دینار'ـیان داوە، جگە لەوەی بۆ هەر بەربژێرێکیشیان بڕی 310 هەزار دیناریان داوە، کەواتە کۆی گشتیی پارەی حیزب و هاوپەیمانێتییەکان بە بەربژێرەکانیانەوە '417 ملیۆن و 860 هەزار دینار' بووە.
کۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیەی کە حیزب، هاوپەیمانیی بە بەربژێرەکانیانەوە لەگەڵ بەربژێرە سەربەخۆکان داویانە بە کۆمیسیۆن و وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، بڕی '529 ملیۆن و 210 هەزار دینار' بووە.
مەروان محەممەد، رۆژی 26ـی ئەیلوول بە رووداوی گوت، "ئەو بڕە پارەیەی کە وەرگیراوە، جگە لە بەشی وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بۆ پێداچوونەوە و بەدواداچوونی ناوەکان وەرگیراون، بەشێکی دیکەی بۆ خەرجیی کۆمیسیۆن تەرخان دەکرێت و ئەوەشی کە دەمێنێتەوە، لە رێگەی لیژنەی دارایی کۆمیسیۆنەوە رەوانەی حکومەتی فیدڕاڵی دەکرێت."
20ـی تشرینى یەکەم دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بەڕێوەدەچێت. بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی 20 رۆژ بەردەوام دەبێت، واتە تاوەکو رۆژی 15ـی ئۆکتۆبەری 2024.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ