رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند لەگەڵ هەولێر "گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی" بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەموارکردنی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و "گونجاندنیان لەگەڵ دەستوور،" گوتەبێژی کۆمەڵەی ئەو کۆمپانیایانە بە رووداوی راگەیاند، "هیچ پێشنیازێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە."
ئەمڕۆ شاندێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کۆبوونەوە.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە سەرۆکی شاندەکەیە، لە راگەیێدنراوێکدا گوتی، لەگەڵ هەولێر گەیشتوونەتە "رێککەوتنێکی سەرەتایی" بۆ ئەوەی گرێبەستی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن، "هەموار بکرێنەوە و لەگەڵ دەستووری عێراق بگونجێنرێن."
بەڵام مایڵز کاگینز، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند: "هیچ نووسراوێکی فەرمیمان لە بارەی دانوستاندنەکانی نێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی عێراق پێنەگەیشتووە."
عەتوانی، ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، بەغدا و هەولێر "وەک یەک لایەن" دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بکەن "بۆ ئەوەی گرێبەستەکانیان لە هاوبەشکردنی بەرهەمەوە بگۆڕدرێن بۆ بەشداریکردن لە قازانج."
لەو بارەیەوە، کاگینز بە رووداوی گوت: "ناوبەناو گوێمان لە هەندێ بەرپرس دەبێت دەڵێن رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە بۆ ئەوەی گرێبەستەکان هەمواربکرێنەوە، بەڵام لە راستیدا هیچ پێشنیازێکی نووسراوی فەرمیمان لە هیچ لایەکەوە پێنەگەیشتووە."
بەڵام کاگینز ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان "دڵخۆش و گەشبینن" بە دوایین قسەکانی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە رایگەیاندووە "چارەسەرکردنی کێشەی وەستانی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق تورکیاوە کاری لە پێشینەی منە."
عەتوانی لە راگەیێندراوەکەیدا گوتبووی: "بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێم گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ گرێبەستە نەوتییەکان تاوەکو لەگەڵ دەستووری عێراقی بگونجێنرێن، ئەوەش وەک رێگەخۆشکردنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم."
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە،"ئەوەی بەدی دەکرێت نیەتی جیدی هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم گرفتەکان،" دەشڵێت، " هەوڵدەدرێت هەردوولا بگەنە چارەسەری کۆتایی لەسەر ماف و شایستەداراییەکانی مووچەخۆران و پرسی گرێبەستە نەوتییەکانیش چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە."
گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت: "ئێمە بەردەوام داوای رێککەوتن دەکەین بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا دەستپێبکاتەوە."
لە کۆبوونەوەکەی هەولێردا، وەزیری سامانە سروشتیەکان، وەزیری پلاندانان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.
راگەیێندراوەکەی عەتوانی ئاماژە بەوە دەکات، دوای گەڕانەوەیان بۆ بەغدا، لیژنەکەیان "کار لەسەر دانانی بناخەیەکی تەندروست دەکات بۆ دانوستاندن و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، ئەوەش وەک پێداگرییەک لەسەر یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت هەر لەم ساڵەدا و نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێم"
هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکووک، لە 25ى ئادارى 2023وە لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا وەستاوە، ئەوەش لە ئەنجامی بڕیاری دادگەیەکی ناوبژیوانیی پاریس کە هەناردەکردنی نەوتەکەی بێ رەزامەندیی بەغدا لە لایەن ئەنقەرەوە بە نایاسایی دانا.
بە گوێرەی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، زیانی ئەو وەستانە بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان و عێراق، زیاتر لە 19 ملیار دۆلار بووە.
هەفتەی رابردوو، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی نەیهێشتووە تا ئێستا هەناردەکە دەستپێبکاتەوە، بەربەستێکی یاساییە.
وەک سوودانی روونیکردەوە، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک لە یاسای بودجەی عێراقدا، بە 8 دۆلار دانراوە. بەڵام لە گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە سەرووی 26 دۆلار دانراوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەوە، دەبێت یان یاسای بودجە یان گرێبەستەکان هەموار بکرێنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، کۆمپانیاکان هەموارکردنی گرێبەستەکان رەتدەکەنەوە. هەموارکردنەوەی یاسای بودجەش پێویستی بە سازانی سیاسی هەیە. گوتیشی کە دەکرێت پێش کۆتاییهاتنی ئەم ساڵ کێشەکە چارەسەربکرێت.
رۆژی 15-09-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە گوتی: ''حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوە، کێشە لە حکومەت[ی هەرێمی کوردستان] نییە، بەڵکو کێشە لە بەغدایە، ئەگەر نا ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئامادەین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ