لە هەولێر خواست لەسەر لیرەی خۆماڵی 'سێ هێندە' زیادبووە

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ماوەی رابردوودا، بازاڕی زێڕی لە هەرێمی کوردستان گەرمتر کردووە و خواست لە سەر کڕینی زێڕ زیادیکردووە، بە تایبەتیش کڕینی لیرە کە بە بەراورد لەگەڵ مانگەکانی رابردوو بە گوتەی بەشێک لە زێڕنگران، بۆ سێ هێندە بەرزبووەتەوە.
 
لە هەولێر حەوت کارگەی دروستکردنی لیرەی زێڕ هەن، ئێستا کاژێرەکانی کارکردنیان لە هەشت کاژێرەوە بووەتە 12 کاژێر، لە هەشتی بەیانییەوە تاوەکو هەشتی شەو کارگەکان کار دەکەن، ئەوەش بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر لیرەی زێڕ هەیە.
 
ئەحمەد کەرخی، خاوەن کارگەیەکی دروستکردنی لیرەی زێڕە لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دوای بەرزبونەوەی نرخی زێڕ پێشبینی ئەوەمان دەکرد خواست لە سەر لیرە زیاد بێت، "بەڵام نەک بەم شێوەیە کە سێ هێندە زیاد بووە."
 
بەر لە گرانبوونی زێڕ، ئەو زێڕنگەرە رۆژانە لە کارگەکەی نزیکەی نیو کیلۆ زێڕیان دەکردە لیرە، بەڵام دەڵێت، "ئێستا زیاتر لە دوو کیلۆیە و گوشارێکی زۆریشمان لەسەرە بۆ رۆژانی داهاتوو." ئەو پێشبینیی دەکات خواستەکە لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر بێت.
 
کەرخی باسی لەوە کرد، بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی هەیە، قاڵبی زێڕی عەیار 24 هاوردە دەکەن و لە کارگەکەیان دەیگۆڕن بۆ عەیار 21، دواتر دەیکەنە لیرە. گوتیشی: "لە کوردستان خواست لەسەر زێڕی عەیار 21 زۆرە." 

 

 
ئەحمەد حاجی جەلیل، کڕیاری لیرەیە لە بازاڕی هەولێر، بە رووداو گوت، زێڕ سەرمایەکی پارێزراوە لە هەموو روویەکەوە، لەگەڵ بازاڕی جیهانی و رۆژ دەڕوات و سەلامەتترە، بۆیە دەیکڕن. گوتیشی: "نازانین دوا رۆژی دیناری عێراقی و دۆلار بە کوێ دەگات، بۆیە من چەندی لە توانامدا بێت زێڕ دەکڕم، بە تایبەت لیرە."
 
هەڵۆ بەکر، زێڕنگەرێکی دیکەیە لە هەولێر، ئەو دەڵێت: ئێستا جموجوڵێکی باش لەنێو بازاڕدا هەیە و بە بەراورد لەگەڵ هەفتەی رابردوو سەردانی کڕیاران زیادی کردووە، بەشی هەرە زۆریشی داوای لیرە دەکەن.
 
بەپێی لێکدانەوەی ئەو زێڕنگەرە، پێشوتر لە 30%ـی کڕیارەکانیان داوای لیرەیان دەکرد، "بەڵام ئێستا رێژەکە بۆ زیاتر لە 70٪ بەرزبووەتەوە."
 
زێڕ کە وەکو خشڵ و رازاندنەوە لەلایەن خەڵکەوە بەکاردەهێندرێت، ئێستا مەبەستی کڕینەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەو زێڕنگەرە ئاماژەی بەوە کرد، مەبەستی ئێستا زیاتر بازرگانییە، چونکە زێڕ هەمیشە بەهای خۆی هەیە. "ئێستا بەشێک لە بووک و زاواکانیش لیرە دەکڕن لەبری زێڕی خشڵ و رازاندنەوە."
 
هەڵۆ بەکر گوتیشی، لەم هەفتەیەدا کڕیاریان هەبووە لە رۆژێکدا 130 لیرەی پێکەوە کڕیوە. کڕیاریان داوای لیرە دەکەن و هەر لە هەولێر بۆیان دروست دەکەین. 

 

 
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، خەڵک بۆیە زیاتر روویان لە کڕینی لیرە کردووە، چونکە حەقدەستی زۆر کەمە و بۆ هەر لیرەیەک پێنج هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام بۆ ملوانکە و بازن بۆ هەر گرامێک 10 دۆلار وەردەگیرێت و بەپێی جۆری داواکارییەکە بەرزدەبێتەوە.
 
دەشڵێت، تاوەکو بازاڕی جیهان و نرخی زێڕ جێگیر نەبێت، خواست لەسەر کڕینی زێڕ بەردەوام دەبێت.
 
پێچەوانەی چەند جاری پێشوو کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، خواست لەسەر کڕینی کەم دەبووەوە، بەڵام ئەمجار نرخەکەی هەرچەند بەرزدەبێتەوە، خواست لەسەر کڕینی زیاتر دەبێت.

 

 
دوای بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی، نرخی زێڕ ناجێگرە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بە نزیکەی دوو هەزار و 600 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و چاوەڕوان دەکرێت نرخەکەی زیاتر بەرزببێتەوە. 
 
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 555 هەزار دینارە. عەیار 18ـەش بە 475 هەزار دینارە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە