گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: سەرەتای هەفتەی داهاتوو ناردنی 700 ملیار دینارەکە دەستپێدەکات

19-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن مووچە هونەر جەمال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواو دەبن و بە چەند گوژمەیەک لە بەغداوە دەنێردرێت. گوتیشی، ''ئامادەکاریمان کردووە و بە گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین.''
 
رۆژی دووشەممە، 19-10-2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە رایگەیاند، ''سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێکارەکان تەواو دەکرێن و سێ بانکەکان بە چەند گوژمەیەک بڕە پارەکە [700 ملیار دینار] بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن.''
 
هونەر جەمال ئاماژەی بەوە کرد، ''هەرچی پێویست بێت بۆ ئەوەی پارەکە بە زووترین کات بگاتە هەرێمی کوردستان دەیکەین، ئامادەکاریمان کردووە هەر بە گەیشتنی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب بکەین.''
 
دوێنێ چوارشەممە 18ـی تشرینى یەکەمى 2023، هەردوو وەزیرانى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بوون بۆ تاوتوێ کردنى پرسی پشکى هەرێمى کوردستان و خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى و رادەستکردنى داهاتەکان.
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، ''هیچ شتێکمان بەدی نەکرد کە رێگرییەک بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبێت، تەنیا رێکارێکی رۆتینی نێوان وەزارەتی دارایی و بانکەکان هەیە و ئەویش لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا چارەسەر دەکرێت.''
 
لەم سەردانەدا، تەواوی ئەو زانیارییانەی کە داوا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کرابوو، بە وردی پێشکێشی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا، بەگوتەی هونەر جەمال، هیچ ناڕوونییەک لەسەر داتا و زانیارییەکان نەماوە و هەولێر و بەغدا لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو بڕگانەی لە یاسای بودجەدا تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون.
 
هەر دوێنێ چوارشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، جەختیکردەوە لە هاوهەڵوێستی هەردوولایان لەسەر کێشەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی. 
 
ئاوات شێخ جەناب گوتیشی، رێککەوتن کراوە هەرێمی کوردستان بودجەیەکی پلاندارێژراوی هەبێت. هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان باسی لەوە کرد، ''رەنگە هەندێک لە مادەکانی یاسای بودجەی گشتی گۆڕانکاری تێدا بکرێت.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، دەبێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەر بکرێت لە ململانێی سیاسی و پابەندیی نەوتی و نانەوتی. گوتیشی، ''وەک چۆن مووچەخۆرێک لە هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەردەگرێت، دەبێ لە هەرێمی کوردستانیش هەمان مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆران بکرێت.''
 
بە گوتەی هونەر جەمال، بۆ دەربازکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کێشە و ململانێی سیاسی پێویستە هەنگاوی دیکە بنێن، ''بەڵام ئێمە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە هەنگاوەکانی دیکەش دەکەین، ئەویش ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەشە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، سەبارەت بە هەموارکردنەوە [ـی یاسای بودجە]، بۆ ئەوەی ئەو بڕگە و مادانەی کە کێشەیان بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە، بە تەواوەتی چارەسەر بکرێن.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بۆ چارەسەری کێشەکان هەنگاوەکانیان خێراتر دەکەن، بۆ ئەوەی بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ و پشووی پەرلەمانی عێراق، یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، ''لانیکەم خەرجیی فیعلی یەکلایی بکرێتەوە کە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق یەکێکە لە گرفتە هەرە گەورەکان.'' 
 
جگە لە دەرهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی فیعلی، مەسەلەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتیش ناکۆکی لەسەرە، وەک هونەر جەمال گوتی، ''ئەم بابەتە لە یاسای بودجەدا زۆر بە خراپی باسکراوە کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەستووەتەوە.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە داهاتوودا شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقیش کۆدەبێتەوە و بابەتی تێچووی بەرهەمهێنان، دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت یەکلایی دەکەنەوە، ''بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش و کاتێک بابەتی هەمواری یاسای بودجە هاتەپێشەوە، بابەتی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش چارەسەر بکرێت.''
 
هەرێمی کوردستان، مانگانە پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی کارکردن لە رێگەی نێوان شکارتە - بالیسان، وێنە: فەیسبووک

رێگەوبانی راپەڕین: پێنج پرۆژە بە گوژمەی 2.5 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن

بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئیدارەی راپەڕین رایدەگەیێنێت، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار، پرۆژەی رێگەوبانیان لە سنوورەکە جێبەجێکردە. دەشڵێت، نەبوونی نەختینە گرفتی بۆ کارەکانی پرۆژەی رێگەی شکارتە -بالیسان دروستکردووە.