رێباز حەملان: تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەغدا 200 ملیارەکە دەنێرێت و مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشدەکرێت

25-09-2021
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و راژەی گشتی دەڵێت، ئەو 200 ملیار دینارەی کە عێراق مانگانە دەینێرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، کۆی داهاتی ناوخۆ و نەوت لەگەڵ ئەو 200 ملیار دینارە، هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا تاوەکو کۆتایی ساڵ مووچە دابەشدەکرێت.
 
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و راژەی گشتی لە پەراوێزی کۆنفرانسی "عێراق: قەدەرێکی تراژیدی" لەبارەی مووچەی فەرمانبەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنەکان بڕیاریاندا کە مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن و تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، ساڵی داهاتووش "بە دڵنیاییەوە حکومەتی عێراقی پێموایە قورسە بۆی کە بتوانێت دیسانەوە بودجە بۆ ساڵی 2022 ئامادە بکات، بۆیە هەمان میکانیزمی ساڵی 2021" جێبەجێدەکرێت.
 
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا رێباز حەملا دەڵێت، "ئێمە بە دڵنیاییەوە بە 200 ملیارەکە رازی نابین و داوا دەکەین بودجەی تەواوەتی خۆمان بدرێت ئێمە ئیلتیزاماتی خۆمان جێبەجێدەکەین، بۆیە ئێمە تموحمان زیاتر لە 200 ملیارە داوا دەکەین رێککەوتنی بودجە جێبەجێبکرێت.. و ماف و ئیمتیازاتەکانی هەرێمی کوردستان بدەن".
 
لە کۆتایی مانگی ئادار پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا. بەپێی یاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات، عێراقیش لە بەرامبەردا مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
دوای چەند مانگێک لە رێککەوتنەکە، بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکییەوە حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی نەنارد، ئەوەش بووە هۆی کورتهێنانی بودجە و بەردەوامبوونی لێبڕینی مووچە، تاوەکو ئەو کاتەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە وەکو سولفە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
لە هەرێمی کوردستاندا 1 ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە