بەغدا 200 ملیار دیناری دیکەی بۆ هەرێمی کوردستان نارد

28-09-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەغدا 200 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نارد، کە سێیەم بەشی 700 ملیار دینارەکەیە و بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بەکاردەهێندرێت. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28-09-2023) لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بانکی بازرگانیی عێراق 200 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. 
 
ئەوە سێیەم بەشی 700 ملیار دینارەکەیە، کە حکومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەینێرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی 24ـی ئەیلوول بەغدا 250 ملیار دینار و رۆژی 25ـی ئەیلوولیش بڕی 250 ملیار دیناری دیکەی بۆ هەرێمی کوردستان نارد، بەو بڕە پارەی ئەمڕۆ دەکاتە 700 ملیار دینار کە بەغدا بە شێوەی قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی دەنێرێت. 
 
رۆژی 14ـی ئەم مانگە، شاندێک بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر سەردانی بەغدایان کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبوونەوە.
 
لەدوای سەردانەکەی شاندە باڵاکەی حکومەت بۆ بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
 
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، بۆ تەواوی ئەمساڵ، سێ قەرزی 700 ملیاری بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەو پارەیە مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب و ئەیلوول دەدات. ئێستاش دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز کردووە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە