رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شاندی بەغدا لە هەولێر رایگەیاند لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە "رێککەوتێنێکی سەرەتایی" بۆ ئەوەی کێشەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان "هەموار بکرێن و لەگەڵ دەستووری عێراقی بگونجێنرێن."
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی دۆسیەی نەوت، داهاتی دەروازە سنوورییەکان، یەکخستنی پێناسە گومرکییەکان و بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
عەتوانی هەروەها دەڵێت: "بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێم گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ گرێبەستە نەوتییەکان تاوەکو لەگەڵ دەستووری عێراقی بگونجێنرێن، ئەوەش وەک رێگەخۆشکردنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم."
بە گوتەی عەتوانی، بە پێی رێککەوتنەکە، هەولێر و بەغدا "وەک یەک لایەن" لەسەر ئەوە دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن "بۆ ئەوەی گرێبەستەکانیان لە هاوبەشکردنی بەرهەمەوە بگۆڕدرێن بۆ بەشداریکردن لە قازانج."
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەوەی بەدی دەکرێت نیەتی جیددی هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم گرفتەکان." دەشڵێت، " هەوڵدەدرێت هەردوولا بگەنە چارەسەری کۆتایی لەسەر ماف و شایستەداراییەکانی مووچەخۆران و پرسی گرێبەستە نەوتییەکانیش چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە."
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری سامانە سروشتیەکان، وەزیری پلاندانان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.
عەتوانی دەڵێت، دوای گەڕانەوەیان بۆ بەغدا، لیژنەکەیان "کار لەسەر دانانی بناخەیەکی تەندروست دەکات بۆ دانوستاندن و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، ئەوەش وەک پێداگرییەک لەسەر یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت هەر لەم ساڵەدا و نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێم[ی کوردستان]."
هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکووک، لە 25ى ئادارى 2023وە لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا وەستاوە، ئەوەش لە ئەنجامی بڕیاری دادگەیەکی ناوبژیوانیی پاریس کە هەناردەکردنی نەوتەکەی بێ رەزامەندیی بەغدا لەلایەن ئەنقەرەوە بە نایاسایی دانا.
بە گوێرەی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، زیانی ئەو وەستانە بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان و عێراق، زیاتر لە 19 ملیار دۆلار بووە.
هەفتەی رابردوو، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی نەیهێشتووە تا ئێستا هەناردەکە دەستپێبکاتەوە، بەربەستێکی یاساییە.
وەک سوودانی روونیکردەوە، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک لە یاسای بودجەی عێراقدا، بە 8 دۆلار دانراوە. بەڵام لە گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە سەرووی 26 دۆلار دانراوە، بۆ چارەسەرکدنی ئەوە، دەبێت یان یاسای بودجە یان گرێبەستەکان هەموار بکرێنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، کۆمپانیاکان هەموارکردنی گرێبەستەکان رەتدەکەنەوە. هەموارکردنەوەی یاسای بودجەش پێویستی بە سازانی سیاسی هەیە. گوتیشی کە دەکرێت پێش کۆتاییهاتنی ئەم ساڵ کێشەکە چارەسەربکرێت.
رۆژی 15-09-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە گوتی: ''حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوە، کێشە لە حکومەت[ی هەرێمی کوردستان] نییە، بەڵکو کێشە لە بەغدایە، ئەگەر نە ئێمە وەکو حکومەت ئامادەین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ